وتار

چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکان لە یاسای چاکسازییدا

1/13/2020 11:19:00 AM 121 جار خوێندراوەتەوە
گوڵاڵە سدیق

یەکێک لە یاساکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکانمانە، بەپێی دەقی یاساکە کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەتە بە فەرمانبەران.

بەگوێرەی یاساکە، پێویستە هەر فەرمانبەرێک هەژمارێکی بانکی تایبەت لەبانکێک لەبانکەکانی شارەکەی خۆی بکاتەوە ( یان بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتەکەیەوە دەردەچێت بە چ شێوازێک هەژمارە بانکیەکە دەکاتەوە)، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەشی ژمێریاری وەزارەتەکان و بەڕێزەبەرایەتییە گشتیەکان هەڵدەستن بە کۆکردنەوە و دانانی بڕی پارە پاشەکەوتکراوەکە لە هەژمارە بانکیەکەدا، بەڵام بەبێ ڕاکێشانی پارەکە لە هەژمارە بانکییەکە هەتا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم توانای دارایی بەرەو باشبون دەڕوات دواتر ڕێنمایی تر دەردەچێت بۆ شێوازی دانەوەی ئەو پارەیەی لەسەر هەژمارە بانکیەکەیە.

یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەت بە موچەکانمان بوو. وە هەموان ئەوەندی کردنەوەی هەژمارە بانکیەکە و پێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی بە پاشەکەوتەکە بەلامانەوە گرنگ بوو، ئەوەندە بەلامانەوە گرنگ نەبو توانای ڕاکێشانی پارەکەمان دەبێت لەهەژمارەکە یان نا!
هەرچەندە هەوڵماندا بەڵام حکومەتی پێشو نەچوە ژێرباری کردنەوەی ئەم هەژمارە.

لەبەرئەوە باشترین خاڵێک کە لە یاسای چاکسازییدا هەبێت ئەم یاسایەیە، چونکە پێشتر ئەم پاشەکەوتە لەهەوادا بو، هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نەبو، بەڵام بەکردنەوەی هەژماری بانکی و دانانی پارەکە تێدا ( بەشێوەی ژمارە) خۆی لە خۆیدا شەرعیەتدانە بە ئەو قەرزەی لەئەستۆی حکومەتدایە.
هەرچەندە لەیاسەکەدا واهاتوە توانای ڕاکێشانی پارەکە نیه لەلایەن کەسی سودمەندەوە کە فەرمانبەرە، بەڵام ئەم هەژمارە قەرزێکی دانپیانراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەر لەسەردەمی ئەم حکومەتەشدا وەرنەگیرێت ئەوا ئاساییە و دەتوانرێت لەسەردەمی حکومەتەکانی داهاتو وەربگیرێت.

لێرەدا پێویستە دوو نمونەی زیندوومان بیر بێتەوە:

١ـ کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا، هەموان دەزانین و لەیادمانە بانکی هەڵەبجە بڕدرا و پارەکەی برا، لەکاتێکدا کە بانکی هەڵەبجە پڕبو لەپارەی دانراوی خەڵک، ئەوەبو حکومەتی عێراقی لیژنەی تایبەتمەندی لە بەغدادەوە دروستکرد لەگەڵ فەرمانبەرانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی و بەهۆی بونی بەڵگەکانەوە خەڵکەکە پارە دزراوەکەی خۆی لە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق وەرگرتەوە و مافەکانیان نەفەوتا، هەچەندە کردارەکە کاتی خایاند بەڵام لەکۆتاییدا بەهۆی بونی هەژماری بانکی و بەڵگەکانی هەژمارەکە خەڵک پارەی خۆی وەرگرتەوە.

٢ـ لەکاتی ڕاپەڕینەکەی هەرێمی کوردستان، دوبارە پارە لە بانکەکانی پارێزگا ڕاپەڕیوەکان نەمان!
دیسان هەمو ئەو خەڵکەی پارە و مومتەلەکاتیان لە بانکەکان دانابو تەنها بەڵگە بانکیەکانیان لا مابو وەک بەڵگەیەک لای خۆیان هەڵیانگرتبو، چونکە خەڵک متمانەی بە بانک و کاری بانکی هەبو.
پاش ڕوخاندنی ڕژێمی پێشوی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ دوبارە خەڵکەکە بەهۆی بەڵگەکانیانەوە توانیان پارەکانیان لەبانک وەربگرنەوە ( هەرچەندە دراوی عێراقی گۆڕابو، بەڵام بە شکاندنەوەی پارە سویسرییەکانیان بەپارەی چاپی برێمەر پارەکانیان وەرگرتەوە).
ئەمە جگە لەو خەڵکەی کە پارەی ٢٥ دیناری سویسری هەبو، بەهۆی بڕیارێکی سەرکێشانەی سەرۆکی ڕژێمی پێشوی عێراق ئیلغا کرابوەوە، هەمویان دوبارە توانیان پارەکانیان بگۆڕنەوە بە پارەی چاپی برێمەر.

لەبەرئەوە پێویستە دەستخۆشی لە خاڵە ئیجابییەکانی یاساکە بکەین هەرچۆن ڕێگە بەخۆمان دەدەین ڕەخنە لە خاڵە سلبییەکان بگرین.
حکومەتی پێشو پاشەکەوتی کرد، ئەم حکومەتە دەیخاتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، با پشودرێژ بین گەر لەحکومەتی داهاتودا وەریبگرینەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن