826 کەلتور

گەڕان -7

02:22 - 04/12/2021

ناڵە حەسەن-کولتووری زەمەن

 

هۆگری، هەستانەوە، هەڵوەرین، کورد . چارەنووس، کەوتن، پایز، ئومێد، عەشق، خەمۆکی، قەدەر، ڕاکردن، ڕەنگاوڕەنگ، نوێبوونەوە، ئێمە، نائومێدی، هاوار، بەرائەت، سروود، گۆڕان، وێران، ژیان ،دڵشکاو، نیشتیمان، مردن، ڕاکردن ...! 

 
1
( ...........)
خۆرەتاو هەموو بەیانییان
لە نێو خەیاڵەکانی من هەڵدێ
ئێوارانیش
لەنێو قژە خاوە نەرمەکەی تۆ ئاوا دەبێ
پایزی هەموو ساڵێکیش
لەنێو عەشقی من دەست پێدەکات و
دوا گەڵای
لەنێو خەونە سپییەکانی تۆدا دەوەرێ
بۆیە هەمیشە
نیگای خەونەکانت زەرد و
قژە خاوە خومارییەکەت سوورێکی خەنەییە / ئەی شۆخ

2
( ........... )
لەنێو گەلەری بوون
هەریەک لە ئێمە
تابلۆیەکی بێگەردی ناوازەین
وەلێ قەدەر / دواتر
بە ڕەنگە ڕەشەکانی مردن ڕەنگمان دەکات

3
( ........... )
عەشق جگە لە نائومێدییەکی نارنجی و
ژیانیش / جگە لە وەهمێکی شین هیچیتر نییە
من وا ناڵێم
خەونەکانم لەسەر پارچە کاغەزێکی گەچراو
ئەمەیان بۆ نووسیم

4
( ........... )
تۆ ئەو مرۆڤە نامرادە ماندووەی
مەمکەکان و هەموو جەستەت
لە چاوەڕوانی ڕێبوارێکی لە خۆت شەیداترە
تا دەمار بە دەماری عاتیفەت
پڕ بکات لە خۆشەویستی و
ڕووبارێکیش لە عەشقت پێ ببەخشێ

5
( ......... )
گەنجێک بەتاڵ و عەتاڵ
لەگەڵ / خەون و خەیاڵە نائومێدییەکانی
بەنێو شەقامەکانی شاردا دەسووڕێتەوە
 بە تەنیشت ئەمبولاسێکدا ڕەتدەبێ
دوای یەکدوو چرکە بۆی دەگەڕێتەوە
بە قەڵەم ماجیکێکی ڕەش
لەسەری دەنووسێ
ئێرە مەملەکەتی مردووەکانە
کەس پێویستی بە تۆ نییە
( ئەو گەنجەش / یەکێک بوو لە دەرچووانی زانکۆ...! )

6
( ........... )
گوڵە حاجیلەکەی قەدپاڵی قەڵا
زۆر دەترسم
بێویستی خۆمان
 دیدارەکەمان
بکەوێتە بەهەشتە غەمگینەکەی / ئەو دونیا

7
( ........... )
لە نیشتیمانی من
مەرگ لە کۆنە تراکتۆرێک دەچێ
 بە تڕەتڕ و تەقە تەق
جەستەی ژیان بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ  

8
( ........... )
وەرە بمبە
ئێرە / نیشتیمانی کوشتنی خۆرەتاو و
داڕمانی قەڵای خەون و
شکاندنی پەیکەری هیواکانمە
وەرە بمبە / بۆ هەر جێگایەک
ئەی مرۆڤە خاکی و سپییەکە
بەس لە تاریکی ئەم دۆزەخە ڕزگارم کە

9
( ......... )
ئەی پەپوولە شینە باڵڕەنگینەکە
ئەگەر ڕۆژێک
سەردانی باخچەکانی دڵم نەکەی
شینی چاوی شیعرەکانم
شینی تریفەی شەوەکانم
شینی شەونمی بەیانییەکانم
کاڵدەبنەوە
خۆشم /
وەک گەڵایەکی چاو ڕەشی قژ زەرد
لە دواهەمین درەختی پایزێکی خەمناک
جیادەبمەوە
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکیش
بەسەر گەردنی ئومێدەکانم
شۆڕدەبنەوە

10
( ........... ) 
لەگەڵ گۆڕستان و مردن ڕاهاتووین
لەگەڵ ژیان نا
لەگەڵ خوێن و خنکان و خۆکوشتن ڕاهاتووین
لەگەڵ خەون نا
لەگەڵ چەمانەوە و کۆیلەبوون و کڕنووش ڕاهاتووین
لەگەڵ شکۆمەندی نا
لەگەڵ جەنگ و کوشتنی ئەویتر ڕاهاتووین
لەگەڵ عەشق نا
لەگەڵ دۆزەخ و ئازار و ئاگر ڕاهاتووین
لەگەڵ ئازادی نا
چ بوونێکی بێ بەها و
چ تابلۆیەکی تەماوی و
چ تەیرە عەبابیلەیەکی عەنتیکەی / ئەی کورد ...!

   کۆتایی نۆڤەمبەری 2021  


تێبینی: خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن ، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن . خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان ...!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن