905 دیمانە

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: له‌كوشتنی موراد كانی كورده‌یی زۆر نیگه‌رانین

02:01 - 29/11/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

هەفتەی رابردوو بەهۆی داواكردنی گێڕانەوەی دەرماڵەوە، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەكوردستان خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام لەسنوری پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش شاری سلێمانی خۆپیشاندانەكان گەرمتر بوون و كار گەیشتە رووبەڕووبوونەوەی خوێندكاران و هێزە ئەمنییەكان،  كۆتایی رابردووش لە شاری رانیە، عەقید موراد كانی كوردەیی، فەرماندەی سەربازی یەكێتی و چەند پاسەوانێكی لەلایەن تەقەیان لێكرا و كوژران، ئەو رووداوەش دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

فەرید ئەسەسەرد، سەركردەی دیار و سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی "زەمەن"دا باسی دوایین پێشهاتەكانی ئەو دوو رووداوە دەكات.

زەمەن: لەكۆبوونەوەی پێرێی مەكتەبی سیاسی به‌شداربوون، دەتانەوێت دۆخی ئەم ناوچەیە هێور بكەنەوە، چۆن هێوری دەكەنەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: مەسەلەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان بەمانای وشە پەیوەندی بە حیزبەوە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، ئەم مەسەیەلە زیاتر پەیوەندی بە خوێندكاران و وەزارەتی خوێندنی باڵایە یاخود لەگەڵ حكومەتی هەرێم، دەرماڵەیەكیان بۆ خوێندكاران دیاریكردبوو، بەڵام بڕدراوی، ئەمە قۆسترایەوە و بووە بیانوویەك بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، قۆستنەوەی دووەمیش ئەوەبوو كە زۆربەی راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە خەڵكی دیكە لەدەرەوەی خوێندكاران چوونەتە ناو خۆپیشاندانەكانەوە و دەستیان هەبووە لەكاری سوتاندن و پەلاماردانی شوێنە گشتییەكان.

زەمەن: لە خۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و لەزۆربەی شوێنەكان گازی فرمێسكڕێژ بەكارهات وەك جارانی پێشتر و زۆرجار هێزە ئەمنییەكان وەك "دوژمن" مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەن، ئەمە بۆ وایە؟
فەرید ئەسەسەرد: رۆژی یەكەم دەزگا ئەمنییەكان زۆر بەڕێكوپێكی ئەركەكانیان جێبەجێكرد، لەرۆژانی دووەم و سێیەم كە پەلاماری شوێنەكان درا بەردباران و سوتان، دەزگا ئەمنییەكان نەیانتوانی لەهێورییەكەیان بەردەوام بن و ناچاربوون بەرپەرچی ئەو كارانە بدەنەوە، خۆیشم لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ قسەم كرد و ئەوانیش جەختیان كردەوە كە خۆپیشاندەرانی خوێندكاران زۆر ئارامانە بوون، ئەوانەی شوێنیان سووتاندووە كەسانێكن خۆیان لەگەڵ خۆپیشاندەران تێهەڵكێش كردبوو.

زەمەن: وەك حیزب ئەوەندەی بزانن لایەنی دەرەوەی خوێندكاران كێ بووە؟
فەرید ئەسەسەرد: ناتوانم ناوی كەس بێنم، بەڵام ئەوە لێكۆڵینەوە بەردەوامە، لەكۆبوونەوەكەی خۆمان ناوی هەندێك لایەن هاتووە، بەڵام من ناتوانم پێش لێكۆڵینەوەكە ناوی هیچ لایەنێك بێنم.

زەمەن: دەوترێت دەستی نزیكه‌كانی لاهور شێخ جەنگی تێدا بووە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەركی من نییە كەس تۆمەتبار بكەم و نازانم ئەوەی تیایە یان لایەكی دیكە، لێكۆڵبنەوەیەكی فەرمی حكومەت لەئارادایە و ئەوان ئەو مەسەلەیە یەكلایی دەكەنەوە، ئێستا وەك دەنگۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلانە دەكەین، بەڵام لەڕووی رەسمییەوە ئەو لێكۆڵینەوەیە یەكلایی دەكاتەوە كە بێگومان دەبێت زۆر ورد بێت و بە بەڵگەوە كەموكوڕییەكان ناوی لایەنە بەشداربووەكانی دەرەوەی خوێندكاران بهێنێت.

زەمەن: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كوشتنی عەقید موراد كانی كوردەیی، فەرماندەییی سەربازی لە شاری رانیە و چەند كەسێكی دیكەی دەنگدانەوەی گەورەی دروستكرد، لەكۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیتان لەو بارەیەوە چیتان وت؟
فەرید ئەسەسەرد: كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەشێكی گرنگی تەرخانكرابوو بۆ ئەم مەسەلەیە، لەناو مەكتەبی سیاسیش هەلومەرجێكی وا هەبوو كە زۆرمان پێناخۆشبوو مەسەلەكە گەیشتبووە ئەو رادەیە، كاك قوبادیش لەوێ بوو راسپێردرا كاری پێویست بكات بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو مەسەلەیە، چونكە هەردوولا ئەوەی زیانی بەركەوتووە و ئەوەشی چۆتە سەری، سەر بە حكومەتی هەرێمن و حیزب ناتوانێت لێكۆڵینەوە لەمەسەلەیەك بكات كە پەیوەندی بە حكومەتەوەیە.

زەمەن: بەڵام دەوترێت ئەو فەرماندەیە لە لاهور شێخ جەنگییەوە نزیكە و وەك "تەسفییەی حیزبی" لێی دەڕوانرێت، پاشان هەردووكیشیان كادیری حیزبن، وەك حیزب چی دەكەن؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لای خۆمان نەمانخستۆتە ئەو قاڵبەوە، بەڵام كە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان قسەمان كرد وتیان ناوبراو فەرمان گرتنی هەبووە و ئەم هێزە چووە بۆ گرتنی، ئەو لیژنەیەی لەو مەسەلەیە دەكۆڵێتەوە هەموو راستییەكان و بەڵگەكان هەرچی پێویستە دەخرێتە بەردەستی و خۆی بڕیار لەو مەسەلەیە دەدات و ئێمە پابەند دەبین بەراپۆرتی ئەو لیژنەیە.

زەمەن: بەڵام رووداوەكە پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆی حیزبیشەوە نییە؟
فەرید ئەسەسەرد: مەسەلەكە ئەگەر بەو جۆرە سەیری بكەین ئەو لایەنەی چۆتە سەری یەكێتیە و ئەوەی تریش رەنگە لەدەرەوەی یەكێتی بێت، دەتوانین بەو جۆرە سەیری بكەین بەدڵنیاییەوە و لەهەندێك رووەوە هەر پەیوەندی بەكێشەكانی ناوخۆی حیزبەوە هەیە، بەڵام مەسەلەكە یاسایی و ئەمنییە، بۆ نموونە ئەم كێشەیە هەر هەبووە و لەكاتێكدا كێشە ناوخۆییەكەی حیزب نزیكەی چوار مانگە بەردەوامە و هیچ شتێك رووینەداوە، بەڵام كاتێك مەسەلەكە گەیشتە ئەم رادەیە، مەسەلەكە دووراییەكی دیكە وەردەگرێت، بۆیە دەبێت حكومەت خۆی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات.

زەمەن: رووداوەكەی عەقید موراد بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات؟
فەرید ئەسەسەرد: هەندێك وردەكاری هەیە ناتوانم باسی بكەم، بەڵام كاری پێویست كراوە بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەكات و بەچارەسەرێك بگات.

زەمەن: بەهۆی ئەم رووداوانەی ئەمدواییەی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هەست دەكرێت ئەم ناوچەیە "شێواو"ە، هەست ناكەن دەروونی خەڵكی ماندوو كردووە و كێشە بۆ كاسبكار دروستبووە؟
فەرید ئەسەسەرد: مەسەلەكە هەر بۆ هاوڵاتیان نییە، بەڵكو دەروونی هەموومانی ماندوو كردووە، هەر كەسێك لەسلێمانی بژی و دۆخێكی وا ببینێت بەدڵنیاییەوە پێی ناخۆشە و نیگەرانە، ئێمە خۆمان لەو مەسەلەیە زۆر نیگەرانین، چونكە ئەركی ئەم شارە بمانەوێت و نەمانەوێت بەشێوەیەكی فەرمی یان نافەرمی بێت هەر لەسەر یەكێتی حسابە، لەبەرئەوە بەرپرسانە هەڵسوكەوت بكەین و كارێكی وا بكەین رێگە لەوە بگرین كە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە، ئەوەشی روویداوە هەوڵ دەدەین چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن