509 دیمانە

باژێڕوانی گۆڕان لە هەڵەبجە:
خەڵک خۆزگە بەوکاتە دەخوازن کە هەڵەبجە قەزا بوو

08:35 - 09/09/2019

سازدانی: بەهادین یوسف

 

باژێڕوانی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە کاریگەریی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە دروستکردووەو بەهۆی نەبوونی چاودێر بەسەر کارەکانیانەوە، نازانرێت بودجەی پارێزگای هەڵەبجە چەندەو سەرچاوەکەی کوێیەو چۆن خەرج دەکرێت.
نزار مەحمود، باژێڕوانی هەڵەبجەو ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ “زەمەن” وردەکاریی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و هۆکاری پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەو دەستبەکارنەبوونی بەڕێوەبەرە گشتییەکان روون دەکاتەوە.

* دوای چەندین کۆبوونەوەو رێکەوتن، بۆچی تائێستا ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەستبەکارنەبوون؟
- بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، دوو رێکەوتن هەیە، رێکەوتنێکیان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی پارێزگاکەو رێکەوتنێکی دیکە لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا کراوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەو سلێمانی.

رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لەسەر پارێزگای سلێمانی، ئەو رێکەوتنە بۆ دابەشکردنی پۆستی پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو، هەڵەبجەشی تێدابوو.

رێکەوتنێکی دیکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بوو بۆ دابەشکردنی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاو رێکەوتنێک بۆ پۆستە ئیدارییەکان. هەموو لایەنەکان بێجگە لە پارتی هەڵبژاردنی 30/4/2014 کراوەتە بنەما بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونکە هەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە نەکراوە. لەسەر ئەو بنەمایە پشک و بەرکەوتەی لایەنەکان دیاریکرا، پارتی بەو رێکەوتنە رازی نەبوو، بەڵام کێشەی پارتی ئەوەبوو پۆستێکی بەرنەکەوتبوو وەک بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆکایەتی ئەنجومەن و پارێزگار و قایمقامەکان، کێشەی ئەوان لەسەر قایمقامی هەڵەبجە بوو.

هەفتەی رابردوو سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە پارتیشەوە کۆبووینەوە، لەژێر چاودێری و لەسەر داوای نووسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستان بوو، سەرجەم لایەنەکان بە پارتیشەوە رازی بوون بەوەی هەڵبژاردنی 30/4/2014 بکرێتە بنەما بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و هیچ لایەک لارییان نەبووە لەسەر رێکەوتنەکانی پێشوو.

*کەواتە ئەمجارە پارتی هاتووەتە ناو رێکەوتنەکەوە بۆ ئەوەی پەلە لە جێبەجێکردنی بکرێت؟
- ئەوان رازین، بەڵام یەک کێشەیان هەیە خۆیان بە مەغدوور دەزانن لە دابەشکردنی پۆستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکاندا. ئەوان بە وەرگرتنی یەک پۆست رازین، داوای پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵیان کرد، یەکێتی رازی بووە بەو داواکارییە، بەڵام پارتی چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی سەرکردایەتی پارتییە بۆ ئیمزای کۆتایی رێککەوتنەکە.

*ئەی پێشتر بۆچی ئەو رێکەوتنە جێبەجێنەکراوە؟
- هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێکەوتنەکە پارتی بوو، کە بەوشێوازە رازی نەبووە. ئەگەرنا ئێمە ناوەکانیشمان ناردووەو کاندیدەکانی ئەنجومەنی پارێزگا چووەتە ئەنجومەنی وەزیرانیش، بەڵام لەبەرئەوەی پارتی خۆی رازی نەبووەو خۆی دەسەڵاتدار بووە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، ئیشەکان نەکراون.

* پێشبینی دەکەیت کە ئەمجارە رێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و ئەنجومەنی پارێزگاو ئیدارەی خۆجێی و ئەنجومەنی پارێزگا زوو پێکبهێنرێت؟

- بەپێی ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا قسەکراوە، هەموو لایەنەکان پەرۆشن بۆ ئەوەی رێکەوتنەکە جێبەجێبکرێ. بەڵام ئەم پەرۆشییە لەلایەک و سیاسەتی حزبەکان لەلایەک، چونکە دوای کۆبوونەوەکەش هەست دەکەی گۆڕانکاریی لە قسەکانیان روویداوە، پێشتر پارتی تەنیا داوای ناحیەی خورماڵیان کرد، بەڵام دواتر دەڵێن بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، یان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، یان سەرۆکی ئەنجومەن. لەکاتێکدا دوورو نزیک باسی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە نەکراوە کە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە.

* پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاو دەستبەکارنەبوونی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کاریگەریی هەبووە لەسەر سستبوون یان بە پارێزگا نەبوونی هەڵەبجە؟
- بەداخەوە ئێستا خەڵک لە هەڵەبجە خۆزگە دەخوازێت هەر قەزاکەی پێشووتر بوایە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەنجومەنەکە پێکنەهاتووە. چونکە تا ئەنجومەن دەستبەکارنەبێ ناتوانرێت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دابنرێت و پێویستی بە دەنگی ئەنجومەنی پارێزگایە. ئێستا زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی پێشو ئێستا بەشێکیان بەوەکالەت بوون بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەوەکالەت.

بەشێکی دیکەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کارەکان بە هەڕەمەکی بەڕێوەدەچێ، چونکە نازانرێت بودجەی پارێزگاکە چەندە؟ کێ دابینی دەکات و چۆن خەرج دەکرێت؟ کاری سەرەکی ئەنجومەنەکە ئەوەیە کە چاودێریی خەرجکردنی بودجەکە بکات، لەبەرئەوە ئەو قەناعەتە درووست بووە کە قەزاکەی جاران باشتر بووە، چونکە پێشتر کە قەزا بوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چاودێری خەرجکردنی بودجەو داهاتەکەی دەکرد. ئێستا بووەتە پارێزگاو ئەنجومەنیشی نییە، بۆیە هیچ کەسێک چاودێری ناکات.

لەبەغداش ئەگەر بودجە بۆ هەر پارێزگایەک دابنرێ، ئەگەر ئەنجومەنێک نەبێ ئەوا پەرلەمانی عێراق دانی پێدانانێ. ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق ویستی پشکی هەڵەبجە لە بودجەی پەرەپێدانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دابنێ، بەشی هەڵەبجە نەدرا لەبەرئەوەی ئەنجومەنی نەبوو.

*تەنیا لەو روەوە کێشە بۆ پارێزگاکە دروست بووە کە ئەنجومەنی نییە؟
- نەخێر بەشێکی کێشەکان ئەوەیە ئێستا قۆرخکارییەکی زۆر هەیە، چونکە هەموو پۆستەکان لای یەکێتییە. بۆ دانانی بەرپرسی بەش و هۆبەی ناو فەرمانگەیەک، مەڵبەند دەستوەردان دەکات کە خۆیان خەڵک دابنێن ئیتر هەرچۆنێکبێ و لەسەر هەر بنەمایەکبێ. لەبەرئەوەی چاودێریی نییە و ئەو هەموو کێشانەش هەیە لەبەرئەوەیە خەڵک قەزاکەی جارانی پێ باشتر بوو.

* ئەی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەستبەکارنەبوونی ئەنجومەن‌ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان چ کاریگەرییەکی بەجێهێشتووە؟
- بە دڵنیاییەوە کاریگەری زۆری هەیە، چونکە نازانرێت بودجەی پارێزگاکە چۆن خەرج دەکرێت، نازانرێ چەندەو سەرچاوەکەی کوێیەو لە چیدا خەرج دەکرێ؟ چونکە کەس نییە چاودێریی بکات، ئەولەویەتی پڕۆژەکان دیارنییە کام پڕۆژە گرنگە بۆ شارەکە، لەبەرئەوەیە خزمەتگوزاریی بەرەو خراپی دەڕوات و وەک پێویست نییە.

* وەک خۆت دەڵێیت ئەوە یەکێتی بە تەنیا فەرمانگەکانی قۆرخکردووە، ئەی بۆچی لایەنەکانی دیکە فشار ناکەن تا ئەو قۆرخکاریی و بێخزمەتییە نەمێنێ؟
- پێشتر ئێمە رێکەوتنمان هەبووە لەگەڵ یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، دەبوو دوای ئاڵوگۆڕەکان پۆستی جێگری پارێزگارو قایمقامی ناوەند بەر ئێمە بکەوێ. دوای ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگا، پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتییش تێکچوو، تائێستا مافی خۆمان لە وەرگرتنی جێگری پارێزگارو قایمقامی ناوەند وەرنەگرتووەتەوە. چونکە کە لە سلێمانی ئاڵوگۆڕکرا دەبوو لە هەڵەبجەش ئاڵوگۆڕ بکرایە، بەڵام پەیوەندییەکانمان خراپ بوو، چەندجارێک یەکێتی داوای کۆبوونەوەی لە گۆڕان کرد، گۆڕان مەرجی ئەوە بوو کە هیچ نەبێ لانیکەم رێکەوتنەکەی هەڵەبجە جێبەجێ بکەن، ئەوکات دانیشتن دەکەین. ئەوەنییە ئێمە قسەمان نەکردبێ یان هەوڵمان نەدابێ، بەڵام بەهۆی داخستنی پەرلەمان و رێگری لە وەزیرەکانی گۆڕان جۆرێک لە پاشاگەردانی هەبوو، هیوادارین لە چەند مانگی داهاتوودا هەنگاوەکان بچنە پێشەوە.

* ئەی دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ چاوەڕێ دەکەن هەنگاوەن بچێتە پێشەوە؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە هیوادارین هەنگاوەکان بچنە پێشەوەو رێککەوتنەکان جێبەجێبکرێن و ئەنجومەنی پارێزگا دەسبەکاربێ، تا بتوانن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان یەکلایی بکەنەوەو پەسەندیان بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن