وتار

دەردە کورد

5/26/2020 10:48:00 AM 210 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس وەلی


ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێ بەرەنجامە. سیاسەتی حوکمڕانی و ئیدارەدانی کاروباری خەڵک لەماوەی کابینەکانی پێشودا ، پڕ لە کەموکوڕی و گەندەڵی بووە. شەفاف نەبووە، سامانی گشتی بەهەدەر دراوە، حکومەت پلانی نەبووە، پلانیشی هەبووبێت، جێبەجێی نەکردووە. دەستێوەردانی حیزب لەکاروباری حکومەتدا لە هەموو بوارەکاندا لە ئاستێکی ترسناکدا بووە. پەرلەمان و پەرلەمانتاڕان ئەرک و ڕۆڵی خۆیان فەرامۆش کردووە. شارەزاو پسپۆڕانی سەکتەرو بوارە جیاوازەکان فەرامۆش کرابوون..!
لەبری پسپۆڕان کەسانی ماستاوچی و جاهیل و خۆپەرست بووبونە چاوساغ وڕاوێژکاری حیزب و حکومەت و پەرلەمان..!
بەشێک لە میدیاکاری نەزان و نەخوێندەوار، پەلەمانتاری موهەڕیج، مامۆستای هیچەزان، دادوەری بەرتیلخۆر، دەستیان لەگەڵ سیاسەتمەداری چاوچنۆک و دوژمن بە وڵات و گەلی خۆ تێکەڵ کردوو،ئەم جەمعە پێکەوە وەک تیمێکی ڤایرۆسی کوشندە کەوتنە گیانی هیلاک و ماندوی ئەم گەل و نیشتیمانە..
سیاسەتی ڕۆژانەی حکومەت(بەهەموو کەبینەکانەوە) بێ هیچ پلانێکی دوورمەودا ، لەگەڵ کێشەو قەیرانی سیاسی نێوان حیزبەکان و، لەگەڵ کێشەو ئاستەنگە پارادۆکسیەکانی حکومەتەکانی ئیقلیم، جۆرێک لە مۆدێلی حوکمڕانی بۆ بەڕهەمهێناوین، کە بریتییە لە؛ "هەرێمێکی چوارپێنج شاری نزیک بە شەش ملیۆن دانیشتوان. "
هەرێمێک بچوکترین و سەرەتایترین ئامار و ئەرشیفی لەبەر دەستا نییە. هەرێمێک زیاتر لەملیۆنێک لە دانیشتوانەکەی موچەخۆری حکومەتە، باقیاتی تریش بەهیوای ئەوەیە حکومەت ، ئەرزەو ئیمتیازاتیان بداتێ..!
لەم هەرێمەدا
موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی
ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی ٤٣٠،٢٣١
پۆلیس و ئاساییش ١٠٤،٦٩٩
سەربازی ٢١٧،٩٧٩
............................
کۆی گشتی فەرمانبەر ٧٥٢،٩٥٩
شەھیدان ٩٦،٩٣٧
خانەنشین ٢٤٦،٢٦٩
کۆمەڵایەتی ١٥٩،١٥٨
................................
واتە کۆی گشتی موچەخۆران نزیکەی ١،٢٥٥،٢٧٣
بە مانایەکی تر و
بە پێی تایبەتمەندی و رێژەی فەرمانبەر لە وەزارەتەکان
پەروەردە ٢٢،٢٪‏
ناوخۆ ١٩،١٪‏
پێشمەرگە ١٨،٧٪‏
تەندروستی ٦،٥٪
لە هەرێمی کوردستاندا سەدان
زانکۆ هەیە، زیاتر لە
١٨٣٠٠٠ مامۆستامان هەیە..
بەدەیان هەزار دکتۆر و پارێزەر و ئەندازیار و ڕۆژنامەوان مان هەیە. بەدەیان و هەزاران سەرمایەدار و ملیاردارمان هەیە.
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانی ئابوریە پێوستە :
حکومەت پلانی هەبێ، پلانەکەش واقیعی کۆنکرێتی بێ، کاتی بۆ دیاری بکرێ و قابیلی جێبەجێکردنیش بێ و نەتیجەشی هەبێ.
بەر لەهەر شتێک پێوستە حکومەت بیر لە پەیداکردنی داهات بکاتەوە، لەڕێگای هەموو جۆرەکانی داهاتەوە، پێوستە حکومەت قەرزی گەورە لە سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ناوخۆ بکات.(بەشێکی هەرە زۆریان کۆمپانیایی حیزبین..!!)
پێوستە حکومەت پارەی قەرز لە بەڵێندەران و کۆمپانیا و سەرمایەدان بسێنێتەوە
هاوکات دەبێ حکومەت بە جورئەتەوە دەستکاری ڕێژەی موچەخۆران بکات. ڕیفۆرمی بنەڕەتی لە بواری دەرماڵەکاندا بکات.
دڵسۆزی، خەمخۆی، خۆبەخشی ببێتە دروشم و مۆدێلی هەموو لایەک. ئەمەش دەبێ هەموو حیزبەسیاسیەکان پشتگیری بکەن.
مانیفێستی ڕزگارکردنی نیشتمان لە قەیرانەکان بکەینە بەرنامە و کارنامەی حیزب و حکومەت. بەمانایەکی تر هەوڵی جددی بدەن بۆ کەمکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ نزیک لەو ڕێژە ستاندارتەی لە جیهاندا هەیە.
کەمکردنەوەی دەرماڵە و موچە پلەباڵاکان، کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت.
سیاسەتی تەقەشوف لەهەموو بوار و سەکتەرەکاندا پەیڕەو بکرێ.
پلانی ستراتیژی بۆ ئەڵتەرناتیڤی نەوت دابڕێژرێ.
دەتوانرێ هەرێمی کوردستان لەماوەی چوار ساڵدا بکرێتە خاوەنی ملیاردەها درەختی گوێز.زەیتون، سێو، جۆرەها میوەی دیکە، کەساڵانە هەزاران تەن بەرهەم و موشتەقاتەکانیان ببێتە داهاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی حکومەت.
زەیتون و بادەم، شیرەمەنی و گۆشتی پەلەوەڕ، گەشتوگوزار، وەرزش و کەرتی فەرهەنگ و فەرهەنگسازی...هتد دەکرێ ببنە ئەڵتەرناتیڤی نەوت.
حکومەت لە هەموو جیهانی پێشکەوتودا، دەرفەت بۆ هاوڵاتیان ساز دەکات، خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ گشت کۆمەڵگاو دانیشتوانەکەی دابین دەکات.ئەرکی حکومەتە کار بۆ گەنجان دابین بکات، ژیانی شایستە بۆ پیرو بەساڵاچوان و خاوەن پێداویستی تایبەت فەراهەم بکات.
حکومەت دەبێ یاساکان جێبەجێ بکات، پارێزگاری لەماڵ و ئاسایشی هاوڵاتیەکانی بکات ، نەک بە پێچەوانەوە. حکومەت نابێ شاگردی حیزب بێت..!
ئەم هێرشانە بۆ سەر گۆڕان و گۆڕانخوزان (کە بەندەش کراومەتە ئامانج) بەشێکن لە سیاسەتێکی ئیقلیمی دژ بە گەشەسەندن و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان. بەشێکیشیان بریتین لەو نەخۆشییەی کە بە (دەردە کورد )ناسراوە لە ئەدبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستاندا.
ئەوانە گرنگن ئێمە بەهەند وەریان بگرین، بەکۆمەک و هەماهەنگی و هاریکاری هەموان. لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئێمە سوربین، پشودرێژ بین، موکوڕبین لەسەر بەرنامە و پڕۆژە بنەڕەتیەکەی خۆمان.. پڕۆژەی گۆڕینی کۆمەڵگای کوردستان لە دۆخێکی چەقبەستوی پڕ لە جەهل و دواکەوتویی و خۆخۆری بۆ دۆخێکی پڕ لە گەشەسەندن و پێشکەوتن و یەکتر قەبوڵکردن و ئازادی .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement