چاکسازیی بچوک؛ بەڵام گەورە
6/27/2020 2:45:00 PM
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
بەپێی دوایین زانیارییە بڵاوکراوەکانی پرۆگرامی بایۆمەتری؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان پتر لە ملیۆنێک و 200 ھەزار فەرمانبەری ھەیە، بەڵام کەمترین سوود لەتوانا و سەلیقەی کارکردنی زۆرینەیان دەبینێت.
لەو ژمارەیەش، بەشێکیان لەنێو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەکانییدا وەک شارەزا و پسپۆڕی ئای تیی و میدیا دامەزرێنراون. ھاوکات ساڵانەش سەدان کەس لەبەشەکانی میدیا و کۆمپیوتەر و وردە پسپۆڕییەکانی دیکەدا دەردەچن و دەبنە خاوەن بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس، بگرە ماستەر و دکتۆراش.
ئەوەی جێگەی پرسیار و ھەڵوەستەلەسەرکردنە؛ بەدەگمەن زەوق و سەلیقەی ھونەریی و میدیایی کارمەندانی ئەو بەشانە لەنێو نووسراو و بڵاوکراوەکانی ئەو وەزارەتانەدا بەدیدەکرێت. ھەر بەتەنھا سەردانێکی ماڵپەر و کیتابە فەرمییەکانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بکەیت، تێدەگەیت کە بۆچیی حکومەت سوود لەو لێشاوە لەفەرمانبەرانی وەرناگرێت. تەنانەت لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئای تیی و بەرھەمھێنانی ریکلام بۆ کارەکانی خۆیان، زۆرجار بڕە پارەیەکی گەورە بۆ کارێکی بچووک خەرج دەکەن.
ئەگەرچی لەدوای دەرچوونی یاسای چاکسازی، وابڕیارە لەسەرەتای مانگی تەموزی 2020ەوە بخریتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام گرنگە چاکسازی؛ سەراپاگیربێت و کارە بچووک و پەڕاوێزخراوەکانیش بگرێتەوە. ھیچ ژیربێژییەک لەوەدا نییە کە لەوە زیاتر؛ کولتوری فەرمانبەری وەھمیی و بندیوار لەسەر حسابی فەرمانبەری ئیشکەر و دڵسۆزی حەقیقیی گەشەی پێبدرێت.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە، حکومەت بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێت کە بۆچیی کاتێک وەزارەتێک یان فەرمانگەیەکی پێویستیی بەئیشی یەکێک لەپسپۆڕییەکان دەبێت؛ سوود لەو ھەموو فەرمانبەرەی وەرناگرێت و بەردەوام بڕێکی گەورەی بودجە و دەرماڵەکانی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەڕوات. ھەر بۆنمونە، فەرمانگە ھەیە دەیان فەرمانبەری ھەیە بەناونیشانی چاککەرەوە (مصلح)، بەڵام کە سپلێتێک یان ماتۆڕێک دەسوتێت، وەستایەک لەدەرەوە دەھێنرێت تا چاکی بکاتەوە!
ئەگەرچی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری؛ ماڵپەرەکەی و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتەکانی یەکخستووەو ئێستا کاراترن. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، فۆنت و سایز و فۆرماتی کیتابە فەرمییەکان بەجۆرێک رێکبخرێن کە ھەست بە زەوق و سەلیقەی میدیایی و ھونەریی تیابکرێت و ماڵپەرە فەرمییەکانیش بەجۆرێک نوێ بکرێنەوە کە ببنە بانکی زانیاریی بۆ سەردانکەران و رۆژنامەوانان بەتایبەت، تاوەکو شەفافیەتی زیاتر فەراھەم بێت. لەوێشەوە بتوانرێت ئاسانتر بڕگە و ماددە فەرمۆشکراوەکانی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی دەستگەیشتن بەزانیاری؛ ھەلی جێبەجێکردن و سەرپێکەوتنی بۆ بڕەخسێت.
ئەگەر پێشینان وتەنی؛ «ھەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەھاویشتنی بێت» خۆ دەتوانرێت ھاوچەرخانە رێگریی بکرێت لەوەی وردە زیخەکان لەسەریەک کەڵەکە بکرێن و ببنە بەردی زلی ئەوتۆ کە دواتر لابردن یان ھاویشتنیان ئاسان نەبێت.