زمانی کوردی: پێشکەوتنێکی تر، سەرکەوتنێکی تر، چاوەڕوانیی دیکەیش
5/15/2022 8:02:00 PM
فهرهاد شاكهلی
پێرێ ئەو هەواڵە بڵاوکرایەوە کە گووگڵ بڕیاری داوە [کوردیی ناوەندی] ببێتە یەکێک
لەو زمانانەی کە لە بەرنامەی [Google Translate] دا لە کاردا دەبێت
و لە وەرگێڕانی نێوان کوردی و زمانانی دیکەدا دەکرێ سوودی لێ وەربگیردرێت.
پێشەکی لە دڵەوە پیرۆزبایی لەو لاوە خۆشەویستانەی کورد دەکەم کە کۆڵنەدەرانە
و عاشقانە توانییان ئەم گەنجینە بەنرخە ببەخشن بە نەتەوەی کورد و بە سامانی فەرهەنگیی
کورد. دەستتان خۆش کچان و کوڕانی لێهاتوو، نموونەتان زۆر بێت. هەروەهایش پیرۆزبایی
لە هەموو کوردێک دەکەم کە زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێت.
ئەم کارە سەرەتایەکی خۆشیبەخش و جێی شانازییە، بەڵام وەک هەر سەرەتایەک دەبێ
هەنگاوی دیکەی بە دوادا بێت و دەبێ بە کاری قووڵتر، زانستیتر و ڕاستتر دەوڵەمەند
بکرێت و بپارێزرێت.
پێم خۆشە بەم بۆنەیەوە چەند سەرنجێک لەبارەی ئەم ڕووداوەوە دەرببڕم و هیوادارم
ئەو لاوانەی کارەکەیان ئەنجام داوە، هەروەهایش دەستەڵاتی سیاسیی کورد و خوێنەوار و
ڕووناکبیرانی کورد، سوودی لێ وەربگرن:
یەکەم: بەکارهێنانی ئاوەڵناوی [سۆرانی] لەگەڵ ناوی زمانی کوردیدا هەڵەیەکە
و نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە. بە ڕاستی ناوهێنانی ئەو شێوەیەی
زمانی کوردی وەک سۆرانی، سووکایەتیکردنە بە کورد و بە زمانی کوردی. لە ماوەی چەند
سەدەدا لەناو کوردناساندا هەمیشە بەو شێوەیەی زمانی کوردی وتراوە [کوردیی ناوەندی:
Central Kurdish]. ئەوانەی پێی دەڵێن [سۆرانی] دوو جۆرن؛ یا لە نەزانینەوەیە
یا هەڵوێستێکی ناحەزانە و نادۆستانەیان بەرانبەر ئەو شێوەیە و ئاخێوەرانی هەیە. دەبێ
لاوانی خاوەن پرۆژەکە، بەڕێوەبەرانی گووگڵ تێبگەیێنن کە دەبێ ناوە ڕەسمییەکەی
[کوردیی ناوەندی: Central Kurdish] بێت. بۆ ئەوەی
هەردوو شێوە کوردییەکەی گووگڵ پێکەوە ببینرێن، دەتوانن وای بنووسن:
Kurdish (Central) . [کوردیی ناوەندی]، بۆ ئەوەی بە هەڵەی تێینەگەن،
تێرمێکە لە جیۆگرافیای زمانەکەوە هاتووە، چونکە تاکە شێوەی زمانی کوردییە کە ڕێک دەکەوێتە
ناوەندی کوردستانەوە.
دووەم: ئەو گەنجینە وشە و دەربڕینە کوردییانەی ئێستا لە بەرنامەکەدا لە بەردەستدان،
دەبێ چاوی پێدا بگێڕنەوە، چونکە دڵنیام زۆر لایەنی لاواز و بگرە هەڵەیشی تێدان. پێش
تاوێک، هەر بۆ نموونە، وشەی [Culture]ی ئینگلیزیم
دانا، دەبینم بۆ بەرانبەرە کوردییەکەی دەڵێ [کەلتوور]، لە کاتێکدا [Culture]ی ئینگلیزی واتای زۆرتری هەیە و [کەلتوور] وەرگێرانێکی
باش/ڕاست نییە. ئەگەر هەر دایدەنێن، با ببێتە دوایین هەڵبژاردە، نەک تاکە هەڵبژاردە.
[Culture]ی ئینگلیزی لە کوردیدا دەبێتە [فەرهەنگ، شارستانەتی، نەریت]،
دوای ئەوانە دەکرێ [کەلتوور و ڕۆشنبیری]یش دابنرێن. دیارە [فەرهەنگ] باشترین و ڕاستترین
وشەیە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە وشەی [فەرهەنگ] لە تێکستێکدا بە زمانی پەهلەوی بە کار
براوە و تێکستەکەیش ناوی کوردی تێدا هێنراوە. زمانانی پەهلەوی و ئاڤێستا دوو نزیکترین
زمانی کۆنی ئێرانین لە زمانی کوردییەوە.
سێیەم: زۆر گرنگە لە ئێستاوە ڕێنووسێکی باش و ڕاست و زانستی بە کار ببرێت.
دەزانم بۆ ئەو لاوە خۆشەویستانە، ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، ئەگەر نەڵێم ئەرکێکی سەختە.
ئەمڕۆ بە دەیان کەس خۆیان وەک زمانزانی کورد و وەک شارەزای بواری ڕێنووس و ڕێزمان
دەبەنە پێشەوە و خۆ دەنوێنن، بەڵام بەشی زۆریان نە زمانناسن، نە کوردیزانن، نە شارەزای
ڕێزمان و ڕێنووسن. کار و بەرهەمی هەندێکیان، زیانێکی گەورەی گەیاندووە و دەگەیێنێتە
زمانی کوردی.
دروود بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی و بۆ هەموو ئەوانەی خۆشیان دەوێت و وەک نیشانەیەکی
بەرز و پیرۆز دەیبینن