گرنگی ڕێکەوتننامەی عێراق و ئەمریکا بۆ سەر گەنجان
6/13/2020 2:50:00 PM
نۆڤین مەجید ساڵح
ئاڵوگۆڕی کلتوری لە جیهانی مۆدێرنەدا بە یەکێک لە گرنگترین خاسیەتەکانی ژیان دا دێت. یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگی ئاڵوگۆڕی کلتوری ئەوەیە کە وڵاتانی تازە پێشکەوتوو یاخود دواکەوتوو شاد دەکات بە پێشکەوتن و شیوازی ژیانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕووی خوێندن و پەروەردە و کلتوور و بازرگانیەوە. چەندین نموونەی سەرکەوتوو هەیە لەسەر ئاڵوگۆری کلتوری کە سوودی بە هەردوو وڵات گەیاندبێت، بۆ نموونە لە ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و ئیماڕات لە ساڵی ٢٠٠٤، کە خئدی ڕێکەوتنەکە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوو وڵات بوو کە تیاشیدا بڕیاردرا لەسەر ئەوەی چەند پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کلتوری لە بکەنەوە لە بوارە جیاجیاکاندا وەکو هەناردە کردنی کرێکار بۆ یەکتر و ئاسانکاری بۆ خوێندکاران بۆ مەبەستی خوێندن لە نێوانیاندا بە هاوکاری باڵوێزخانەکانی هەردوو وڵات، کە سوودێکی بەرچاوی گەیاند بە گەنجانی هەردوو وڵات. لە میانەی ڕێکەوتنەکانی عێراق و ئەمریکادا بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی گرنگ نراوە، بە تایبەتی لە ڕێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٠٨، کە بە ڕێکەوتننامەی ڕەوشی هێزەکان )سۆفا( ناسراوە. هەرچەندە ئەم ڕێکەوتننامەیە زیاتر جەختی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکردەوە بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم ڕێکەوتننامەیە لەسەر بواری ئاڵوگۆری کلتووری و خوێندن لە دەرەوی وڵات بۆ خوێندکارانی عێراق ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ کرابوو.
بە پێی ڕێکەوتننامەی سۆفا ئەمریکایەکان ڕەزامەندبوون بە وەرگرتنی خوێنداکارانی عێراقی لە زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەمەش عێراق و ئەمریکا چوونە پەیوەندیەکی پتەو و باشەوە لەگەڵ یەکدی. ئەم جۆرە ڕێکەوتنە زیاتر سوودی بۆ دانیشتوانی عێراق دەبێت لە ڕووی گەشەسەندنی پرۆسەی خوێندن و بونیادنانی تواناکانی گەنجان، لە هەمان کاتدا سوودی بەرچاوی دەبێت بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەڵام بەهۆی جەنگی داعشەوە کە رێبەندانی سەری هەڵدا و ئەو قەیرانە ئابووریانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق بوویەوە، ڕێک نەکەوت ئەم کارە گرنگانە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت. دوای ١٢ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕێکەوتن نامەی سۆفا، جارێکیتر هەردوو وڵات بڕیاریان داوە گەڕێکی دیکەی وتووێژ دەست پێبکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی ستراتیژی کە لەگەڵ هەل و مەرجی ئێستای هەردوو وڵاتدا بگونجێت. لەبەر ئەوەی یەکەم جارە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بەژداریەکی ڕاستەوخۆی ئەو گفتووگۆیانە دەکات، زۆر گرنگە نوێنەری عێراق بە گشتی و هەرێم بە تایبەتی ئەم جارەش بە هەمان شێوازی پێشوو جەخت لەسەر ئاڵووگۆری کلتووری نێوان هەردوو وڵات و پێدانی سکۆڵەرشیپ بۆ خوێندکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنەوە. زۆر کەس پێی وایە سەختە لەم هەل و مەرجەی ئێستای عێراقدا زۆر جەخت لەسەر بواری پەروەردە و خوێندنەوە بکرێت، چونکە ڕێکەوتنەکە زیاتر ڕێکەوتنێکی سیاسی و ئابووریە تاوەکوو کلتووری و پەروەردەیی. بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشیە ئەوەیە کە ماسیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دەربارەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات رایگەیاند کە ڕێکەوتننامەکە ڕێکەوتنێکی گشتگیر دەبێت، نەوەک تەنها سیاسی بێت یاخوود ئابووری، بەڵکوو زۆر بابەت لە خۆ دەگرێت کە سوودی هەردوو وڵاتی تێدا دەبێت. زۆر گرنگە کە نوێنەرانی عێراق و هەرێم قسەکانی ماسیۆ تۆلەر بە هەلێک لە پێشیاندا بزانن و بتوانن مامەڵەیەکی ژیرانە لەگەڵ وتەکانیدا بکەن. لاوازی عێراق و هەرێم لە بواری پەروەردە و خوێندن و ئاستێکی نزمی زانکۆکان، گرنگی ئەم ڕێکەوتننامەیە زیاتر دەکەن. وەک ڕون و ئاشکرایە زانکۆکانی ئەمریکا لە ئاستێکی یەکجار باڵا دان، دەکرێت عێراق و هەرێم لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە ڕێکەوتنەکە بتوانن گفتوگۆیەکی جدی لەسەر بابەتەکە بکەن و بتوانن پشتیوانی ئەمریکیەکان بەدەست بهێنن بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری عێراق و هەرێم هەر وەک ماسیۆ تۆلەر جەختی لەسەر دەکاتەوە. پێویستە گرنگیەکی زۆر بدرێت بە گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارە جیاجیاکاندا بە تایبەتی پەروەردە و خوێندن، دەکرێت لە ڕێی ئەم ڕێکەوتنەوە داواکاریەکان و ئارازووەکانی گەنجان و خوێندکاران بەدەست بهێنرێت ئەگەر بە شێوازێکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.