26 کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان: ژیان و گیانی کرێکاران تێیدا پارێزراو نییە

11:17 - 01/05/2025

زەمەن – هەرێمی كوردستان

دەقی راگەیەنراوێك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەبۆنی رۆژی جیهانی كرێكارانەوە.

1ی ئایار ڕۆژێکی پرشنگدار
 ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی  پرشنگدارە بۆ سەرجەم کرێکارانی پیاو و ژن، ١ی ئایار لە هەموو کرێکاران پیرۆز بێت، بەتایبەت ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کار دەکەن.
ڕۆژی کرێکاران ڕۆژی داخوازی و داواکاریی کرێکارانە، جیاوازیی ١ی ئایار لەگەڵ ڕۆژەکانی تر  ئەوەیە، دەبێت لەم ڕۆژەدا هەوڵی جیدی بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران.

هەرێمی کوردستان هەرچەندە لە ڕووی جوگرافیا بچووک و لە ڕووی دانیشتوانەوە کەمە، بەڵام ژیان و گیانی کرێکاران تێیدا پارێزراو نییە، کە بەداخەوە ساڵانە دەیان کرێکار لە شوێنی کارەکەیان و لەسەر کار دەبنە قوربانی و گیان لە دەست دەدەن.

کرێکاران ئەو چینەن کە هەمیشە لە شۆڕشی بەرگری و شۆڕشی ئاوەدانی وڵاتدا لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا بوون و دەبن، سەرەڕای ئەوە ئاشکرایه لای هەموان ڕۆڵی کرێکاران لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان چەندە گەورە و ئەوان ئامادەیی جیدیان هەبووه. ئەوەیش ڕوونە لای هەموو لایەک له دوای ٣٣ ساڵ لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دا، نەتوانراوە لانی کەمی پێداویستی لە ماف و داخوازییەکانییان پاراستنیان  بهێنرێتە دی .
لەو ماوەیەیشدا هەرچی لەم ڕۆژەدا گوترابێ بە غەیری ناوهێنان و دروشمی تایبەت بۆ مەرامی تایبەت لە بۆنە و کایه سیاسییەکاندا بە گشتی هیچ بەرهەمێکی بۆ کرێکاران لێ نەکەوتۆتەوه.
ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی کرێکاراندا هاوپشتی و هاوخەباتی هەمیشەیی خۆمان لە ماف و داخوازییه ڕەواکانیان دەکەین و داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووه ئاوڕێکی جیدی لە ژیان و گوزەرانی کرێکاران بدەنەوە و داواکاری و مافەکانیان بهێنرێتە دی .
بزوتنەوەی گۆڕان
گردی زەرگەتە
١/٥/٢٠٢٥

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن