وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناجیەى خەلەکان و نوێنەرانى سنوورەکە کۆبووەوە
07:20 - 18/03/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لە کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان و ژمارەیەک لە دانیشتوان و کەسایەتییەکانی سنورەکە کرد.
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە نووسیویەتى، لە دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بە پڕۆژەکانیان کرد لە سنورەکەو سەبارەت بە رێگای (هیزۆپ-خەلەکان-دوکان) رایگەیاند؛ بەئامانجی هەرچی زو تەواوکردنی، گۆڕانکاری لە پڕۆژەکە لە وەزارەت تەواو بوەو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ رەزامەندی، کە بەپێی گۆڕانکارییەکە لەگەڵ بەردەوامی لەکارکردن لە قۆناغی دوەم، بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی سێیەمیش کە بەشێکە لە سێ قۆناغەکەی رێگای دوکان-چوارقوڕنە لە گۆڕانکارییەکەدایە بەمەبەستی جێبەجێکردنی.
هەوەها دەڵێت، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە جەختیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیەو بەشێکە لە رێگای سلێمانی-هەولێر، لەماوەکانی رابردوش چەند جارێک سەردانی هاونیشتیمانیانمان کردوەو هەمو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە دوسایدی رێگاکە تەواو بکەین، کە بەشێکی تەواو کراوەو لە بڕگەکانی دیکەش کارکردن تیایدا بەردەوامە.
هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان و دانیشتوانی خەلەکان، وێڕای گەیاندنی داواکاری و بەدواداچون بۆ پڕۆژەکانی ناحیەکەیان، سوپاس و پێزانیان ئاراستەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کرد لەپای هەوڵ و خەمخۆریی بۆ سنورەکەو بەدەمەوە هاتنی داواکارییەکانیان.
ئاماژەیان بەوەکرد، لەماوەی ئەم کابینەیەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە رۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبوە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی شارو شارۆچکەکان، هەمیشە بەدەم داواکاریی هاوڵاتیانەوە بوەو جێدەستیان لە سنورەکە بەرچاوە.