665 هەمەڕەنگ

خانمە ئەکتەرێکی عێراقی سکاڵای یاسایی لە دژی گۆڤاری The Economist تۆمار دەکات

01:09 - 13/08/2022

زه‌مه‌ن - هه‌مه‌ڕه‌نگ

خانمە ئەکتەری عێراقی بەناوی ئیناس تاڵیب لە بەرامبەر بە کارهێنانی وێنەیەکی لەلایەن گۆڤاری The Economist، لە یەکێک لە بابەتەکانیدا بە ناونیشانی "بۆچی لە جیهانی عەرەبیدا ژنان لە پیاوان قەڵەوترن؟"، کاردانەوەی خۆی نیشاندا و گوتی: "تەندروستم و دڵخۆشم بە چۆنیەتی دەرکەوتنم. ئەوە تەنها شتێکە کە بۆ من گرنگە".

بەپێی هەواڵی کەناڵی ئەلعەرەبیە، ئیناس تاڵیب کە یەکێکە لە خانمە ئەکتەرە ناسراوەکانی عێراق، لە بەریتانیا دەست دەکات بە رێوشوێنی یاسایی دژی گۆڤاری The Economist.

ئیناس تالیب ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڤارەکە وێنەکەی ئەوی بەبێ مۆڵەت وەگرتن و بۆ مەبەستی خۆی بەکارهێناوە، ئەوەشی خستەڕوو کە بەکارهێنانی وێنەکەی لە بابەتەکەدا پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی بووە.

ئەو خانمە عێراقییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا پارێزەرە بەریتانییەکەی باس لە "سکاڵاکەی دژی گۆڤارەکە" دەکات.

دواجار لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری New Lines ، ئیناس تاڵیب رایگەیاندبوو: "داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە مەعنەوی و کۆمەڵایەتییە دەکەم کە بەهۆی ئەم رووداوەوە پێمگەییشتووە".

ئیناس تاڵیب ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ساڵانێکە لەلایەن هەوادارانییەوە بەرز دەنرخێنرێت، کارێکی لەو شێوەیە کە لەلایەن گۆڤارێکی نێودەوڵەتییەوە دژی ئەنجامدراوە بووەتە هۆی نائومێدبوونی.
لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە گۆڤاری The Economist لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی "بۆچی لە جیهانی عەرەبیدا ژنان لە پیاوان قەڵەوترن؟" بڵاوکرابووەوە، بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ژنانی عەرەب بەهۆی هەژاری و بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە لە ماڵەوە کات بەسەر دەبەن و بەو هۆیەوە کێشیان لە پیاوانی عەرەب زیاترە.

لە كاتێكدا ئەو بابەتە و ئەو گۆڤارەی کە بابەتەکەی تێدا بڵاوكرایەوە لە سۆشیالمیدیادا بە بیانووی رەگەزپەرستی رووبەڕووی رەخنەی توند كرایەوە، هەروەها پەیامی پشتیوانی بۆ ئەو خانمە ئەكتەرە تەمەن ٤٢ ساڵە نیشاندرا.

لەو بابەتەدا وێنەیەکی تاڵیب کە نۆ مانگ پێش ئێستا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بابل لە عێراق گیراوە، بەکارهێنراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن