هەرێمی كوردستان لە كەمكردنەوەی خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان چی دەستدەكەوێت؟
4/2/2020 1:28:00 PM
بيلال سەعيد
كۆمپانیا سەرەكییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستیانكردووە بە كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان، كەمكردنەوەی خەرجیەكان لە سەر ئاستی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان بۆ ساڵی 2020 دابنێت.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانی، كۆمپانیاكانی بواری نەوت لەسەرتاسەری جیهان خەرجییەكانی ئەمساڵیان بە رێژەی 24% یان 40 ملیار دۆلار كەمدەكەنەوە، هەروەها لە راپۆرتێكی ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووپێوی ئابووری خەرجییەكانی پێنج كۆمپانیا كەرتی نەوت (ئیكسۆن مۆبیل، تۆتاڵ، BP و شیڤرۆن و شیڵ) بۆ ئەمساڵ تەنیا 90 ملیار دۆلار دەبێت، لە كاتێكدا بەپێی پلانی فەرمی كۆمپانیاكان بۆ ساڵی 2020 خەرجییەكان 112 ملیار دۆلار بووە.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و مەترسیەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر سیكتەری نەوت، زۆرێنەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت داوایان لە وەبەرهێنەرانی نەوت لەوڵاتەكانیان كردووە، وەبەرهێنانەكانیان كەمبكەنەوە، بەوپێیەی دەبێت ئەو حكومەتانە لەڕێی گرێبەستەكانەوە تێچووەكەی بدەن.
بەپێی زانیارییەكان هەفتەی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق داوایان لە هەموو كۆمپانیا نەوتییەكان كردووە، بودجەی پەرەپێدان لە كێڵگە نەوتییەكان كەم بكەنەوە، چونكە داهاتەكانی حكومەت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە.
كۆمپانیای گازپرۆم روسی كە 80%ی هەردوو كێڵگەی نەوتی هەڵەبجە و شاكەلی لەسنوری گەرمیان لە ئەستۆیە ئاشكرای كردووە داواكاریەكەی حكومەتی هەریمیان بەدەستگەیشتووە بەڵام ئەوان داواكارییەكەیان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی پرۆژەی نەوتی لە ناوچەی سەرقەڵا ڕەتكردۆتەوە، چونكە هەموو پرۆژەكان ڕەزامەندی بنەڕەتی لەسەر وەرگیراوە لەگەڵ وەزیرە پەیوەندارەكان، ئەمەش كەمترە لە ئاستی پێویست”.
كۆمپانیای دیلۆیت كە كۆمپانیای بەرپرسە لە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی وردبینی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی كوردستان تا ئێستا ڕاپۆرتی ساڵی 2019ی بڵاونەكردووەتەوە بەڵام پێشبینیكرابوو كە ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020ـدا رۆژانە 500 هەزار بەرمیل تێبپەرێنێت، بەڵام بەهۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكان ئەگەری زۆرەوە هەرێم ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێكێت.
بەهەمان شێوە كۆمپانیای گۆڵف كێستۆن كە كۆمپانیای سەركارە لە كێڵگەی نەوتی شیخان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەهۆی راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ ئەستەم بووە بۆ كۆمپانیاكە كارمەندان و ئەندازیارانی خۆی لە كێڵگەكە ئامادە بكات و بەو هۆیەشەوە هەڵكۆڵینی بیری ژمارە 13ی لە كێڵگەی شێخان وەستاندووە.
هەروەها پلانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتمان بۆ رۆژانە 55 هەزار بەرمیل راگرتووە. وامان دانابوو لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا بەو ئامانجە بگەین، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێك بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی 43 هەزار تاوەكو 48 هەزار بەرمیلە.
كێڵگەی تاوكێ و پێشخابوور كە لەلایەن دوو كۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن، كۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "كارەكانی دۆزینەوەی نەوت، پەرەپێدان و هەڵكۆڵینی بیری نەوت بەهۆی سنوورداركردنی هاتووچۆ و داخستنی سنوورەكان پاشەكشەی كردووە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو كێڵگەی تاوكێ و پێشخابوور دابەزیوە بۆ كەمتر لە 115 هەزار بەرمیلی رۆژانە"
كۆمپانیای دی ئێن ئۆ باس لەوە دەكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت لەكاتی خۆیدا حەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوت بدات و دوای دەخات و ئەوەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر وەبەرهێنانەكانیان دەبێت، بەهۆی ئەوەی لەكاتی خۆیدا حەقدەستەكانیان وەرنەگرتووە و دواخراوە، لە رابردوودا نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەكەنیان و بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبكەنەوە.
هەروەها كۆمپانیا گەنەڵ ئینێرجیش كە خاوەنی 25%ی پشكەكاننی كێڵگەی تاوكێیە رایگەیاندووە، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ناتوانن بگەنە ئامانجە دیاریكراوەكەیان. بەڵام رۆس پیرۆت، دامەزرێنەری كۆمپانیای HKNی ئەمریكی رایگەیاندووە: "ئێمە وەك HKN بڕی 55 ملیۆن دۆلارمان لای حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوە، ئەو پارەیەش بۆ حەقدەستی مانگی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2019یە و دوایین حەقدەستمان لە مانگی یەكی ئەمساڵ وەرگرتووە".
سەرەڕای ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی كۆمپانیا نەوتییەكان بووەتەوە، بەشێك لە كۆمپانیاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە دەتوانن بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی ئەوەی كە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كەمە.
بیل هیگز، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لەوبارەیەوە دەڵێ "كێڵگەكانی گەنەڵ ئینێرجی قازانج بەخشن، تەنانە بە نرخی نەوتی 30 دۆلاری. ئێمە هێشتا میزانییەكی باشمان هەیە و دەتوانین بەردەوامبین لە بەرهەمهێنانی نەوت".
هەروەها كۆمپانیای داناگاز كە تەنیا كۆمپانیای بەرهەمهێنەری گازی سرووشتییە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، دابەزینی نرخی نەوت كار لە ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە ناكات.
هەرچەند كەمكردنەوەی خەرجییەكان لەنزیك مەودا دەبێتە پاڵپشتیەكی باش بۆ هەرێمی كوردستان و بڕە پارەیەكی زیاتری بۆ دەمینیتەوە، بەڵام چەند مەترسیەكی گرنگ لەئەنجامدانی كەمكردنەوەی خەرجییەكان ڕوودەدات، وەك:
١- دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا لە ئێستادا بەهۆی ململانیەكانی نێوان سعودیە و روسیا زۆرێنەی وڵاتانی ئەندام لەئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك پلانی زیاتركردنی هەناردەی نەوتیان بۆ بازار هەیە.
٢- لەماوەی نێوان ساڵانی 2014 بەدواوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، خەرجییەكانی كۆمپانیا نەوتیەكان ڕووی لەكەمبوونەوە كردبوو، بەڵام لەدووساڵی ڕابردوو بوژانەوەیەك لە وەبەرهێنان لە سیكتەری نەوت دروستبوو، ئەم قۆناغەش بەكەمكردنەوەی خەرجییەكان جاریكی دیكە پرۆسەی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكان ڕادەوەستێت.
٣- مەترسیەكی دیكە كە لەسەر ئاستی جیهان لە كۆمپانیا نەوتیەكان بووەتە گرفت بێكاربوونی ژمارەیەكی زۆر كارمەندە لە كۆمپانیاكانی نەوتیەكان و ئەمەش سەرەتای گرفتێكی گەورەترە دەبێت.