کەلتور

پرسیارە شیعرێک

07:03 - 08/05/2022 327 جار خوێندراوەتەوە

جەمال حەمید-کولتوری زەمەن

 

لەم وێرانەخاکەی مندا
کە "منداڵێک" بە دونیا دێت،
چی فێر دەبێت!؟
لە مرۆڤ، جەنگ و خوێنڕشتن
لە کولتووریش، هەر ژنکووشتن!
لە شۆڕشیش، خاکفرۆشتن!
لە سیاسییەکان، هونەری درۆودەلەسەو
گفت و پەیمان!
لە واعیزان، عەزابی قەبر و گیانکێشان
سەرجێیی و حۆری فریوودان!
لە حیزب، هەر کۆیلایەتی
لە پەرلەمان، خوودپەرستی
لە دادوەر، نادادپەروەریی
لە شەهیدانیش، سەروەریی!
لە مەدرەسە، چی فێر دەبێت؟
بێسەوادی!
لە مامۆستا، نائومێدی!
لە ڕۆشنبیر، بێ هەڵوێستی
لە خۆپیشاندان، نشووستی!
لە نیشتمان، ماڵوێرانی
لە تاراوگە، سەرگەردانی!
لەم خاکە وێرانەی مندا
ڕۆژێک هەر دێت
هەتاو هەڵبێت،
زارۆکی نوێ، بە دونیا بێت!
بە پرشنگی هەتاوی چاوانی گەشیان
نیشتمانێکی خاوێنتر، بخوڵقێنرێت!!!
٭ واعیزان = نەسیحەتکاران


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ