705وتار

دەرەنجامەکانی خۆپیشاندانی خوێندکاران

11/29/2021 2:28:00 PM
زەعیم جاف


ناڕەزایەتی و فشارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خوێندکاران ئەنجامی گەورەی هەبووە.
داواکاریەکانی خوێندکاران پاکێجێک بوو لە داواکاری، داواکارییە سەرەکیەکان بۆ دەرماڵە و خزمەتگوزاری بوو.
لە گەڵیشیدا باسی دەرهێنانی دەستی حیزب و ڕیفۆرم لە سیستم و ناو وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرا.
کە تاوەکو ئەم ساتە دیار نییە ئایا داخوازیەکانی خوێندکاران وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.

بەڵام هەندێک شتی بەدوای خۆیدا هێنا کە بریتی نەبوون لە داواکاری و داخوازی خوێندکاران بەڵام خۆپیشاندانەکان و بەرفراوانی و ئەو کۆدەنگیەی کە لەسەری دروست بوو بوو توانی هەندێک گۆڕانکاری گەورە دروست بکات، کە بەدرێژایی ٣٠ ساڵی حکومڕانی کوردی شتی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە، بەڵام شەپۆلەکە توانی ئەوە ئەنجام بدات و بەناچاری حکومەت و حیزب و کۆمەڵگەش بخاتە ژێر باری قبوڵکردنی ئەو گۆڕانکاریانەوە کە بریتین لەمانە:

١.گۆرانکاری لە دابەش بوونی ڕۆڵ و پێگە و کاریگەری نێوان ژن و پیاو لە گەیاندنی پەیام و داواکاری و سەلماندنی خود لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا لە نمونەی ئاپۆڕا و کۆبونەوەی جەماوەریدا، کەدەکرێت لە بابەتی جێندەریدا قسەی زیاتری لەسەر بکرێت چونکە جیاوازیەکە لەگەڵ ڕابردوودا زۆر گەورەیە.

٢.گوێگرتنی دەسەڵاتدارانی حیزبی و حکومی و تەرخانکردنی کات بۆ هاوڵاتیان و لەناویشیدا توێژی خوێندکار وەکو بەشێکی بەئاگای کۆمەڵگە.

٣.داوای لێبوردنی حکومەت لە خوێندکاران، کە بۆ یەکەمجارە شتی لەو شێوەیە ڕووبدات، و ئەکرێت بکرێتە سەرەتایەک بۆ نزیکبوونەوەی خەڵک و حکومەت.

٤.هاتنەسەر خەتی کۆی دامەزراوە حکومیەکان و لایەنە سیاسیەکان و گروپ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و کۆدەنگی لەسەر بابەتێکی دیاریکراو کە بریتییە لە داخوازیەکانی خوێندکاران، کەئەمە پێمان دەڵێت ئەو کۆدەنگییە چەندە گرنگە لە هەموو پرسەکاندا.

٥.گۆڕینی تێڕوانینی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بەگشتی لەسەر خوێندکاری زانکۆ و بەتایبەتی لەسەر ئەو جیلەی کە تێڕوانینێکی خراپ و نازانستی و نامەنتیقی لەسەر دروست بوو بوو لەلایەن جیلی پێشتر و جیلە محافزکارەکەوە.

ئەم ئەنجامانە دەکرێت ببنە هەوێنی چەندین توێژینەوەی گرنگ لە بوارە جیاجیاکاندا.
ئەم ئەنجامانە ماددی نین و لەمس ناکرێن بەڵام کاریگەری گەورە و مێژووی بەجێدەهێڵن.

ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی دڵخۆشی بوو یەکەم ئەو بەشداریە کارایەی خوێندکارە کچەکان بوو کە بە ورەیەکی پۆڵاین و چاونەترسیەکی لە ڕادەبەدەرەوە داوای مافەکانی خۆیانیان دەکرد و گوڕ و تینێکی ئەفسوناویان بەخشیبوو بە کۆبونەوەکان و بەڕاستی ڕۆڵێ پێشڕەوی خۆپیشاندانیان بینی.

دووەم بابەتی گوێگرتن و نزیکبوونەوەی نێوان خوێندکاران بوو لە دەسەڵاتدارانی حیزبی و حکومی سەرەڕای زۆری تێبینیەکانمان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن