762 کەلتور

نوسین وەک خەنجەری مۆزەخانە!

07:26 - 06/12/2021

کاروزان عەلی- کولتووری زەمەن

لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا قسەیەک هەیە دەڵێ "گەدە لە مێشک زیرەکترە، چونکە هەر خواردنێکی خراپ بخوات، هەڵیئەهێنێتەوە و دەڕشێتەوە".
بەداخەوە کە مێشک، جێگەی هەموو شتێکی خراپیش دەکاتەوە و هەزمی دەکات، بێئەوەی بڕشێتەوە. لە چارڵز دیکنز دەپرسن لەمەڕ، نوسەری خراپ و نوسەری باش، دەڵێت "نوسەری باش یان خراپ بوونی نییە، ئەوەی هەیە نوسینی باش یان خراپ نوسراوە".
کاتێک من نوسینێکی باش دەخوێنمەوە، لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بێت، وا دەزانم خۆم نوسیومە، یان بەلایەنی کەمەوە سوپاسی تەمەن دەکەم کە ئەو دێڕە جوانەم بەرچاو کەوتووە، تەنانەت لە دەفتەری گەورەی ڕیڤیوەکانی خۆمدا، دەچمەوە سەری و وەک کارێکی مەزن و بیرنەکراو، دەینوسمەوە، و دەیکەم بە یادەوەری.
بەڵام کە کتێب یان دەقێکی خراپ دەخوێنمەوە، ڕاستەوخۆ هەست دەکەم بەناو مێشکمدا دەڕوات، ئازاری خانەکانی مێشکم، دەمارەکان و دەمارەکانی چاوم، گاز لە قوڕگم دەگرێت و تا دەگاتە گەدەم، وەک شیرێکی گەرم گەرم، لە سورێنچکەوە دەیسوتێنێت تا گەدەم.

 

هیچ شتێک خراپ نییە نوسین، واتە دەکرێت هەموو شتێک بنوسرێتەوە، تەنانەت وەک ئەوەی سبەینێ پیاوێک هەستێت و ببێت بە قالۆنچە، یان کچێک خۆی بکات بە کونی کەروێشکێکدا وەک ئەلیس، یانیش وەک شازادە بچکۆلەکە لەسەر ئەستێرەیەکی نەناسراو، ڕووداومان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە سیحری نوسینە هەموو گەردوون لەخۆیدا کۆ دەکاتەوە، و بەشی هەموو شتێک دەکات. هیچ چیرۆکێک نییە خراپ نییە، هیچ رووداوێک نییە بێ کەڵک بێت، بەڵکو خراپیی و بێدەربەستی و نادڵسۆزی و هەلپەرستییە، نوسین خراپ و گەنیو دەکات.
بە پێچەوانەوە، کاتێک دەقێکی خراپنوسراو دەخوێنمەوە، حەز دەکەم دێڕ بە دێڕی، وشە بە وشەی، بڕشێنمەوە لە مێشکمدا. بەڵکو وەک ئەوەی ئەزیزێکم لێ ڕۆشتبێت، وەک ئەوەی بەدوای شتێکدا بگەڕێم و نەیدۆزمەوە، ماتیی و دڵتەنگیی و خەمێکی قووڵ دامدەگرێت، هەست بە برینێکی نەبینراو دەکەم، ئێش بە بوونم دەگەیەنێت.
نوسین، باشترین دادوەرێکە بۆ نوسەر، لەخۆڕا نییە ئەلیازە و ئۆدیسە تا ئێستا ماوەتەوە، بێ هۆ نییە دۆنکیشۆت هەتا ئێستاش دەخوێنرێتەوە، شانۆنامەکانی ئەسخیلۆس، یورپیدیس، و سۆفۆکڵیس و کێ و کێ بەناو مێژوودا دێن، هێشتا وریجەیان دێت.

نوسین ئەمڕۆ، لە خەنجەری مۆزەخانە دەچێت، هەرواش بووە بە درێژایی مێژوو، خەنجەرێک هەمووان دەتوانن بیکەن بە پشتێنەکەیاندا، و وێنەیەکی پێوە بگرن، یان خۆیانی پێوە با بدەن.
کافکا لە شوێنێکدا، لەبارەی ترس لە نووسین، حسێب کردن بۆ وشە و ڕستەکان، بە ماکس برودی هاوڕێی دەڵێ"پێش ئەوەی یەک دێڕ بنوسم، وشەکان وەک زیندەوەرێک، سەیری ئەملاو لای خۆیان دەکەن، بزانن لە شوێنی دروستی خۆیاندان".
بەختیار عەلی هەر زوو درکی بەم بابەتە کردووە، لە دیوانی "بۆهیمی و ئەستێرەکاندا"، شیعرێکی هەیە بەناوی "گۆڤارێک لە خۆر و زوڵمەت"، لەوەتەی ئەم دیوانەی چاپکراوە، من هەمیشە ئەم قەسیدەیەم بە ئینجیلی خۆم داناوە، قەسیدەیەکە کە هەر ڕۆژێک بیر لەوە بکەمەوە شتێک بنوسم، دەبێ چەند جارێک بیخوێنمەوە، هەست بە دێڕەکانی، وشەکانی، کرۆکی بکەم لە خوێنی خۆم و قەڵەکەمدا، دەکرێت پێش ئەوەی هەر دێڕێک بنوسین، یان بیر لە نوسین بکەینەوە، ئەم شیعرە پێشتر بخوێنینەوە.

نوسەری باش و خراپ بوونی نییە، ئەوەی هەیە نوسینی باش و خراپ هەیە!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن