354وتار

لەیادی دامەزراندنی یەکێتیدا (2023)

6/1/2023 9:00:00 PM
ئاری هەرسین

 

ئەم گوتارە پیرۆزباییەکی سادە نییە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، بەڵکو زیاتر سەیرکردنێکی هەلومەرجی ئێستای (هەرێم)ی کوردستانەو ڕۆڵی یەکێتیە، لەدیدگای کەسێک، کە بۆ یەک ڕۆژیش لەژیانیا، نە جەلالی‌و نە یەکێتیش بوە.

پێش هەرشتێک، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو یەکێتیانە ئەکەم کە کوڕ، برا، باوک، خوشک، مام، خاڵ‌و کەسانی ئەزیزی خۆیان لەدەستدا لەپێناو خۆشبەختی گەل‌و سەرفرازیی خاکی پیرۆزی کوردستان لەڕێگەی خۆبەستنەوەیان بەڕیزی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. ئینجا پیرۆزبایی لەو ئینسانە خۆنەویستانە ئەکەم، کە بەبڕینی هەورازو بەسەرما، گەرماو برسێتی، هەژاری گیرفان، شەونخونی، ئاوارەیی، ترس لەمردن‌و ئازاری فیشەک، درێژەیان بەشۆڕشداو، تەسلیمی زاڵم نەبون. هەرچەنە بەشێکی زۆری وزەی ئەم قوربانیانە، لە شەڕی نەگریسی براکوژی‌و لەپێناو (هیچ)دا بەهەدەرچوو… بەداخەوە.

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەرێمی کوردستانی عێراق حاڵەتێکی دوو ئیدارەیی بەسەر ئەبات. پارتی‌و یەکێتی گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمی عەقڵیەتی کۆن. گەڕاونەتەوە بۆ سەردە مێکی کۆن، کە جێی شانازی نییە… سەردەمی عەقڵیەتی یەکتر قبوڵنەکردن… سەردەمی لوتبەرزی… سەردەمی خۆ لەمیللەت‌و نیشتمان بەزلتر زانین. 

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، کورد مەبدەئی خزمەتکارو کۆیلەیی عەرەبی پێپەتی هەڵبژاردوە. یەکێتی‌و پارتی پێشبڕکێی دۆستایەتی عەرەبی شۆڤێنیست لەگەڵ یەکتر لەبەغدا ئەکەن (بەشیعەو سونەشیەوە). 

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانداو لەشاری سلێمانی، شتێک دروستبوە بەناوی نەوەی نوێ‌و کەس نازانێ باوک‌و دایکی (سیاسی) ئەم نەوەی نوێیە کێیە (بۆیە ئەڵێم شت چونکە نەوەی نوێ نە حزبەو نە ڕێکخراوێکی سیاسیە هەتا بیروباوەڕو بەرنامەی هەبێت، بۆیە بەس شتەو هیچی تر). هەندێک کەس ئەڵێن پاراستن‌و پارتی نەوەی نوێی دروستکردوە، هەندێک ئەڵێن یەکێتی دەوڵەمەندی کردوەو دروستکراوی خۆیەتی، هەندێکیش ئەڵێن ئەمریکیەکان دروستیانکردوە. ئەگەر پاراستن‌و پارتی دروستکەری ئەم شتەبن ئەوا زۆر کورت بینن. ئەگەر یەکێتی ئەم شتەی دروستکردبێت بەمەبەستی لاوازکردنی لایەنەکانی تر، ئەوا ئەوەندەی تر فەزای سیاسی سلێمانی بەرەو پۆپۆلیزم ئەبات.

خەڵک ئەڵێن: سەیرە ساحێبی کۆشکی نەوەی نوێ پارەی کارەباو پشکی هاوبەشەکانی چاڤیلەند نادات‌و کەچی نە حکومەتەکەی کاک قوباد تاڵەبانی‌و نە عەنتەریاتەکەی کاک بافڵ تاڵەبانی دەرەقەتی نایەن…! خەڵک ئەڵێن: ساحێبی کۆشکەکەی نەوەی نوێ شەریکی هەندێک لەبرادەرانی یەکێتیە…! خەڵک ئەڵێن: ئەگەر یەکێتی لەپیاو کوشتن بێت پێویستناکات فیشەکەکە بنێت بەڕانی کەسێکەوە، بۆ نەینا بەسەریەوە؟.

بڕواش ناکەم ئەمریکیەکان ئەوەندە بێ عەقڵ بن قومار لەسەر وەرەقەیەکی سوتاو بکەن. ئەگەر واش بکەن، ئەوا ئەم شتە وەک خزمەتکارێک سەیر ئەکەن‌و بۆ مەرامی خۆیان بەکاری ئەهێنن‌و هەرکات ئیشیان پێی نەما توڕی ئەدەنە ناو زبڵدانەوە. بۆ ئێران‌و تورکیاش بێگومان بەهەمانشێوە. 

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر پێویستی بەیەکێتی نەماوە، چونکە هێزەکانی پەکەکەی بەجۆرێک لەهەورامان، شارەزور، شاڕباژێڕو پشدەر جێگیرکردوە کە بەئیعازێکی بیسیمی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەماوەی لەکەمتر لە24 کاتژمێردا پەکەکە هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەگرێتە ژێردەست‌و ئینجا بەناوی کوردایەتیشەوە ناوی کانتۆنی سلێمانی لێ ئەنێت. ئەوکاتەش، تەنانەت یەک (بەناو) ڕۆشنبیری‌و (بەناو) پۆست مۆدێرنەی کوردیش بەپەکەکە  ناڵێت لەپێناوی چیدا وا ئەکەیت؟…!

پارتی‌و یەکێتی کاتێک گەورە ئەبن کە خزمەتکاری خەڵکی کوردبن… هەموو قەسرو سەروەت‌و دەسەڵاتەکانی تری ژیان (بۆ کەسانی سیاسی کورد) کاتێک بایەخیان هەیە کە لەخزمەتی خەڵکی کوردو تاپۆی ڕەشی خاکی پیرۆزی کوردستانابن. خاکی پیرۆزی کوردستان موڵکی گشتیە، بیناو کێڵگەی  ماڵی ئەوکەسانەی کە بەپارە کڕیویانەو شوێنی نیشتەجێبون‌و بازرگانیان لەسەر دروستکردوە موڵکی خۆیانە، بەڵام زەویەکەی قابیلی کڕین‌و فرۆشتن نییە، چونکە کوردستانە… کوردستان تەنها موڵکی هەموو کوردەو یەک تاقە بستیشی بۆ فرۆشتن نییە. کوردستان ئەوەندە پیرۆزە کە نرخەکەی بەهەموو دراوو زێڕو گەوهەری دونیا ناپێورێت، نرخی مەترێک لەزەوی کوردستان بەرامبەری هەموو ئەوروپاو ئەمریکایە.

قیمەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەخۆشبەختی کوردو سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستانەوەیە، هەر ئەوەو بەس. ئەگەر یەکێتی حەزی لەگەورەبون‌و بەهێزبونە، ئەبێت دڵی خەڵکی کورد ڕازی بکات‌و سەروەری خاک بپارێزێت، چونکە سەرکەوتن تەنها لەوێدایە.

پیرۆزە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن