چیرۆکی خوێناوی ڕۆژی ئایار کە بوو بە جەژن بۆ کرێکاران
5/1/2021 3:25:00 PM
نۆڤین مەجید ساڵح
ئاهەنگەکان لە یەکی ئایاردا ماوەیەکی زۆرە دوو واتای جیاواز و
دژ بەیەک هەڵدەگرێت، لە لایەک ڕۆژی ئایار ناسراوە بە مەیپۆلەکان کە زۆربەی وڵاتە
ئەورووپیەکان لەو ڕۆژەدا بە سەماکانیان ئاهەنگ ساز دەکەن وبە گوڵ پێشوازی لە
بەهاردەکەن . لە لایەکەی ترەوە ڕۆژی هاوبەستی و ناڕەزایەتی کرێکارانە. هەرچەندە
ئەمریکا ئەم ڕۆژەی بە فەرمی نەکردوە بە ڕۆژی کرێکاران، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی
جیهان بە فەرمی ڕۆژی یەکی ئایار بە جەژنی کرێکار دادەنێن.
چۆن ئەوە ڕوویدا یەکی ئایار ببێت بە ڕۆژی کرێکاران؟
وەک چەندین رووداوی مێژوویی دیکە ،
یەکی ئایاریش بە ڕێکەوت رویدا . گۆڤاری (تایم) لە ساڵی 1929 دا ڕوونی کردەوە ،
" بۆ کۆنەپارێزان ، ڕۆژی ئایار واتە گوڵ ، گیا ، سەیران ، منداڵ. بۆ
سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان واتا وتاردروستکردن و ئیفلیجکردن و بۆمب و توندوتیژی
ویژدانی. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی یەکی ئایاری ،1886 کە زیاد لە
٢٠٠٠٠٠ کارکەر لە سەرانسەری ئەمریکا
دەستیان بە مان گرتن کرد لە پێناوی ئەوەی کاتی کاریان کەم بکرێتەوە بۆ ٨ کاتژمێر.
لە یەکی ئایاری 1886 دا،
کاری کرێکاران تەنها مانگرتن نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لەوەی کە بە کاروباری
هایمارکێت ناسراوە. لە یەکی ئایاری ئەو ساڵەدا شاری شیکاگۆ ( هاوتای شارەکانی تر )
شوێنی خۆپیشاندانی یەکێتی کرێکاران بوو بۆ پشتیوانی لە کاتی کاری هەشت سەعاتی.
بڕیار درابوو کە خۆپێشاندانەکانی شیکاگۆ تەنها چەند رۆژێکی کەم بخایەنێت. بەڵام لە
3ی ئایار، مانگرتن لە کارگەی (مکۆرمیک ریپەر) دادی کرێکارانی نەدا و دەستیان کرد
بە بەکار هێنانی توندوتیژی و تێکدانی ناوچەکە، بەهۆی ئەوەی هەستیان کرد کە پشتگوێ
خراون. گۆڤاری (تایم) بەم جۆرە وەسفی ئەو ڕۆژە دەکات:
''
چەند خولەکێک دوای کاتژمێر ١٠ لە شەوی ٤ی ئایاری ١٨٨٦ دا، لە شیکاگۆ دوای بارینی
یەکەم دڵۆپە باران، زریانێک هەڵگیرسا. ئاپۆڕای جەماوەرێک کرێکار لە مەیدانی
هایمارکێت، دەستیان بە خۆپیشاندانێکی سەخت
و توندوتیژ کرد. کاتژمێر هەشت سێ هەزار کەس بە تامەزرۆییەوە ، گوێیان بۆ
ئەناشیستەکان ڕاگرتبوو کە باسی دڕندەیی پۆلیس و چینی سەرمایەداریان دەکرد. داوای
ئەوەیان دەکرد کە کاتی کار دەبێت کەم بکرێتەوە بۆ ٨ کاتژمێر ، بەڵام لە کاتژمێر ١٠
تەنها ١٠٠ کەسێک مابوونەوە . سەرۆکی شارەوانی کە لە چاوەڕوانی کێشەدا لە دەوروبەر
دا بوو، چووبۆ ماڵەوە. دوا وتاربێژ لە کۆتایی قسەکانی بوو کاتێک شاندێکی ١٨٠ پۆلیس
لە وێستگەکە بە ڕێپێوان ڕۆیشتن شوێنی کۆبوونەوەی کرێکارە ناڕەزاییەکان بۆ
تێکشکاندن و دەستەبەسەر کردنی ئەو کرێکارەنەی کە لەوێدا مابوونەوە. نەقیبێک
فەرمانی دا کۆبوونەوەکە تێک بدەن و دەست بکەن بە لێدانیان، وتەبێژەکەش هاواری کرد
کە ئەمە تەنها کۆبوونەوەیەکی ئاشتییە، لەو کاتەدا بۆمبێک بە ڕیزەکانی پۆلیسدا
تەقییەوە . ٦٧ پۆلیس برینداربوون، کە حەوتیان گیانیان لەدەستداوە. پۆلیس دەستیان بە تەقەکردن کرد و بەو هۆیەوە چەندین
کرێکار کوژران و ٢٠٠ کەس بریندار بوون و تراژیدیای (هایمارکێتیش) بوو بە بەشێک لە
مێژووی ئەمریکا''.
ساڵی ١٨٨٩ کۆنفرانسی سۆسیالیستی
نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە یادکردنەوەی تراژیدیای (هەیمارکێت) دا، ١ی ئایار دەبێتە
پشووی نێونەتەوەیی بۆ کرێکاران، کە ئێستا لە زۆر شوێن بە رۆژی جیهانی کرێکاران
ناسراوە.
لە ئەمریکا ئەم یادە بوو بە یادێکی
ترسناک، بە تایبەتی لە کاتی جەنگی سارددا چونکە دەترسان بە هۆی هاوسۆزی هاوڵاتیان
بۆ ئەم یادە، خەڵکی ئەمریکا بەرەو کۆمۆنیست بوون هەنگاو بنێن. هەر بۆیە لە مانگی
تەمموزی ١٩٥٨ دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا (دوایت ئایزنهاوەر بڕیارنامەیەکی بەناوی
١ ی ئایار " ڕۆژی دڵسۆزی " واژۆ کرد کە تیایدا، خۆی لە هەر ئاماژەیەکی
هاوسۆز بوون بە " کرێکارانی جیهان " بە دوور خست . لە بڕیارنامەیەکە
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە "ڕۆژێکی تایبەتە بۆ دووپاتکردنەوەی دڵسۆزی بۆ ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بۆ دانپێنانە بە کەلەپووری ئازادی ئەمریکا"