769 کەلتور

نەخۆشی نووسین!

10:27 - 05/12/2021

حسێن لەتیف-کولتووری زەمەن

 

 1
نووسین و نەنووسین وەک یەک سەختن، بەختەوەرە ئەوکەسەی کاتێک پێویستی بە نووسین بێت دەتوانێت بنووسێت. بەدبەختی من لەوەدایە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستم بەنووسینە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بنووسم. نەخۆشی نەنووسینم هەیە.
پوونە و پەموو، بێئەندازە دەگریەن، چەند کاتژمێرێکە دەگریەن، دایکیان ژمارەی چەند نۆرینگەیەکی پزیشکیی لایە، تەلەفۆن بۆ هەموویان دەکات، هەموویان یەک وەڵام دەدەنەوە: (پزیشک هەستاوە)! زانستی سیمۆلۆجیا، یەکەمجار لە ناو زانستی پزیشکییەوە سەریهەڵداوە، پزیشکەکان لە ڕێگای نیشانەکانەوە،جۆری نەخۆشییەکانیان دۆزیوەتەوە و چارەسەریان بۆ نەخۆشەکان کردووە. بۆیە بەگوێرەی نیشانەکانیان بێت ئەوان (غازات) کێشەی ئازاری سکیان هەیە، بەڵام من ناتوانم بە تەنها باوەڕ بەوە بکەم لەتاو ئازاری ناوسکیان دەگریەن، بەڵکو وەک من ئازاری( بوون)یان هەیە، بوونیان ئێشێت، هەموو بوونیان، ڕەنگە بووترێت چۆن دوو منداڵ ئازاری بوونیان هەیە؟چی لە بوون تێدەگەن؟ بەڵگەی منیش ئەوەیە ئەی چۆن دوو منداڵی دوو مانگان، ئەوەندە وزەیان هەیە چەند کاتژمێرێک لەسەر یەک بێپەروا بگریەن؟!تا ئەو ڕادەی لەتەواوی ماڵەکەماندا هیچ جێگایەک نەماوەتەوە گریانی ئەوان داگیری نەکردبێت؟

من شەیدای بێدەنگیم، وەک ئەو سۆفیەی هەر بەدڵ یادی خودا دەکات، هەر بەدڵ بیر لەهەموو شتێک دەکەمەوە، من دڵم ڕابەرمە نەک سەرم.سەر شوێنی ژاوە ژاوە ، دڵ هەرێمی ئارامی و بێدەنگییە، کە بێدەنگیم بشکێت یەکەم شت دڵم دەشکێت،لە خۆم، لە بوونم، لە ژیانم.

من ئاژەڵێکی ڕامیاری یان ژیر نیم، وەک ئەرستۆ پێناسەی مرۆڤی کردووە، من ئاژەڵێکی نووسەر و دۆستی  بێدەنگیم. ئەگەر مرۆڤی ئەرستۆیی ئەو کەسە بێت لەسەر کێشەکانی شار قسە بکات، ئەوا من شارێک لە ناخی خۆمدایە،لەخەمی ئەو شارەدام نەڕوخێت، گریانی پوونە و پەموو، دوو میوانە بچکۆلە و ناوەختەکەی  ژیانم ، شارەکەی ناخمیان پڕ کردووە لە دەنگ،ئێستا من لەجەنگێکدام لە گەڵ دەنگ، توند توند باوەشم کردووە بە دیوار و درەختی شارەکەی ناخمدا هەتا بە دەنگی گریانی  ئەوان نەڕووخێت. من لە دەرەوەی ئەو شارەی ناخم ناتوانم بنووسم،بەبێ نووسین ئەمرم.

2
شەیدابوون بەبێدەنگی،  منی بەرەو نووسین بردووە، بۆیە من مرۆڤێکی قسەکەر نیم.
3
جارێکیان جەنراڵی پایز یادی بەخێر پێی وتم:(ئەوەندە خەریکی ڕەخنەبوویت هەموو شتێک بە دال و مەدلول دەبینیتەوە!) ئەو ڕاستیکرد، ئێستا کە گریانی میوانە ناوەختەکانی تەمەنم،نازانم تا کەی پێکەوە دەبین، وەک ئەو بای شووشەکەی خەیامی شکاند،دەیانەوێت جامی ئارامیم بشکێنن، بیر لە دەنگ و نووسین دەکەمەوە.١

4
دەنگ نواندنێکی بەرجەستە نەبووانەی شتەکانە،مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام نووسین تازەیە،هەزاران ساڵ لە دوای وتنەوە دەستی  پێکردووە، واتە نووسین قۆناغێکی شاری و شارستانیتری گەشەکردنی مرۆڤە. وتن نواندنی دەنگیانەی شتەکانە، وتن چەقبەستنە لە دەوری دەنگ تەوەری، ڕاستەوخۆیە، زیندووە، چالاکە، لەکوێدا بمانەوێت ئاخێوەر ڕادەگرین و داوای ڕوونکردنەوەی لێدەکەین بۆ سەلماندنی ئەوەی دەیڵێت، هەموو ئەمانە جاک درێدا بە (تمرکز حول العقل،تمرکز حول،الحضور،تمرکز حول الصوت)ناویان دەبات، بەڵام ئەو گرنگی بە نووسین دەدات چونکە لە نووسیندا ئێمە لەبەردەم نووسەردا نین هەتا نووسەر بیر و ڕای خۆی بسەلمێنی و بسەپێنێت بەسەرماندا، ئێمە بە ئارەزووی خۆمان ڕاڤەی نێوان دێڕەکانی دەق دەکەین. دەنگ باوکێکی هەیە ئاخێوەرە، بەڵام نووسین ئەو باوکەی مردووە. لای جاک درێدا هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە، ئەمەش بەو مانایە دێت دەق لە دەرەوەی مەبەستەکانی دەقنووس بخوێنرێتەوە.

5
نیتشە بە وتە بە ناوبانگەکەی(خودا مرد) سەنتەریزمی گەردوون تێک دەدات،خودا وئاسمان کۆتاییان پێدێت و مرۆڤ و زەوی دەست پێدەکەن.  پاش ڕاگەیاندنەکەی نیتشە، جاک درێدا لەڕێگای ڕاگەیاندنەکەی خۆیەوە،لەکتێبی(لەبارەی زانستی نووسینەوە) ئاماژە بۆ سەربەخۆیی دەق  دەکات لە پێناوی سەرهەڵدانی فرەڕاڤەییدا، بەمەش درزێک دەخاتە بیرکردنەوەی سەنتەریزمی ئەوروپییەوە.

6
لەدوای ئەوەی تۆ دەبیت بە باوک، تۆ چەقی ئەو دونیایەی خۆت نیت، بەڵکو ئەو منداڵەشی تۆ دەبیت بەهۆی هاتنی بۆ دونیا ڕووبەرێکی داگیردەکات. لەگەڵ بوون  بەباوکدا بەشێک  لەتۆ دەبێتەوە، دونیای تۆ پارچە پارچە دەبێت ، بەو شێوەی دەق لە بەردەم ڕاڤەی جیاوازدایە، دونیای تۆش لە بەردەم  گۆڕاندایە، بە دەستی منداڵێکەوە، نەک بەدەستی سەرکردەیەکی سەربازی و ڕامیاری  یان بەدەستی فەیلەسوفێکەوە.

4 دیسەمبەری 2021

 

جارێکیان جەنراڵی پایز  پێیوتم: ئەوەندە خەریکی ڕەخنەبوویت، هەموو شتێک بە دال و مەدلول دەبینیتەوە!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن