سلێمانی چی پێویستە؟!
2/15/2020 7:51:00 PM
ڕێبوار کەریم مەحمود
ماوەیەکە گفتوگۆی گەرم هەیە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی
(یەک) پرۆژە بۆ سلێمانی، ئەویش شەقامی (۱٠٠) مەترییە.
بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا سلێمانی هەر
ئەم شەقامەی پێویستە؟!
نەخێر.
_ سلێمانی پێویستی
بە کارەبایە کە لەکاتی پێویستیدا نیە. جا کە خەڵک پێویستی نەبو، هەبێ یان نەبێ بۆچی
باشە؟!
_ سلێمانی پێویستی
بە ئاوە، ئاوی سازگار، نەوەک ئاوێک بە کلۆرێکەوە کە لە ۲٠۱۸وە ئێکسپایەر بوە.
_ سلێمانی پێویستی
بە پردو جادەیە، جادەی سەرەکی و کۆڵان، پێویستیان بە قیرتاوە، نەوەک پینەو پەڕۆ.
_ سلێمانی پێویستی
بە خەستەخانەیە، شارێکی وەها چۆن ئەبێ بچوکترین خەستەخانەی سوتاوی لەعیراقدا تیابێت؟!
_ سلێمانی پێویستی
بە قوتابخانەیە، قوتابخانەی مۆدێرن، کە دەوامی ئاسایی بێت، نابێ قوتابخانە ئەو هەمو
دەوامەی تیا بێ.
_ سلێمانی پێویستی بە بوژانەوەی وەرزش، هونەر، سینەما،
رێکخراو...هتد هەیە. ئێوە لەبری هاندانی سینەما، هەر رۆژەی فلیمێک بە خەڵکەکەی دەرئەکەن.
_ سلێمانی پێویستی
بە هەلی کارە، پێویستی بە فریاکەوتنی ئەو دەیان هەزار گەنجە بێکارە هەیە کە لە هەمو
شتێک بێزارن.
_ سلێمانی پێویستی
بە نەوت و غازە، ئەزانن کام نەوت و غازە؟ ئەوەی لەژێر خانوو خاکەکەیدایە بەڵام بەشی
ئەوی پێوەنیە.
_ سلێمانی پێویستی
بە هەوای پاکە، ژینگەیەکی ئەوێ کە تەندروستی خەڵکەکەی تیاپارێزراوبێت.
چی ریز بکەم؟
سلێمانی و هەمو شارو شارۆچکەکانی پێویستیان بە
خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە. پێویستی بە پرۆژەیە. بەڵام پرۆژەیەک بە یەک بڕیار جێبەجێ
بکرێ، نەک وەک جادە (۱٠٠) مەترییەکە (۱٠٠) بەیاننامەی بۆ دەربکرێ.