قەشە و شەیتان
10:48 - 01/12/2021
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی
وەرگێرانی
لە عەرەبییەوە: رۆزا حەمە ساڵح
شەیتان
بە قەشەی گوت:
سڵاو
ئەی باوکە بچووکە قەڵەوەکە! چ شتێک وای لێکردوی کە بەم شێوەیە درۆ بۆ ئەو
خەڵکە هەژار و خۆشباوەڕانە بکەیت؟ ئەو ئازارانە چین کەوا لە دۆزەخەوە بۆیان وێنا
دەکەی؟ ئایا نازانیت ئەوان لە بنەڕەتدا ئازارەکانی دۆزەخ لە ژیانی خۆیاندا و
لە سەر ئەم زەوییە دەچێژن ؟ ئایا نازانیت کە تۆ و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتت
نوێنەری منن لە سەر ئەم زەوییە؟ ئەوە ئێوەن بە هەڕەشەکانتان وایان لێدەکەن کە
ئازاری دۆزەخ بچێژن.
ئایا
ئەمە نازانیت؟ زۆر باشە، کەواتە، لە گەڵم وەرە!
شەیتان
یەخەی قەشەی گرت و لە ملەوە بەرزیکردەوە و هەڵیگرت و بردی بۆ کارگەی تووانەوەی
ئاسن. لەوێ بینی کە کرێکارەکان بە پەلە دەهاتن و دەڕۆیشتن، لە ناو ئەو گەرما
سوتێنەرەدا ڕەنجیان دەدا. هەوایەکی
قورس و گەرمی پروکێنەر توانای لە قەشە بڕی، بە چاوی پڕ لە فرمێسک لە شەیتان
پاڕایەوە:
لێمگەڕێ
با بڕۆم! لێـمگەڕێ با ئەم دۆزخە بەجێبهێڵم!
-ئاخ،
هاوڕێی ئازیزم، من دەبێت زۆر شوێنی ترت پێشان بدەم.
پاشان
جارێکی دیکە یەخەی گرتەوە و ڕایکێشا بۆ کێڵگەیەک. لەوێ، ئەو کرێکارانەی پێشاندا کە
دانەوێڵە دەکوتن، هیچ کەس نەیدەتوانی بەرگەی تەپوتۆز و گەرما تاقەت پڕوکێنەکە
بگرێت. چاودێرەکە بە قامچیەکەیەوە وەستابوو، بێبەزەیانە دەیکێشا بەو کەسانەدا کە
لە تاو ماندوبوون و برسێتیدا لە سەر زەوییەکە دەکەوتن.
دواتر
قەشەکەی برد بۆ ئەو زنجانەی کە ئەو کرێکارانە لەگەڵ خێزانەکانیان تێیدا
دەژیان. شوێنێکی پیس و سارد، پڕ لە دوکەڵ و بۆنی ناخۆش. شەیتان
زەردەخەندەیەکی فراوانی کرد، کە ئاماژەی هەژاری و نەهامەتییەکان بوو لە ناو ئەو
ماڵانەدا.
پاشان
قەشە لێی پرسی:
-زۆر
باشە، ئایا ئیتر ئەمە بەس نیە؟
وادیاربوو
تەنانەت خودی شەیتانیش بەزەیی بەو خەڵکەدا دەهاتەوە. خزمەتکاری خودایش چیتر لە
توانایدا نەمابوو بەرگەی ئەو دیمەنانە بگرێت، دەستی بەرز کردەوە و لێی پاڕایەوە.
-
تکایە لێمگەڕێ لێرە بڕۆمە دەرەوە، بەڵێ، بەڵێ ئەمەیە دۆزەخی سەر زەوی!
- كەواتە
زۆر باشە، ئەوەتا تۆ بە چاوی خۆت ئازارەکان دەیبینیت و ھێشتا بەڵێنی دۆزەخێكی
تریان پێ دەدەی. ماندویان دەكەیت و ھەتا مردن ئەشكەنجەیان دەدەیت،
لە کاتێکدا ئەوان لە هەموو شتێکدا مردوون جگە لە مردنی جەستەی نەبێت! دەی
با بڕۆین! دۆزەخێكی ترت پێشان دەدەم، کە كۆتا دۆزەخە... لە ڕاستیدا
خرابترین دۆزەخە.
بردی
بۆ زیندانییەك و ناوەوەی زیندانەكەی پێشان دا، هەوایەكی بۆگەنی هەبوو،
ڕووخساری مرۆڤگەلێکی تێکشکاو و بێهێز بە تەندروستیەکی خراپەوە دەبینران، کە
لەسەر زەوییەکە ڕاكشابوون، مێرو و گیاندارە زیانبەخشەكان تێیان ئاڵابوون،
لە جەستە لاوزەكانیانی دەخوارد.
شەیتان
بە قەشەی گوت:
- جلە
ئاوریشمیەکانت لەبەر داكەنە، قاچەکانت بخە ناو ئەو زنجیرە قورسانەی کە ئەم مرۆڤە
ھەژارانە لە پێیان كردووە. لەسەر ئەو زەوی سارد و پیسە ڕابکشێ، پاشان
باسی ئەو دۆزەخەیان بۆ بكە کە هێشتا چاوەڕێیان دەكات!
قەشە
لە وەڵامدا پێیگوت:
-نا،
نا، چیتر ناتوانم بیر لە ھیچ شتێكی تر بکەمەوە لەمە ترسناکتر بێت. تکات لێدەکەم و
لێت دەپاڕێمەوە، لێم گەڕێ با لێرە بچمە دەرەوە!
-بەڵێ،
ئا ئەمەیە دۆزەخ. نابێت هیچ دۆزەخێک خراپتر لەم دۆزخە بوونی هەبێت. ئایا ئەمەت
نەدەزانی ؟ ئایا تۆ دەربارەی ئەو ژن و پیاوانە ھیچت نەدەزانی کە بە وێنای
دۆزەخێكی تر دەیانترسێنیت .. ئایا نەتدەزانی ئەوان ئێستا لە دۆزەخدان، پێش
مردنیان؟
-------------------------------------
*فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی (١٨٢١- ١٨٨١) ژیاوە،
ئەم
کورتە چیرۆکەی لە ساڵی ١٨٤٩ لە سەر دیواری زیندانەکەی نوسیوە،
کاتێک بە تۆمەتی ئەوەی کە سەر بە کۆمەڵەی پیتراشیفسکی دەبێت ( گروپێکی ئەدەبی
نهێنی بووە، باسیان لەو کتێبە قەدەغەکراوانە کردووە کە ڕەخنەیان لە ڕژێمی
دەسەڵاتداری ئەو سەردەمەی ڕوسیا گرتووە)، دەستگیر دەکرێت و سزای لە سێدارەدانی بۆ
دەردەکرێت، بەڵام لە کۆتا ساتەکانی جێبەجێكردنی سزاكە، سزاکەی بۆ دەگۆرێت
بە چوار ساڵ زیندان.
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی