وتار

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردە

8/14/2020 4:20:00 PM 206 جار خوێندراوەتەوە
ئالان تۆفیق ساڵح

بەڕێزان هەموو ساڵێک لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی ١٢، هەندێک مامۆستاو پەیمانگای ناحکومی هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەو پڕوپاگەندە کردن و جۆرێک لە شانازی کە گوایا یەکەمەکە لای ئەو مامۆستا وانەی تایبەتی خوێندووە یاخود لە پەیمانگاکەی ئەودا وانەی پێوتراوەتەوە، کە ئەمە وەکو دیاردەکی لێهاتووەو نابێت چیتر بەڕێزتان بێدەنگ بن لێی چونکە لەچەند ڕوویەکەوە کێشەدارە:

١- نادیدە گرتنی هەوڵ و ماندوو بوونی دەیان و سەدان مامۆستا کە ئەو قوتابییەیان پێگەیاندووەو پەروەردە کردووە لەیەکەم ڕۆژییەوە کە چۆتە باخچەی ساوایان هەتاوەکو پۆلی دوانزدە، لەولاوە مامۆستایەک دێت و بێویژدانانە هەموو ماندوبوونەکانی ئەوان سفر دەکاتەوەو خۆی دەکاتە پاڵەوان.

٢- بڵاوکردنەوەی تەنها نمرەی قوتابی نمرە بەرزو شاردنەوەی نمرە نزمەکان خۆی لە خۆیدا خۆڵ کردنە چاوو هەڵخڵەتاندنی تێدایە، ئەگەرنا با ئەو مامۆستایە یاخود پەیمانگایە نمرەی هەموو قوتابییەکانی بڵاوبکاتەوە یاخود ڕێژەی سەدی دەرچون و دەرنەچوون، کە ئەمەش دوورە لە ئاکاری مامۆستاو پەیامە پیرۆزەکانی کاری مامۆستایەتی.

٣ـ هەندێک مامۆستا تەنها نمرەی پەیمانگا ئەهلییەکەی یاخود قوتابیە تایبەتەکەی بڵاودەکاتەوەو قوتابخانە حکومییەکەی فەرامۆش دەکات کە ئەمەش بێبایەخکردنی قوتابخانەی حکومییەو ڕیکلامێکی بازرگانی بێ مۆڕاڵە بۆ خۆی و قوتابخانە ناحکومییەکان.

٤ـ ناوزەد کردنی قوتابیە دە یەکەمەکە بەسەرکەوتوو و بایەخدانێکی زیاد لە ڕادەپێیان حاڵەتی دەروونی خراپ بۆ خوێندکارەکانی ترو خێزانەکانیان دروست دەکات و دوور نیە کارەساتی لێنەکەوێتەوە.

بەڕێزان هەرلەم چوارچێوەیەدا حەز دەکەم بابەتێکی تر باسبکەم کە ئەمیش ساڵانە دووبارە دەبێتەوەو خەریکە دەبێتە دیاردە کە ئەویش وەرگرتنی قوتابیە لە خوێندنگە ئەهلییەکان.

بەڕێزان ، ساڵانە لەکاتی وەرگرتنی قوتابی لە خوێندنگە ئەهلییەکاندا دوو دیاردەی خراپ ڕوو دەدەن:

١- زۆرێک لە خوێندنگەو پەیمانگا ئەهلییەکان تەنها خوێندکاری نمرە بەرز (سەرو ٩٠) وەردەگرن کە ئەمە بۆخۆی جیاکاری و لەدەستدانی هەلی یەکسانە بۆ قوتابیان، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە باشتر وایە ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکار بەپێی نمرەکان دیاریبکرێت، بۆ نموونە ئاستی نمرەی٥٠-٦٠ ڕێژەی ٢٠٪ ی خوێندکارانی ئەو قوتابخانە ئەهلییە پێکبهێنن وەهەروەها بۆ ٦٠- ٧٠ و هەتا کۆتایی، وەچاودێری وردی ئەو قوتابخانانە بکرێت سەبارەت بە پابەند بوونیان.

٢- هەموو ساڵێک ئەو قوتابخانەو پەیمانگا ئەهلییانە ڕیکلام ئەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو خوێندکارانەی کە نمرەیان لەسەرو ٩٥ەوەیە بە خۆڕایی کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەتاڵ بوونی قوتابخانە حکومییەکان لە خوێندکاری ئاست بەرز و کەم بوونەوەی کێبڕکێ لەناو پۆلی قوتابخانە حکومییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دوو ڕێگا هەیە :
١- ڕێگری کردن لەو قوتابخانە ناحکومییانە کە خوێندکاری نمرە بەرز بە خۆڕایی وەربگرن.

٢ـ دەرکردنی یاسا یاخود ڕێنمایی کە ڕێگە بگرێت لە خوێندکار کە لە پۆلی ١٢ه‌وە لە قوتابخانەی حکومییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەهلی .


           لەگەڵ ئەوپەڕی هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزتان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement