لە فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى دەستیپێکرد
06:27 - 04/11/2024
زەمەن - ئابورى
فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندیى عێراق کە 132 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک دەستیپێکرد.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زەمەن، بانکى بازرگانیى عێراق (تى بى ئاى) لە هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێر و سلێمانى لقیان هەیە و بۆ هەر گەشتیارێک بڕى سێ هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بانکیى ناوەندیى عێراق دەگۆڕن.
بەگوێرەى راگەیەندراوى بانکەکە، گەشتیارانى هەرێمى کوردستان کە پێشتر مامەڵەى گەشتەکانیان پێشکەش بەو بانکە کردووە، بڕى سێ ملیۆن و960 هەزار دینار رادەستى بانکەکە دەکەن بۆ ئەوەى دواتر لە فڕۆکەخانە بڕى 3000 دۆلارەکەیان پێبدرێت، پێویستە بەر لە 72 کاتژمێر لە گەشتەکە، ئەو گەشتیارانە سەردانى یەکێک لە لقەکانى بانکى بازرگانیی عێراق بکەن، لە هەرێمى کوردستان بێت یان هەر پارێزگایەکى عێراق و، ئەو بڕە پارەیەیان بە دینار رادەست بکەن؛ هەروەها گەشتیار پاسپۆرت، کارتى زانیاری، کارتى نیشتمانى، ڤیزا و تیکتى گەشتەکەی رادەست دەکات و وێنەى گەشتیارەکە دەگیرێت، دواتر مامەڵەکەى دەخرێتە سیستمێکى ئەلیکترۆنییەوە کە بەستراوەتەوە بە بانکى ناوەندیى عێراقەوە.
دواى تەواوکردنى مامەڵەى گەشتیارەکە، پسوولەی تایبەت بە چوونە ناو سیستمە ئەلیکترۆنییەکە و فیشەی تایبەت بە رادەستکردنى دینارى عێراقى دەدرێتە گەشتیارەکە، کە دەیسەلمێنێت مامەڵەکەى تەواو کردووە و لە فڕۆکەخانە رادەستی لقى TBIی دەکات بۆئەوەى بڕە دۆلارەکەى پێبدرێت.