گۆڕان لە نێوان بزوتنەوە و حیزبدا
10/20/2021 11:34:00 AM
شۆڕش حەمید
سروشتی هەر حیزبێک بەگوێرەی سەردەمی دروستبونی و شێوازی خەباتی سیاسی دەگۆڕێت. گۆڕان چونکە بەر لەبەحیزببونی بزاڤێکی جەماوەری و خواستێکی گشتگیری چاکسازی بو لە سیستەم و کارەکتەری سیاسی و سیاسەتدا، هەر هەوڵێک بۆ شیکاریکردن و راڤەکردنی هۆکارەکانی دەنگنەهێنانی و نەتوانینی بەشداریکردن لە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرایەتی بەغدا، دەبێت بە رەچاوکردنی خواست و ئیرادەی گۆڕانکاریبێت لای خەڵکی هەرێمی کوردستان.
بۆیە کاتێک دەنگدەری گۆڕانکاری بەشێوەیەکی بەرچاو نائومێد دەبێت لە حیزبە کوردستانییەکان و لەپێش هەموشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕان ، چیتر بایکۆتی دەنگدان دەکات و جۆرێک لە نەئی (نەخێری) بەکۆمەڵ و ئاشکرا دەخاتەڕو. لێرەوە سزادانی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خەڵکەوە ئەوە بەرونی دەردەخات کە گۆڕان لە هەنگاوی گواستنەوەی بزوتنەوەکەوە بۆ حیزبێکی سیاسی سەرکەوتونەبوە.
قەیرانەکانی ناوخۆی هەرێم زیادیانکردوە و چارەسەرنەبون، خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسی زیاتر بێزارە بەبەراورد بە دەیەیەک لەمەوبەر، بەڵام هاوکاتیش گۆڕان وەک حیزب هیچ متمانەیەکی ئەوتۆی خەڵکی نارازی و چاکسازیخواز بەدەست ناهێنێت. لێرەدا بەرپرسیارێتی تەواو دەکەوێتە سەرشانی سەرجەم بەرپرسە حیزبییەکان کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە چی وا بەهەڵەدا بردنی لە گواستنەوە بزوتنەوەیەک بۆ بون بەحیزب کە رێژەی نارەزایی بزوتنەوەکە لە حیزبەکە بەو ئاستە بەرزبێت؟ ، کامانەن ئەو بەربەستانەی کە حیزبیان لە جەماوەرەکەی دابڕیوە؟ ، بۆچی بڕیارەکانی گۆڕان وەک حیزب هێندە دژ بە خواستی بزوتنەوەکەی بووە؟ ، بۆ گۆڕان کە دەبێتە حیزب جەماوەرەکەی خۆی بەخاوەنی نازانێت؟ ئەی ئەوانەی ستراتیژی ناو حکومەت و پۆستەکانی گۆڕانیان یەکلایی دەکردەوە بۆ ئەوەنە جیاواز لە خواستی راستەقینەی دەنگدەرەکانی بزوتنەوەکە رەفتاریانکردوە؟
پرسیارگەلێکی زۆرهەن کەدەبێت سەرکردایەتی گۆڕان وەڵامی بداتەوە ، تەنها ئەوەندە بەسنییە کە ئەرکەکانیان هەڵپەسێرن بەڵکو دەبێت لەبەردەمی میدیا و جەماوەرەکەیدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. هەر هەنگاوێک بۆ لێنەپرسینەوەی بەرپرسە حیزبی و حکومییەکانی گۆڕان و ئاشکرانەکردنی ستراتیژی ئەو سەرکردایەتییە کە ئەم نوشستییەی دروستکرد ، راکردنە لە نوێنەرایەتیکردنی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان ، بگرە پلان و نەخشەی هەمان سەرکردایەتییە بۆ بەلاڕێدابردنی دەستنیشانکردنی هۆکارەکان کە بێگومانین تەکتیکێکی سەدجار دوبارەکراوەی پێشتردەبێت و سزای گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت لەلایەن جەماوەری بزوتنەوەکەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان بەرەیەکی چاکسازی فراوانە کە دەنگدەرەکانی بەسەر و ماڵی خۆیان گیانبازیان لەپیناویدا کردوە و باجی قورسیان داوە. بۆیە پێشنیار دەکەین چەند هەنگاوێکی خێرابنرێت وەک سەرەتا:
یەکەم: کشانەوەی سەرجەمی تیمەکەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان .
دوەم: هەڵپەساردنی جڤاتی نیشتیمانی
سێهەم: پێکهێانی لیژنەیەک لە گۆڕانخوازە دیارەکان کە هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومیان لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە وەرنەگرتبێت.
ئەم لیژنەیە ئەرکی کۆکردنەوەی گۆڕانخوازە سەرەتاییەکان لە ئەستۆ بگرێت و لیژنەیتر دروستبکات بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی گۆڕان وەک حیزب لە بوارەکانی دارایی،خزمگەرایی،پێشێلکارییە قانونییەکان و بەلارێدابردنی گۆران بۆ مەرام و خواستیتر لەدەرەوەی ستراتیژ و بەرژەوەندییەکانی بزوتنەوەکە.
تەنها لەم رێگایەوە بزوتنەوەی گۆران لەلایەن جەماوەرەکەیەوە خاوەندارێتی دەکرێت و متمانەی پێدەبەخشرێت وەک حیزب.
بەو ئومێدەین بەسنگێکی فراوانەوە کاربۆجێبەجێکردنی ئەوخاڵانەی سەرەوە بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی
دەنگدەران وگۆڕانخوازان.