47 کوردستان

د. عەلی قەرەداغی: داوا لەكوردی رۆژئاوا دەكەم شەڕی فیدراڵی و كۆنفیدراڵی نەكەن و شەڕی ماف بكەن

01:06 - 01/05/2025

زەمەن - كوردستانی

 د. عەلی قەرداغی پێیوایە لە ڕووی واقیعەوە دروستکردنی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان گونجاو نییە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەحمەد شەرع زۆر ڕێزی کورد دەگرێت و نایەوێت شەڕ بکات.

د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمانان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی پەیام دەربارەی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، کێشەی کورد لە سووریا پێویستی بە دوو لایەن هەیە یەکێکیان حکومەتی ئەحمەد شەرع و دووەمیشیان تورکیایە.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی سەردانی شاندی ڕێکخراوەکەیاندا بۆ دیمەشق و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سووریادا باسیان لە پرسی کورد کردووە.

قەرەداغی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا بە تایبەتی باسی کوردم کرد و ئەوەی لە قسەکانیدا دەرکەوت ئەو نایەوێت شەڕ بکات و زۆر ڕێزی کورد دەگرێت و دەڵێت کورد یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی گەلی سووریا.

داواشی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد خۆیان بەراورد نەکەن لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و شەڕی مافەکانیان بکەن نەک شەڕی دەستەواژەکانی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی.

ئاماژەشیدا بەوەی ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ناکرێت بۆ کوردانی سووریا دووبارە ببێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە بەیەکەوە لکاوە، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان پارچە کراوە.

د. عەلی قەرەداغی بەباشی زانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر مافەکانی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا هەبێت و بەشداری لە حکومەتدا بکات و جۆرێک لە خۆبەڕیوەبردنی هەبێت.

جەختیشیکردەوە کە شەڕ لە بەرژەوەندی کورد و موسڵماناندا نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن