727وتار

نیفاق‌ و حەسادەت

10/18/2020 1:25:00 PM
نەجات نورى

مەگەر خوا بە قودرەتی خۆی تاعونێك بخاتە ناو ئومەڕای بەبەوە بە غیری یەكێك كەسیان نەهێڵێ) ئەمە ناڵەی (مەحمود پاشا) بووە لەدەست دەردەسەری‌ و ڕەفتاری براو دۆستەكانی خۆی لە ناو میرایەتی باباندا. كە هۆكاربوون بۆ وێرانبوونی ئەم میرایەتیە بە درێژای دووسەد ساڵ لە لەشكركێشی والیەكانی بەغدا و هێزی ئێرانیەكان بۆ سەركوتكردنی یەكتری... بێگومان ئەمەش بەكرێگیراوێتی دەسەڵاتدارانی بابانیەكان بووە بۆ ئێران‌ و دەوڵەتی عوسمانی لە پێناو دەسەڵات گرتنە دەستی خۆیاندا.

(حەسودی بەینی ئومەڕای ئێمە بۆتە سەبەبی ماڵ وێرانی بە بە. واقیعەن ئەگەر نیفاق ‌و حەسادەتی بەینی ئومەڕای بەبە نەبوایە تورك‌ و نە ئێران نەیان ئەتوانی زەفەرمان پێ بەرن) ئەمە نمونە زیندۆكەی سەردەمی دەسەڵاتدارانی بابانیەكان بووە، كە شایەتحالێكی دیاری ئەو كاتانە ئاوا بۆ(مستەر ڕیچ)ی بەیان دەكات، ئەمە چەند دێڕێكە بۆ بەكێگیراوێتی براو خزمەكانی یەكتری لە ناو میرایەتی بابانیەكاندا، وێنەیەكە بۆ هەمیشە دەبێتە هۆكاری ئەو وێرانەخاكەی كە ئاوا كەسانی بەكرێگیراو بۆ تورك‌و ئێران دەیهێنن بەسەر وڵاتی خۆیاندا. ئەمەش وێنە مەینەتبارەكانی سەردەمی میرایەتی بابانیەكان، ئەی لەو كاتانەوە بۆ ڕۆژگاری ئێستا چی دەگوزەرێت؟ بەمە دەچمە سەر ئەم ناونیشانە (نمونەی بەكرێگیراوێتی) بۆ نوسینی ئەم دێڕانە:

چەند ساڵێك بەر لە ئێستا بۆ كە كتێبەكەی (محەمەد ئەمین زەكی بەگ)م (تاریخی سلیمانی وە وڵاتی) خوێندبووە، لەم ڕۆژانەش دا جاریكی تر بۆ بە بیرهێنانەوەی ئەو هەموو مەرگەسات ‌و وێرانبوونەوەی كە لە سەر دەسەڵاتی براكان ‌و برازاو مامم‌ و خزمە نزیكەكانی یەكتری لە ناو میرایەتی (بابان)دا هێنابوویان بە سەر خاكی ئەم میرایەتیەدا خوێندەوە... ئەم جارە باشتر زانیم كە بەڵگەو نوسراوەكانی ناو ئەم كتێبە چەند جێگەی سەر سوڕمانن بۆ نمونەی بەكرێگیراویەتی دەسەڵاتدارانی كورد لە مێژودا. بەڵام پێناچێت بۆ ئێستا زۆر لە دەسەڵاتداران ‌و نوسەرانی دەرباریان تاكو ئێستا یەك لاپەڕەیان لەم كتێبە خوێندبێتەوە، پێموایە هەچ سەركردە و نوسەرێك لاپەڕەكانی ئەم كتێبەی خوێندبێتەوە هیچ كاتێك ناتوانێت ببێتە بەكرێگیراو نۆكەری هیچ وڵاتێك، چونكە دەزانن سەردەمی بابانیەكان بە چ دەردێك بۆ بەكرێگیراویەتی براكان بۆ ئێران ‌وعوسمانیەكان چ وێرانەیەكیان بە سەر خاكی ئەم میرایەتیەدا هێناوە‌و دوای خۆیان چ رۆژگارێكی تاریكیان بۆ خەڵك بە دیاری جێهێڵاوە، خۆزگەم دەخواست هەموو كاربەدەستانی ئەم وڵاتە بە شەرمەوە دوا لاپەڕەی ئەم كتێبەیان بخوێندایەتەوە تا فرێبووبوونایە كە خۆیان دەسەڵاتداربن نەك تورك‌ و ئێران دەسەڵاتداریان بن.


بەڵگەكانی كتێبەكە دەبێتە ئەو نمونە زیندووەی كە لە بابانیەكانەوە بۆ ئێستای دەسەڵاتدارانی كورد لەم هەرێمەدا ئێمە بۆ عەقڵ ‌و سیاسەتی ئەو دەسەڵاتدارانە ڕادەكێشێت كە هەمیشە نمونەی بەكرێگیراویەتی بوون لە كاتی دەسەڵاتداری خۆیاندا، مرۆڤ سەرسام دەبێت بۆ دەبێت هیچ كاتێك ئەم دەسەڵاتدارانە بە بێ ئێران ‌و توركیا ‌و عێراق نەتوانن خۆیان ئیدارەی خۆیان بدەن.

دەسەڵاتدارانی بابانیەكان كە زیاتر جەنگی نێوان براكان بوو بۆ مل شكاندن‌ و تەفروتوناكردنی یەكتری لە ناو ئەم میرایەتیەدا بە درێژای دووسەد ساڵ لە تەمەنی میرایەتی بابانیەكان دابەشبوون بە سەر نۆكەرایەتی بۆ والیەكانی بەغدا و دەسەڵاتی پاشاكانی ئێرانی سەفەویدا، خراپەكاری ‌و هێرشی ئەم برایانە لەو ڕۆژگارەدا دەمانخاتە بەردەم نمونەكەی ئەم ڕۆژگارەوە، كە دەبینین كوڕ و دەسەڵاتدارانی ناو بنەماڵەكانی ئێستای ئەم هەرێمە چۆن چۆنی مەرگی یەكتری ڕادەگەیەنن‌ و بۆ مانەوەی خۆیان وەكو براكانی ناو میرایەتی بابانیەكان هەر ڕۆژە پەلكێشی هێزێكی بێگانە دەكەن بۆ سەر ڕۆحی شەڕانی یەكتری، دەبینین كە هەولێر بۆتە پایتەختی توركەكان‌ و سلێمانیش بۆتە پایتەختی ئێرانەیەكان.

 ئەم ڕۆژگارە ڕێك دەمانباتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارانی بابانیەكان، ڕۆژگاری بەكرێگیراوێتی دێتەوە بیرمان، ڕۆژگاری وێرانوون ‌و مەرگی خەڵك دێتەوە بەرچاومان كە چۆن چۆنی بۆ ئێستا درێژبۆتەوە. گرنگە كوڕ و دەسەڵاتدارانی ناو ئەم بنەماڵانە زۆر زوو بێن بۆ یەكجار ئەم كتێبە بخوێنەوە ‌و لە نمونەكانی ناویەوە كەمێك شەرم لە خۆیان بكەن ‌و تێبگەن كە هیچ كاتێك تورك‌ و ئێرانیەكان لە مێژودا نەبوونەتە فریادرەسی كۆیلەكانی خۆیان ‌و بەكرێگیراوەكانیان، هەمیشە سەری دەسەڵاتدارانی كورد لە مێژودا چەند خزمەتكاری پاشاكانی ئێران ‌و والیەكانی بەغدا و ئەستەنبوڵ بوون هەر بە سەری ڕمەوە سەریان بیندراوە نەك لە سەر كورسی دەسەڵات.

ببینن چەند مەرگەسات ‌و جێگەی تێڕامانە كە دوای دوو سەد ساڵ لە تەمەنی میرایەتی بابان كەسێكی وەكو (سلیمان پاشا) نەتوانێت تەنیا (200)تومان بۆ گەڕیدەیەك پەیدا بكات تا بیدات بە پاسەوانەكەی، ئەمە ئەو مەرگەسات‌ و وێرانە خاكەبوو كە زیاتر لە سەر دەستی هەردوو برا (سلیمان پاشا‌ و مەحمود پاشا)دا بە سەر خاك‌ و خەڵكی بابانیەكاندا هات. بە كێرێگیراوێتی براكانی ناو ئەم میرایەتییە، دەبێت ببێتە نمونە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەم هەرێمە كە چەند پارە و سامانتان هەبێت، چەند قاسەكانتان پڕبێت لە زێڕ و زیوبێت، چەند خاوەنی موڵك‌ و پارەبن لە دەرەوە، سەر ئەنجام ئەم ڕەفتار و ملكەچیەی ئێستاتان بۆ تاران ‌و ئەنقەرە دەتانخاتە سەر ساجی عەلی‌ و دواجار ئێوە دەرەقەتی سیاسەتی فریودەرانی ئەم دوو وڵاتە نایەن‌ و وەكو سلیمان پاشا دواجار ناتوانن دوو سەد دینار بۆ كەسێك پەیدا بكەن تا ناوتان لەسەر كێلی گۆڕەكانتان بنوسێت.



لەم ڕەفتارانەی ئێوەوە دەچینەوە سەر ڕەفتارەكانی میرەكانی بابانیەكان، كە ئیتر هیچ شتێك لەیەكتریتان جیاناكاتەوە، ئەوان بە درێژای دوو سەد ساڵ خەریكی پەلكێشكردنی دەسەڵاتی بێگانەكان بوون بۆ سەر خاك‌ و ڕۆحی خەڵكی خۆیان، ئێوەش ئەوە بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵ دەچێت هەمیشە پشتان بە دەسەڵاتدارانی عێراق‌و ئێران ‌و توركیا بەستووە، ئێوە وەكو بابانیەكان لەكاتی شكستەكانتاندا خێرا پەناتان بۆ پەلكێش كردنی بەعس‌ و تورك ‌و پاسداربردووە، ئێوە خۆتان دەبینن كە بەم ڕەفتارانەتان چیتان بە سەر خەڵك ‌و خاكی ئەم هەرێمەدا هێناوە، وەكو خۆتان ناخوێننەوە و نابینن ‌و بێئاگان لە مێژو، كەمێك بە نوسەر و ڕۆشنبیرە دەربارەكانی خۆتان بڵێن با بۆتان باسبكەن كە لە مێژودا دەسەڵاتداری بەكرێگیراو دواجار خاك دەكات بە خۆڵەمیش‌ و خۆیشیان جگە لە دەربەدەری هیچ نایەتە ڕێگەیان. ئێوە تێناگەن كە لە مێژودا ئێرانیەكان ‌و توركەكان چ وێرانە خاكێكیان بۆ میللەتی كورد بە جێهێڵاوە، پێ دەچێت هیچتان پەندتان لە یەك وشەی ڕۆژگاری بابانیەكان وەرنەگرتبێت...


 ئێستا دەبینین كە ئێوە نیفاقی گەورە لە نێوانتاندایە، دەبینین كە ئێوە ئێستا خاوەن ئیرادەی خۆتانن نین، دەسەڵاتی تورك ‌و ئێرانیەكان هۆكارن بۆ مانەو بوونتان، لە خۆتان بپرسن كەی لە مێژودا ئەم دوو داگیركەرە هۆكاربوون بۆ سەركەوتنی كورد‌و مافەكانی؟ دیارە ئێوەی دەسەڵاتدارانی ئەم مڕۆی ئەم هەرێمە وەكو سەردەمی بابانیەكان پەلكێشی هێزی تورك ‌و فارس بە گرنگ دەزانن بۆ مانەوەی خۆتان، ئەمەش دەتانخانە بەردەم دوو هۆكار دواجار ئەم خاكە بە هۆی سیاسەتە هەڵە و بیرە نەزانەكانی ئێوەوە وەها وێران دەبێت كە ئاوەدانی تێدا نامێنێت، كە ئەمەش خواستی گەورەی تورك‌ و فارەسەكانە كە ئێوە بۆ ئەم وێرانبوونە بەكار دەهێنن ‌و خۆیشتان وەها دەربەدەردەكەن كە هیچ پەشیمانیەك بەفریاتانەوە نایەت، وەكو چۆن لە میرایەتی باباندا ئەم وێنە ترسناكە ڕویدا...


ئەم وێنە ترسناكە بۆ ئێستا درێژدەبێتەوە، بۆتە هۆكاری ترس‌ و پرسیاری گەورە لە لای بەشێكی زۆری كۆمەڵانی خەڵك كە لە خۆیان دەپرسن تورك‌ و ئێرانیەكان چی بۆ ئێمە دەكەن لە كاتێكدا خۆیان ملوێنان كوردی ژێر دەسەڵاتی خۆیان قڕدەكەن؟ ئەوە خەڵكە كە دەپرسن ‌و دەبینن كە چۆن چۆنی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی ئێستای كورد وەكو جاران پشت بە بێگانە و هێزی تورك‌ و فارس دەبەستن بۆ مانەوەی خۆیان‌ و بۆ سەركوتكردن ‌و نەمانی یەكتری بەكاری دەهێنن... ئەمە پرسیارە گەورەكەی خەڵكە بەڵام پێناچێت هیچ كاتێك كوڕی بنەماڵەكان لە مێژوی ئێمەدا وەڵامی خەڵكیان بە باشە دابێتەوە.



ئێستا ڕۆژگاری ئێمە دەچێتەوە سەر ڕۆژگاری بابانیەكان بۆ كۆتایی هێنان بە دەسەڵات ‌و وێرانبوونی خاكەكەیان كە هۆكارەكەی نیفاقی نێوان براو میرەكانیان بوو. لێرە ئەمڕۆ بنەماڵەكان بەهەمان حالی جاران بوونەتە دوودەسەڵاتدار كە هەریەكەیان پشتیان بە دوو هێزی بیگانەی ترسناك بەستووە بۆ مانەوەی خۆیان، بێگومان ئەوەی هەستی پێ دەكات‌ و ڕێگا تۆقێنەرەكە وەكو خۆی دەبینێت كە تورك ‌و ئێرانیەكان لە ئەمڕۆدا چەند گەمەیەكی ترسناك لە سەر خاكی ئێمە بە ڕێوە دەبەن، كاربۆئەوە دەكەن لە سەر هەمان نەخشەی جاران ئەم دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارە بكەن بە گژ یەكتریدا و نەهێڵن میللەت بە خواستی خۆی دەوڵەت‌ و پەرلەمان ‌و هێزی خۆی هەبێت، ترسناكیەكە لەوەدایە دەسەڵاتدارانی ناو ئەم دوو بنەماڵە پێیان وایە كە فەرشی سوریان بۆ ڕاخرا‌و دەرگای كۆشكی سەرۆكایەتی تاران‌ و ئەنقەرەیان بۆ كرایەوە ئیتر دەتوانن ببنە ئەو كەسەی كە دەیانەوێت، هەر ئەم هەڵە زەق‌ و نەخوازراوانەبوو كە لە مێژودا سەری هەموو میر و سوڵتانە كوردەكانی خوارد و میللەتەكەیشیان تەفرو تونابوو...
ئێستا ئیتر دەسەڵاتدارانی ئەم دوو بنەماڵەیە دوای دەیان ساڵ‌ و دوای دەیان نمونە ‌و وێنەی پشت شكێن لە گەمەی ترسناكی تورك ‌و فارس تێناگەن كە ئەم دوو وڵاتە هەمیشە هێزی بەكرێگیراویان دەوێت بۆ دوو هۆكار: جارێك بۆ تەفروتواناكردنی هێزە نەیارەكانی خۆیان، جارێكیش بۆ لەناوبردنی یەكتری لە ناو خۆدا‌و هەڵتەكاندنی هەموو خواستەكانی خەڵك...


ئیتر ئەمە قەدەر و وێنەی ئێمە بووە لە مێژودا بە دەست كاربەدەستی ملكەچ‌ و نەزانەوە... دەبێت ئێمەش دوای دەیان ساڵ لە نەمانی میرایەتی بابان هەر ئەم دوعایە بكەینەوە (مەگەر خوا بە قودرەتی خۆی تاعونێك بخاتە ناو ئومەڕای ئێستامانەوە و بە غیری یەكێك كەسیان نەهێڵێ) ئامین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن