بەپەلە.. وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە
06:05 - 06/09/2026
زەمەن - هەواڵ
لەبارەی كۆبوونەوەی هاوبەشی هێزە تەناهییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەمەبەستی زیاتر پتەوكردن و بەرەوپێشبردنی هاوكاری و هاوئاهەنگییەكانی نێوان هێزە تەناهییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریقی یەكەم روكن عبدلئەمیر شەمەری بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی سەربازی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان، بەرپرسی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەیەك ئەفسەری باڵا و فەرماندە سەربازییەكان و بەرپرسی دەزگا تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هاوبەشی باڵای تەناهیی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە ئاسایشی ناوچەی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق كرا، كە لە رێگەی لیوا هاوبەشەكان دەپارێزرێن، بۆ ئەمەش دووپاتیان كردەوە لە هاوكاری و هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەو لیوایانە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و تۆكمەتر ئەو ناوچانە كۆنترۆل بكەن و ئاسایشیان بپارێزن.
وەزارەتەكە رای گەیاند، هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بابەتی ئاسایشی سنور و پاراستنی سنوورەكان لەلایەن پاسەوانی سنوور و هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوبەشی باسكران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامی مەشق و راهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوولا كرا.