35 کوردستان

وەزیری کار: سێ هێندەی هەموو کابینەکانی ڕابردوو کرێکارمان دەستەبەر کردووە

01:30 - 01/05/2025

زەمەن – هەرێمی كوردستان

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمدا سێ هێندەی هەموو کابینەکانی ڕابردوو دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران کراوە. دووپاتیشی دەکاتەوە، بە چەندان شێوازی جیاواز کارمان بۆ باشترکردنی ژیان و دابینکردنی مافی کرێکارانی کردووە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە وەڵامی پرسیاری "کابینەی نۆیەم چی بۆ کرێکاران کردووە" ئاماژەی بەوە دا "ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چەندان شێوازی جیاواز کارمان بۆ باشترکردنی ژیان و دابینکردنی مافی کرێکارانی کردووە. یەکەم لە ڕووی یاساییەوە، یاسای کار لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، بەڵام بەداخەوە نازانم بە چ هۆیەک لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاو نەکرایەوە."

کوێستان محەممەد، باسی لەوەش کرد "هەر لە کابینەی نۆیەم، پرۆژەی خانەنشینیی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە هەرێمی کوردستانمان ئامادە کرد و لە کابینەی داهاتوو دەنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان. هەروەها بۆ جاری یەکەم لە هەرێمی کوردستان ڕێنمایی تەندروستیی پیشەیی بۆ پاراستنی ژیانی کرێکاران دەرچوون و چەندان ڕێنمایی دیکەشمان لە بەرژەوەندیی کرێکاراندا هەموار کردووەتەوە."

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دووپاتی کردەوە "لە کابینەی نۆیەم زۆر گرنگیمان بە مافی کرێکاران داوە، هەر بۆیە لیژنەکانمان چالاکانە سەردانی سەرجەم ئەو شوێنانەیان کردووە کە مەترسییان لەسەر ژیانی کرێکاران هەبووە و خاوەنکاریان ناچار کردووە بە دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستیی پیشەیی بۆ کرێکاران تا لە کاتی کارکردن، لەبەری بکەن و بەکاری بهێنن."


بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی "لە کابینەی نۆیەمدا سێ هێندەی هەموو کابینەکانی ڕابردوو دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران کراوە و پارەی سندووقمان زیاتر کردووە. بەوپێیەی لە هەرێمی کوردستان، دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ 193 هەزار و 768 کرێکار کراوە. هاوکات 55 هەزار و 456 شوێنی کار دەستەبەر کراون و مانگانە بەشدارییان لە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی هەیە. پارەی سندووقەکە ئێستا دەگاتە زیاتر لە تریلیۆنێک و 300 ملیار دینار."

لەبارەی ئەوەی بۆچی ژمارەی کرێکاری خانەنشینین کراوە زۆر کەمە؟ کوێستان محەممەد گوتی: "ئەمە بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە، یەکەمیان، لەبەر ئەوەی لە کابینەکانی ڕابردوو وەک ئەم کابینەیە، زۆر گرنگی بە دەستەبەریی کرێکار نەدراوە. دووەمیان، زۆرینەی کرێکارەکان کاتێک تەمەنی یاساییان تەواو بێت، لە جیاتی ئەوەی خۆیان خانەنشنین بکەن، پارەی کۆتایی خزمەت وەردەگرن. لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە پێنج ملیار دینارمان وەک پارەی کۆتایی خزمەتمان بە کرێکاران داوە. هەرچەندە پارەکە بە یەکەوە وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە دواتر خانەنشین نابن."

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاشیگەیاند "بە گوێرەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، خانەنشینی تەنها ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە دەستەبەر کراون، ئەگەر تەنها بۆ ماوەی دوو مانگیش دەستەبەر کرابێت، خانەنشینی دەیگرێتەوە و دواتر ئەگەر خۆیشی بمرێت، خێزانەکەی دەتوانێت خانەنشینیییەکە وەربگرێت؛ بەڵام بەدەر لەمە کرێکار ناتوانێت خانەنشین بێت. زۆر گرنگە کرێکار لە کاتی ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ خاوەن کارێکدا، ئەو هۆشیارییەی هەبێت داوای دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بکات، چونکە زۆر جار خاوەن کارەکان، کرێکارەکانیان چەواشە دەکەن و دەستبەرییان بۆ ناکەن."

بە بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر کۆمپانیایەکی ناوخۆیی، یان بیانی لە هەرێمی  کوردستان کار بکات و بیەوێت کرێکاری بیانی بهێنێت، دەبێت 75% ـی کرێکارەکانی خەڵکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بن و بۆی هەیە تەنیا 25% ـی کرێکارەکانی بیانی بن.

کوێستان محەممەد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران بووەتە هۆی ئەوەی، لە ساڵی 2025، هەزار و 400 خۆماڵی جێگەی شوێنی کرێکاری بیانی بگرنەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش دا، لەبارەی بابەتی هێنانی کرێکاری بیانی، لێکگەیشتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی کاری عێراق هەیە و پابەندی بڕیارەکانیان دەبن. ڕەتیشی کردەوە، هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ قەدەغکردنی کارکردن بە کرێکاری بیانی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دەرچووبێت و گوتی "چەند دەنگۆیەک بوون و تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرابوونەوە."
سەرچاوە: كوردستان 24

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن