برینێک بە رۆحی رۆژەکانمانەوە
10:09 - 04/12/2021
سوارە کافرۆشی- کولتووری زەمەن
ژیان هەندێک شتی لێ زیادە
هەندێک مرۆڤی بێکەڵک و
هەندێک نووسینی ناشرین و
هەندێک شەقامی خوار و خێچ
هەندێک گەرەکی تێدایە لە ئەزەلەوە نابووتن
بڕێک تابلۆ و رەنگی هەن
لە خەیاڵی هیچ نیگارکێشیکدا جێگایان نابێتەوە
ژیان سەری هەڵواسراوی گەنجێکە
بە پانکەی ژوورەکەی خۆیەوە شۆڕ بووەتەوە
باوکی بەدیار لاشەی ساردەوە بووی ژیانەوە دۆشداماوە
ئەو تێناگات کوڕەکەی بۆ ژیانی هەڵواسی..
رۆژەکان دەریایەکن شەپۆل ئەدەن
تەرمی ژیان جارێک سەر ئاو
هەندێک جاریش بە قوڵاییدا رۆ دەبەن
تەرمی منداڵێکی ساوا بەرەو کەنار راپێج دەکەن
باوکە بۆ پێت نەگوتم ژیان ئامێری هاڕێنی ئێسک و
پروسکە
بۆ نەتگوت تاشە بەردێکە بەسەر شانتەوە
تا گەورەتر بیت قورستر ئەبێت
باوکە من سیزیف نەبووم ئەو تاشە بەردە دەیانجار
بدەم بە کۆڵی ماندوومدا بەرەو لوتکە هەڵبزنێم
باوکە من چیمدابوو لەم باخەی دەیان دڕکی لە پێم
راچوو
لێگەڕابای هەر لە کۆڵتا بمێنمەوە!
دایێ ژیان هەمووانی هاڕی،
زەمەن بێرەحمە
هیچ شوێنێک وەک باوەشت ئارامی نابەخشێت،
بۆ پێت نەگوتم ژیان جەنگەڵستانە..
ئاخر من لەماڵزارۆکی تۆدا ئارامیم هەبوو
چیمدابوو لەو جەنگەی ناویان لێ ناوە ژیان؟!
چیمداوە لە ژیانێک وەک پشکۆیەک
بچزێنن بەهەناوتەوە و
تفی نێو زارت بۆ قوت نەدرێت؟!