252 ئابوری

هۆشداری دەدرێت... نرخی 100 دۆلار بۆ 160 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە

08:52 - 08/07/2024

زەمەن - ئابورى

 

نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق هۆشداری دەدات لە زیاتر بەرزتر بونەوەی نرخی دۆلار و رایدەگەیەنێت: دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت نرخی (100) دۆلاری ئەمەریكی بۆ (160) هەزار دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە.

زیا تائی، نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق، بە میدیاكانی راگەیاندوە: بەئامانجی دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران، بانكی ناوه‌ندی میكانیزمێكی نوێی په‌سه‌ندكرد كه‌ زیانی به‌ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن گه‌یاند، ئەوەش دوای ئەوەی كە ته‌نها چوار كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی بۆ كاركردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان هەڵبژارد.

وتیشی: نزیكەی هه‌زار و (200) كۆمپانیای ئاڵوگۆڕكردنی دراو لە عێراقدا هەیە، به‌ڵام بۆ كاركردن و فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران  بانكی ناوه‌ندی ته‌نها حه‌وت كۆمپانیای هه‌ڵبژاردوه‌ كە چواریان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانن، له‌كاتێكدا ژماریەكی زۆر كۆمپانیاكان دەتوانن ببن بە‌ ناوه‌ندێك بۆ فرۆشتنی دۆلار.

راشیگەیاندوە: بۆ پاراستنی كاركردنیان، ساڵێك پێش ئێستا كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردنی دراو میكانیزمێكیان بۆ بانكی ناوه‌ندی پێشنیاز كرد، به‌ڵام بانكی ناوه‌ندی رەزامەندی لەسەر نیشان نەدا و میكانیزمەكەی بە‌ ده‌ستێوه‌ردان سه‌ر لێشێواوی وه‌سفیكرد، له‌ كاتێكدا میكانیزمەكەی خۆی لە دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران لەرێگەی ئه‌لیكترۆنی پێكهاتبو.

زیا تائی ئاشكرایكردوە، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغی مانگرتن، كە ئه‌م رێكاره‌ش به‌های دۆلار به‌رزتر ده‌كاته‌وە  كە بەپێی پێشبینییەكان‌ پێدەچێت نرخی دۆلا بۆ (160) هه‌زار دیناری عێراقی به‌رزبێته‌وه‌، باشترین به‌ڵگه‌ بۆ بەرز بونەوەی نرخی دۆلار ئەوەیە كە له‌ماوه‌ی حه‌وت رۆژدا و پێش ئه‌وه‌ی میكانیزمه‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌های (100) دۆلاری ئەمەریكی بۆ سەر و (150) هەزار دینار بەرزبوەتەوە.

نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، به‌ئاماده‌بونی تیمێكی محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ كۆبونەوە كراوە، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو چه‌ند داواكارییه‌كیان پێشكەش كردوە، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرێن، مانگرتن راده‌گه‌یه‌نین و له‌به‌رده‌م بانكی ناوه‌ندی خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن