ئەم کەسانە لە وەرگرتنى دۆلارى 132 هەزارى سوودمەند دەبن.. هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە
08:37 - 14/05/2025
زەمەن - کوردستانى
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، حاجیانى عێراق بەهەمانشێوەى حاجیانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، دەتوانن لە وەرگرتنى دۆلار بە نرخى فەرمیى بانکى ناوەندی کە 132 هەزار دینارە بەرامبەر 100 دۆلار سوودمەندبن.
کاروانى ستوونى گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر حاجییەک بڕى دوو هەزار دۆلارى بە نرخى فەمیى بانکى ناوەندى بۆ دەگۆڕدرێت، دەشڵێت، وەکو ئاسانکاری و هاوکاری بۆ حاجییان بەردەوام هەوڵمان داوە لەگەڵ بانکی ناوەندیی فیدراڵ.
راشیگەیاند، لەئەمڕۆوە حاجییان سەردانى لقی بانکەکانی جیهانیان کردووە بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە، هۆشداریش دەداتە حاجییانى سنوورى سلێمانى و دەڵێت، حاجیانی سلێمانی تەنیا یەک رۆژیان ماوە، بۆیە پێویستە سبەی سەردانی بانک بکەن.
کاروان ستوونى راشیگەیاندووە، پێویستە حاجییان بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنى ئەو دۆلارە پاسپۆرت و ڤیزا لەگەڵ خۆیان ببەن، هەروەها نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت، لقی بانکەکانی جیهان لە هەولێر، سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە.