333وتار

چیمان لەم پۆستە باڵایە چنیوەتەوە؟

7/11/2020 5:07:00 PM
هاودەنگ فاروق


ئەو پۆستە باڵایەی ١٧ ساڵە لە سەر کورد ماڵە، دەبوو زیاتر، پەرۆشی بەرژەوەندیی گشتی و بەدیموکراسیکردن و دواڕۆژێکی پڕشنگدار بێت بۆ خەڵکی کوردستان، زیاتر پابەند و خەمخۆری پاراستن و جێبەجێکردنی دەستوور بێت، دەبوو ڕۆحی بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندیی گشتی، زاڵ بووایە بە سەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا.!
سەرۆکایەتیی کۆمار، بە پێی ئەو دەستەڵاتەی پێی دراوە، لە یاسا و دەستووری عێراقیدا، کۆمەڵێک ئەرک و ڕۆڵی کاریگەری کەوتۆتە سەرشان، بەڵام بۆ نایکات؟ کوا پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
سەرۆکایەتیی کۆمار دەیتوانی چاوپۆشی لەو غەدرە گەورانە نەکات کە دەرهەق بە گەلی کوردستان کران، ئەگەر دەستەڵاتە دەستوورییەکانی بەکار هێنابا، ئێستا ڕێژەی کورد لە جومگەکانی حوکومڕانێتیی عێراقدا سفر نەدەکرایەوە، لێ مخابن هیچ ڕۆڵێکی مێژوویی و هەڵوێستێکی نەبوو لە بەرامبەر ئەو شۆڤێنیانەی کە (تەوازن و تەوافق و شەراکەت)یان لە عێراقدا بە تەواوی پووکاندەوە..
ماددەی ١٤٠ـی دەستوور پێشێل کرا، سیاسەتی تەعریب بەردەوامە، گەنم و عەردی جووتیارانی کورد داگیر دەکرێ و دەسووتێنرێ؟ کەچی هەڵوێستی سەرۆککۆمار نابینین، بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بە ناهەق بڕدراوە، سەرۆکایەتیی تەماشاکەرە!؟
سوپای عێراق دژی پێشمەرگە جووڵەی پێکرا، لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هێرش كرایە سەر ناوچە کوردستانییەکان، خوێنی پێشمەرگە ڕژا، نەمانبینی ناڕەزایی و هەڵوێستێک لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە؟!
ئێستایش بەغدا ئازاری زیاتری خەڵکی کوردستان دەدات و بە پێی لۆژیکی دەستوور مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی "هەولێر - بەغدا" ناکات!، دەیەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە، کوا ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکە!؟
ئەگەر سەرۆکكۆمار كوردیش نەبووایە و بگرە تەنیا مرۆڤێكی مرۆڤدۆست و باوەڕمەند بە یاسا و دەستوور و كەسایەتییەكی دیموكرات بووایە، ئەگەر تەنیا ڕێزێكی لە پۆستەكەی کە پشکی کوردە و ئەو بەرپرسیارێتییە میژوویە گرتبا، نەدەبوو لە ئاست ئەو هەموو بێدادی و پێشێلکارییە بە ئانقەستەی دەستووردا بێدەنگ بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن