بەغدا لەسەر هەژماری من چی دەڵێت؟
05:13 - 03/11/2024
زەمەن - هەرێمی کوردستان
پەرلەمانتارێکی
پارتی لە بەغدا دەڵێت: حکومەتی عێراق ڕازییە بە پڕۆژەی هەژماری من و هیچ کێشەیەکی
نییە.
د. ڤیان سەبری،
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی حزبەكەی وتووە: پڕۆژەی ھەژماری
من زۆر لە تەوتین فراوانترە و ھیچ گرفتێكی تەكنیكی و یاسایی نییە و دەشڵێت: ئەوەی
دەكرێت تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و تێكدانە، ئەگەرنا حكوومەتی عێراق بەو پڕۆژەیە ڕازییە
و ھیچ گرفتێكی نییە.
هەروەها دەڵێت:
پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین
فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانكانەش كە
لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانكی ناوەندی تۆمار كراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە
و ھیچ گرفتێكی نییە.
لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جێگەی داخە لایەنێكی سیاسی لە پەرلەمانی
عێراق بە ھاوكاریی ھەندێك پەرلەمانتار واژۆیان كۆكردۆتەوە، بۆ ئەوەی ھەژماری من نەمێنێت
و مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان تەوتین بكرێن، كە ئەمەیان ھیچ بەرژەوەندیی فەرمانبەران
و مووچەخۆرانی ھەرێمی تێدا نییە.