542وتار

دیبەیتێكی كورت لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێم

4/23/2020 1:07:00 PM
ئاری هەرسین

سەرۆكی هەرێم كەسایەتیەكی سیاسی مۆدێرنە (مۆدێرنەش بە ماناكەی لە هەلومەرجی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانی سێهەم). ئەو دەزانێت و دەتوانێت، لەدەرەوەی فەرهەنگی دەست بۆ نەبردوی ئێمە بیر بكاتەوە و، جورئەتی ئەوەی هەیە لەدەرەوەی ترادیسیۆن (سوننەت) خەو ببینێت و جێبەجێی بكات. 

سەرۆكی هەرێم خۆی لە خۆیدا كەسێكی ڕیفۆرمیستە، هەرچەندە هەندێكجار ئێمەی پارتیش لەوانەیە بە زەحمەت لەگەڵیدا بڕۆین. بە كورتی سەرۆكی هەرێم تەنیا هێزێكی سیاسی ژیرە كە دەتوانێت (گەر هەمومان هاوكار بین) ئیدارەكە بكاتەوە بە یەك. 

لە دوا كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێزیان دەستەواژەی (سفر ئیدارە)ی بەكار هێنا. مەبەستی ئەم گوتارە هەڵوێستەیەكە لەسەر ئەو دەستەواژەیە.

هەندێك كەس تەفسیری ئەو دەستەواژەیە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەو جۆرە دەكەن، كە گوایا دوو ئیدارەیی وجودی نییە و نابێت كەس باسی لێوە بكات. 

دوو ئیدارەیی هەیە. چونكە ئەگەر دوو ئیدارەیی نەبوایە، چ پێویستی دەكرد كابینە لە دوای كابینە هەوڵی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بدات؟… ئەگەر دوو ئیدارەیی نیە بۆچی وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی بەسەر كارمەندێكی وەزارەتەكەی لەودیو دێگەڵەدا نیە؟… بۆچی یەكێتیەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە كارمەندێكی حكومی سەر بە حیزبەكەیان ئەگەر تەزكیەی ئێمەی (پارتی) پێ نەبێت لە قەزایەكەوە بۆ قەزایەك (لەم دیو دێگەڵە) ناگوێزرێتەوە؟… بۆچی دەزگای پاراستن و زانیاری لە دوو عالەمی جیاوازدا دەژین؟… بۆچی وەزارەتی دارایی ناوەندی كۆكردنەوە و دابەشكردنی پارە نیە و، هەتا ئێستاش میزانیەی مانگانەی حكومەت دەكرێتە دوو بەشی ئەمدیو و ئەودیوی دێگەڵە؟… بۆچی هەتا ئێستاش بارەگای ئێمە لە دوكان و بارەگای یەكێتی لە مەسیف قەدەغەیە؟

حەز كردن لە دوو ئیدارەیی و دەستنیشانكردنی ئاسەوارەكانی دوو شتی زۆر لێك جیاوازن. من هەتا مردن بە ئارەزوی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانەوە دەژیم، چجای ئارەزوی لەتبوونی نیشتیمانەكەم بكەم.  بەندە، ئیجالەتەن، بە پێچەوانەی بۆچونی بەڕێز سەرۆكی هەرێم، وادەبینم كە لە ئێستادا ئەو (ئیدارە سفرە) هەیە. چونكە تەفسیری بەندە بۆ ئیدارەی سفر ئەو ئیدارەیەیە كە ڕێگە لە بەرەو پێشچوون دەگرێت، ئیتر هەر پاشكۆیەكی ژمارە یی (یەك یان دوو ) پێشگری بێت. ئیدارە یەك بێت، دوو بێت، سێ بێت و هەزار بێت گرنگ نیە، كێشە ئەو كاتە دروست دەبێت كە ئەم ئیدارانە نوێنەرایەتی نیشتیمان و میللەتێكی سەربەخۆ نەكەن و جۆگەلەكانیان نەچنە ناو یەك ئەستێڵكی نیشتیمانەوە.

ئیدارەی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمەریكا، ئیسپانیا، پاكستان، نەمسا و زۆری تریش یەك ئیدارەیی نیە بەو مانایەی كە ئێمە پێناسەی دەكەین، كەچی فۆرمالیتەی حوكمڕانی باش بەڕێوە دەچێت و ئەم كێشانەی ئێمەیان نیە. هۆكاری سەرەكی ئەوەش ئەوەیە كە ئەو وڵاتانە دەوڵەتی سەربەخۆن و لایەنە سیاسیەكانیان (حیزبەكانیان) متمانەیان بە یەكدی هەیە وهاوڵاتی نیشتیمانیان ئامانجیانە.

ژیرانەیە لە خۆمان بپرسین ئەم ئیدارەیەی ئێستا و پێشوتری حكومەتی هەرێم چیە؟… یەكە؟… دوە؟… یان سفرە؟…

بە ئاشكرا ئەم هەرێمە یەك ئیدارە نیە، بەڵام دوو ئیدارەش نیە. ئەی چیە؟

بەندە پێم وایە ئەو سفر ئیدارەییەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم باسی لێوە دەكات لە داهاتوودا نیە، بەڵكو ئەم هەل و مەرجە مەترسیدارە یە كە ئێمە ئێستا شایەتحاڵیین. سفر ئەمەیە كە ڕێنمایی و فرمانی پایتەخت، لە زاخۆ، سۆران، رانیە، سلێمانی یان كەلار بە شێوازی جیاواز تەعامولی لەگەڵدا بكرێت، ئەمەیە سفر. سفر ئەوەیە كە نە لامەركەزی هەبێت و نە مەركەزیەتێكی بەهێز.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن