هەواڵ

لە سێبەری خوێندنەوەدا

06:27 - 08/07/2019 48 جار خوێندراوەتەوە

رەئوف بێگەرد

 
ئەزموونی داهێنانی نووسەرانی دنیا لە زۆر خوێندنەوەیاندا خۆ دەنوێنێت، بێگومان خوێندنەوەی ئاسایی نا، بەڵکو قووڵبوونەوە لە پرۆسەیەکدا کە بەردوام نەگونجانێکی ڕەوات لەگەڵ خۆت و دەوروبەرەکەتدا تیا دروست دەکات، چاوی گومان و ڕەخنەت بەرانبەر بە دیاردە و حاڵەتە جیاوازەکان گەشاوەتر دەکات، خوێندنەوە خوێندنەوەیەکی تری خۆت بۆ بەرهەمدەهێنێت، چ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی دەق یان لەسەر ئاستی خوێندنەوەیەکی ئەپستۆمۆلۆژیانەی کۆمەڵگا و ڕەهەندەکانی کە وەک ئەنجام دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەکانی ژیانی ڕووناکبیریت. یان لە خستنەوەی دەقێکی دیدا کە تەژی تر بێت لەو واقیع و خەیاڵە و دەشێت دیوێکی تری مانای جیاوازی هەبێت. خوێندنەوەی زۆر، وەک ئەنجام، دۆزینەوەی کۆمەڵێک نهێنی هونەرییشە لە توانایدایە واقیعە باوەکە، ئەوەی وابەستەی نەریتی باوی نووسینە ببەزێنێت و نوێتری لەسەر بنیات بنێت. دۆزینەوەی ڕازی نووسینی هونەری لە هێما و ئاماژە و بن دێڕە شاراوەکاندایە، لەو مانایانەدایە کە ڕووبەندێک ڕووی دەرەوەی شاردونەتەوە و لە قووڵیدا هەموو کەسێک ناتوانێت بیانگرێت.


نووسەرە دیار و داهێنەرەکان مەودای خوێندنەوەیان فرەلایەن و دەوڵەمەندە، لە تاقە تەوەرێکدا خۆ قەتیس ناکەن و لە بەرهەمهێناندا تەنیا بۆ کانییەکی وشک کرد و فرمێسکی ڕۆمانسیانە ناڕێژن. لە خوێندنەوەی دیمانە و بەرهەمیاندا هەست بەو زانستە فرە چەمک و ڕەهەندە فیکریانە دەکەیت کە وەک ئەنجام بوونەتە سستمی کار لەسەر کردنی خۆیان و، دەوڵەمەندیەک بەرچاو دەکەوێت ناتوانیت لەسەریان نەوەستیت و لێیانەوە فێر نەبیت. ئەو خۆ تەیارکردنە بە بیر و تیورەکانی تازەی دنیاوە، ڕەنگدانەوەیان لە کار و بەرهەمیاندا لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری سەرسووڕهێنەردا ڕاتدەگرن، کە خۆتی ڕاستەقینەت لا ئاشکرا دەکەن و، چاوی بە خۆدا چوونەوە و ڕێگاکانی داهێنانت زیاتر ڕوون و بەرجەستە ئەبن. دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوەیش بکرێت ئەو نووسەر و هونەرمەندە داهێنەرانە چەند لە خوێندنەوەی کارە نوێکاندا هاودەم و پەرۆشی مانەوەی ئەو پەیوەندیەن، هەر بەو ئەندازەیەش پەیوەندیان لەگەڵ هونەر و ئەدەبە کلاسیکیە دیارەکانی تری دنیا و خۆیاندا گەرمە، شاکارەکان وابەستەی هەر هەلومەرجێک بووبن و بە چ دیدێکەوە نووسرابن بوونەتە فاکتەری هەڵوێست وەرگرتن و وردبوونەوەی ئایندەی ئەمان، ئیتر لە شێوەی پەیڕەوی لێکردندا بێت یان دۆزینەوەی گەوهەری تری تەنانەت ئانتی ئەو کارانەیش کە هەر لەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆ نموونە کەم نووسەری گەورەی دنیا هەیە بە هەزار و یەک شەوە و دۆن کیخۆتە و ئەلیازە و ئۆدیسە و بەرهەمە فەلسەفی و شانۆییەکانی یۆنانی کۆن سەرسام نەبووبێت، تەنانەت داهێنەرێکی وەک خورخە لویس پورخیسسەرسامیەکەی بە هەزار و یەک شەوە لە کاری چیرۆکنووسینیشیدا ڕەنگی داوەتەوە. میلان کۆندێرای گەورە نووسەری چیک مەزنیی دۆنکیخۆتەی سیرڤانتس لەوەدا دەبینێت کە کۆمەڵێک ڕەوشی داهێنەرانەی دایە ڕۆمانی نوێ و بوو بە سەرچاوەی ڕەگەزێکی هەرە دیار کە کۆندێرا زۆر بە پێویستی دەزانی، ئەویش ڕەگەزی تەنزە، کە هەندێک بە مادەی پێکەنین و ڕابواردنی دەزانن بەڵام زیاد لەوە مایەی تێفکرین و دۆزینەوەی نهێنییەکانی ژیانی مرۆڤ و بەهاکانی سەردەمەکەیەتی. گۆنتەرگراس هەموو ساڵێک مەسخی کافکای دووبارە خوێن دەکردەوە و کۆندێرایش سەرسامی بە کافکا لە سەرسامی ماکس برۆدی هاوڕێی کافکا زیاترە کە دوای مردنی بەرهەمەکانی پاراست و لەسەر وەسیەتەکەی کافکا لەناوی نەبردن، کۆندێرا لە کتێبی “وەسیەتە شێوێنراوەکان”یدا دوو فەسڵی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە و بەرگریەکی زۆر لەو پەیامبەرە – بە زاراوەی خۆیان – دەکات کە (برود)ی هاوڕێی لە یەک دوو شوێندا، بێ مەبەست لێکدانەوەی ناجۆری بۆ کردووە. مارکیز و ئۆستەریاس و ئەلیزابیت ئەلیندی و دەیان نووسەری تری ئەو دەڤەرە لە ئەفسانە و کەلەپووری ئەمریکای لاتیندا هێند سەردەستەن کە زۆربەی داهێنانەکانی خۆیانیان پێ موتوربە کردوون. یەشار کەمال جوانترین ڕۆمانی لە ئەفسانە و بەیتەکانی ئەنادۆڵ و بەتایبەتی داستانە فۆلکلۆریە کوردیەکانەوە بەرهەمهێناوە، وەک کارێکی هونەری بەرچاوی خستوون و سەرسامی کاری کافکایشە. شانۆگەرییە هەرە دیارەکانی شەکسپیر سەرچاوەیان ئەفسانەکانی لاتینە و تا ئێستایش هاملێت و ماکبێس بەرهەمی پەیڕەوی لێکردن و جێگای سەدان لێکۆڵینەوەی جۆربەجۆری کۆمەڵایەتی و دەروونین کە بەردەوام لە خوێندنەوەدان و نموونەی کاری ترن.


بەداخەوەم هەنگاوی ئێمە لەم بوارەیشدا کورت و کەمتینە، نە خۆناسینمان هەیە و نە خەڵک ناسین، ئەگینا چۆن دەبێت شاعیرێکی ئەمڕۆ نە ئۆکتاڤیوپازی خوێندبێتەوە و نە ڕامبۆ، نە ئەلیوت بناسێت و نە نیرودا و نە دەیان ناوی دیاری دی. سەری لە ئەدەبی کلاسیکی نەتەوەکەی دەرنەچێت و نەزانێت شیعرێکی نالی و مەحوی نەک لێکبداتەوە بەڵکو بە ڕەوانی بیخوێنێتەوە. یان چیرۆک نووسێکی بە ناو نوێخواز نەک عەشقی کار و خوێندنەوەی وردی کافکا و ئەمبرتو ئیکۆ و کۆندێرا و خوان ڕۆڵفۆ و مارکیزی نەبێت و سووسەی لێکدانەوە جیاوازەکانی کاری ئەو گەورە نووسەرانەی تیا کوژابێتەوە، بەڵکو تەنانەت شاکارێکیانی وەک خوێنەرێکی ئاساییش نەخوێندبێتەوە، ئاگاداری مێژووی کارەکەی خۆی نەبێت و توانای لەسەر وەستانی ئەو کارە ناوازانە نەبێت کە دەشێت لە سەردەمی خۆیاندا و تا ئێستایش لە دەوروبەری خۆیان ڕووناکتر بووبن، یان بە چاوێکی سووکەوە لە ئەفسانە و میراتی نەتەوایەتی خەڵک و خۆی بڕوانێت و بەهرەی تێگەیشتنی ئەو ڕاستیەی نەبێت کە ئێستا لە بۆشاییەوە نەهاتۆتە دی و بەشێکی زۆری بەرهەمی ڕابووردووە، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین لایەنە ڕووناکەکانی بهێڵینەوە و تاریکەکانی هەڵاوێردکەین، بێجگە لەوەی کە ئومێد و خەونەکانی ئایندە بێ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕابوردوو هەرگیز نایەنە دی، من لەوە بێگومانم و زۆریش بێگومانم، تێکستی سەرکەوتوو لە نووسەرێک چاوەڕوان ناکرێت خاوەنی کلتووری دەوڵەمەند نەبێت و پەیوەندییەکی هەرە عاشقانەی بە ئەدەب و ڕووناکبیری زیندووی دنیاوە گرێ نەدابێت، کە ئەمەی تیا نەبوو واتا لە ڕۆحی سەردەمەکەیەوە دوورە و نەیتوانیوە بەهرە لە بەخشندەییەکانی وەربگرێت، کە لەم سیفەتەیش دوور بوو واتا بێ جیهان بینیە، ئیتر دوای ئەمە هەرچی بکات و بنووسێت بێجگە لە کارتۆنێکی بەتاڵ چی تر بەرهەم ناهێنێت، لای من ئەو خۆناسین و خەڵک ناسین و ڕابووردوو خوێندنەوەیە پەیوەندییەکی ئۆرگانیە بۆ بەرهەمهێنانی شاکارەکان و، شادبوون بەو ڕۆحانەی سنووری قەڵەمڕەوێکیان بزاندووە و لە کەسێکەوە بوونەتە جەوهەر و بیرێک، بۆیە بەردەوام لە بەخشندەیی ناکەون و شیاوترین کەسیش بۆ وەرگرتنی “ئەگەر بەڕاستی عاشق بین” ئێمەی کەم بەهرە و میللەتە پەراوێزخراوەکانی تری دنیاین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن