12 کوردستان

دەمپارتى: ئاشتی تەنها بێدەنگکردنی چەکەکان نییە

10:33 - 13/11/2025

زەمەن پرێس:
پەرلەمانتاری دەم پارتی دیلان کونت لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ئاشتی تەنها بێدەنگکردنی چەکەکان نییە بەڵكو ڕێزگرتنیشە لە ئازاری یەکتر و قبوڵکردنی یەکتر، ڕێز لە مردووەکانمان و مافی سەرەخۆشی بگرن.
ئەمڕۆ، لە پەرلەمانی تورکیا، دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە وێنەی هێرشکردنە سەر تەرمی دلبەر بۆزکورتی نیشاندا کە لە پرۆسەی خۆبەڕێوەبەری شارەکان لە سووری ئامەد شەهیدبوو و وتی: ئەم وێنەی ساڵی ٢٠١٦ لە بیری کۆمەڵگە و ئێوەدا ماوە، بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشدەکەنە سەر تەرمێک، بە تۆما هێرشدەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەشداریی لە مەراسیمەکەدا بکەن، ئەم وێنەیە تەنها دەرخەری ساتێک نییە، ئێمە دەبینین کە مافی ئەنجامدانی مەراسیم و ویژدان و هاوبەشکردنی ئازاری گەلێک، بەشێوەیەکی سیستەماتیک ڕێگریی لێ دەکرێت، ئاشتی تەنها مافی زیندووان نییە، بەڵکوو مافی مردووەکانیشە.
وتیشی: بەدرێژایی مێژوو و بەتایبەت لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، ڕێز لە گۆڕ و گۆڕستانەکان گیراوە، بەڵام ساڵانێکە بێڕێزیی بەرانبەر گۆڕ و گۆڕستانەکان دەکرێت و ڕێگە لە گەل دەگیرێت مەراسیمەکانیان بەگوێرەی پێویست ئەنجام بدەن.
دیلان کونت ئایان لە درێژەدا، چیرۆکی خاڵە بەهجەتی گێڕایەوە کە یەکێکە لە سیمبولەکانی ئاشتیخوازیی و هەموو خەڵکی وێرانشار خۆشیان دەوێت، کوڕەکەی لە ١١ـی ئابی ٢٠٢٠ لە هەرێمی مەتینا شەهیدبووە، لە ٣١ ـی تشرینی یەکەم هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەی پێ گەیشتووە و وتی: بەڵام ڕێگە نەدرا ئێش و ئازارەکەی بژی و هاوبەشی بکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم پۆلیسەکان ڕێگەیان نەدا خەڵک بچنە سەردانی مەراسیمی سەرەخۆشیی کوڕەکەی، هۆکاری ئەمە چییە؟ تۆڵە لە مردوو دەکرێتەوە؟ ئازارچەشتنی باوکێک دەبێتە تاوان؟ ئەم باوکە ناچاربوو مەراسیمی یادکردنەوەی کوڕەکەی لەژێر گەمارۆی پۆلیسدا ئەنجام بدات.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئاشتی تەنها بێدەنگبوونی چەکەکان نییە، ڕێزگرتنە لە ئازاری یەکتر و قبوڵکردنی یەکترە.
دیلان کونت وتیشی: بانگەوازیمان بۆ ئەو کەسانەیە کە تەنانەت مافی سەرەخۆشی قبوڵ ناکەن؛ ئێمە ڕێگەتان پێ نادەین، ڕێز لە مردووەکانمان بگرن، ڕێز لە مافی سەرەخۆشی بگرن، چونکە ئاشتی، ڕێزگرتنە لە مەراسیمەکانی سەرەخۆشی لایەنەکەی دیکە، کات کاتی ئاشتییە و دەبێت هەموو ئەو کارانەی زیان بە ئاشتی دەگەیەنن وازیان لێ بهێنرێت، بانگەوازیمان بۆ وەزارەت ئەوەیە کە دەستبەجێ واز لەم جێبەجێکردنانە بهێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن