شۆخان حەمەڕەشید: لەم 16 رۆژەدا حكومەت مەجبورن گوێمان لێبگرن
08:42 - 25/11/2021
زەمەن-
پشتیوان جەمال
شۆخان
حەمەڕەشید، بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان و ئەندامی كەمپەینی 16 رۆژی
توندوتیژی دژی ژنان رایدەگەیەنێت، لەم 16 رۆژەدا حكومەت مەجبورن گوێمان لێبگرن و ئەوانیش
لەم ژ6 رۆژەدا قسەیان روو لە حكومەتە، سەبارەت بە بەشداری ژنانیش لە پۆستە باڵاكاندا
دەڵێت "زۆرجار وامان لێدێت لەنێوان ژن و پیاوێكدا ناچار بین پیاوێكی ئەكتیڤ كە
قەناعەتی بە قەزیەی ژنان هەبێت هەڵبژێرین، هەرچەندە قەناعەتی خۆمان ئەوەیە بۆ پۆستە
باڵا و ئیدارییەكان ژن هەبێت، بەڵام ئەو ژنەش تەنها لەسەر مانای ژنبوونی نەبێت، بەڵكو
بڕوای بە مافەكانی ژنان هەبێت".
ئەمڕۆ
25ی نۆڤەمبەرە كە ساڵانە لەم رۆژەدا و بۆ ماوەی دوو هەفتە حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی
ژنان چالاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەست پێدەكەن، شۆخان حەمەڕەشید، بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاری
یاسایی ژنان و ئەندامی كەمپەینی 16 رۆژی توندوتیژی دژی ژنان لەم چاوپێكەوتەی
"زەمەن"دا باسی چالاكییەكانی ئەمساڵیان دەكات.
زەمەن:
ئەمڕۆ هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەست پێدەكات، ئەمساڵ بەنیازی چین؟
شۆخان
حەمەڕەشید: بێگومان ساڵانە و لەم چەند رۆژەدا چەند چالاكییەكی جیاواز دەكرێت، ئەمڕۆش
دەستپێكی چالاكییەكەیە و ئەمساڵ زیاتر لە خوێندنگەكان چالاكی دەكەین، چالاكیمان بۆ
ژنانی شێڵتەر كردووە بۆ ئەوەی لەرێگەی ئیشی دەستەوە كە كردوویانە بۆیان دەفرۆشین
تا داهاتەكەیان بۆ بگیِرَینەوە، هەڵمەتەكە زیاتر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە.
زەمەن:
دەوترێت ساڵانە ئەم هەڵمەتە زیاتر رۆتینات و دووبارەن، ئەمساڵ هەوڵتان داوە جیاواز
بن؟
شۆخان
حەمەڕەشید: پلانمان وابوو هەڵمەتەكە لە كۆڵان و شوێنی گشتیدا بێت، بەڵام ئێستا بەهۆی
دۆخی ئەمنییەوە پلانەكەمان گۆڕانكاری كرا، ئەمساڵ لەنێو كەمپەكانیش چالاكی دەكرێت.
زەمەن:
هەست دەكەن بەم هەڵمەتە دۆخی ژنان دەگۆڕن؟
شۆخان
حەمەڕەشید: ئێمە لە رۆژەكانی دیكە ئیش بۆ ئەو ژنانە دەكەین كە روومان تێدەكەن، بەڵام
ئەم 16 رۆژە ئاڕاستەی قسەمان بۆ حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانە بۆیە
حكومەت لەم چەند رۆژەدا كەمێك گوێی كراوەتر دەبێت تا گوێمان لێبگرێت، ئەگینا مانای
ئەوە نییە تەنها لەم 16 رۆژەدا قسە بكەین.
زەمەن:
كەواتە هەست دەكەن حكومەت لەم 16 رۆژەدا گوێی لێگرتوون؟
شۆخان
حەمەڕەشید: وەكو باسمكرد ئەگەر لە رۆژەكانی دیكە گوێمان لێنەگرن، ئەوا لەم 16 رۆژەدا
مەجبورن گوێمان لێبگرن، چونكە ئەم رۆژانە بە رۆژی ئێمە دادەنێن و دەڵێن پاڵپشتانین
و هاوكارتانین، با بزانین ساڵ بۆ ساڵێكی دیكە چەند بڕیارێكی حكومەت ببینین ئەمساڵ
بڕیاری چی دەدەن.
زەمەن:
بەگشتی دۆخی ژنان چۆنە؟
شۆخان
حەمەڕەشید: بەگشتی بەپێی ئامارەكان دۆخەكە باش نییە و ژمارەكان زۆرن، بەڵام هێشتا
ئەو ئامارە هەقیقییە نین كە لە هەموو شوێنێك هەبێت، بەڵام لای ئێمە چەند ئامارێك هەیە
كە ناگاتە لای بەڕێوەبەرایەتییەكان، ژمارەیەك ئامار لای پۆلیس هەیە كە ناخرێتە ناو
داتابەیسەوە، هەروەها ئێستا خراپی باری ئابووری بەهۆی كۆچكردنەوە چەندین كەس هاوسەرەكانیان
جێهێشتووە و رۆیشتوون بۆ ئەوروپا، دۆخی ژنان خراپترە.
زەمەن:
دیارترین حاڵەتەكانی ئەمساڵی توندوتیژی دژی ژنان چین؟
شۆخان
حەمەڕەشید: توندوتیژییەكان بەهەموو جۆرەكانییەوە، بەڵام ناپاكی هاوسەرێتی هۆكاری سەرەكی
جیابونەوەن، پاشان سۆشیاڵ میدیا و خراپی باری ئابووری.
زەمەن:
ئێوە كە هەمیشە دەڵێن دۆخی ژنان باش نییە، پیاوانیش دەڵێن دۆخیان باش نییە و هاوكێشەكە
خەریكە پێچەوانە دەبێتەوە، رات لەمبارەیەوە؟
شۆخان
حەمەڕەشید: بێگومان ساڵانە ئەم قسەیە دەكرێت، بەڵام كاتێك باسی توندوتیژی خێزانی دەكەین
و كاتێك ژنێك رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لەناو خێزانێكدایە و لەبەرامبەریشدا
كاردانەوە هەیە و بەهەمانشێوە پیاوەكەش پێیوایە توندوتیژی بەرامبەر كراوە، بێگومان
چەندین پیاویش دەڵێت بەهۆی خەتای ژنەكەیەوە داوای جیابوونەوە دەكات، بۆیە ناكرێت بڵێین
لەكێشەی خێزانیدا تەنها ژن قوربانییە، بەڵكو پیاوانیش كێشەیان بۆ دروست دەبێت و پیاوانیش
لەبەرامبەردا سكاڵا تۆمار دەكەن.
زەمەن:
ئێستا چەندین ژن لە پۆستی باڵا و ئیدارین، ئێوە رازین لە بەشداری ژن لە پۆستە حكومییەكان؟
شۆخان
حەمەڕەشید: نەخێر، چونكە دەبێت بەشداری ژنان لەو پۆستانە بەپێی بڕیاری 1325ی نەتەوەیەكگرتووەكان
بێت، بەڵام ئێستا تەنها لەپەرلەمان ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت ئەویش بەهۆی كۆتای
ژنان لەحیزبە سیاسییەكان، بۆیە پێویستە حیزبەكان پۆستە باڵا و ئیدارییەكان بەشداری
پێبكەن، بەڵام بەداخەوە زۆرجار باش بەكارنەهێنانی ئەو پۆستانەش لەلایەن ژنانەوە نیگەرانی
بۆ ئێمە دروست دەكات و وامان لێدەكات لە فشارەكانمان بوەستین.
زەمەن:
یانی پێتوایە ژنانیش هەموویان رۆڵی باشیان نییە لەو پۆستانەی وەریدەگرن؟
شۆخان
حەمەڕەشید: نەخێر نەبوونی ژنانی باش كە ببێتە كەسێكی سەركەوتوو تا هانمان بدات بۆ
ئەوەی ئێمەش ژنانی دیكە بەشداری پێبكەین یاخود فشار بكەین، زۆرجار وامان لێدێت لەنێوان
ژن و پیاوێكدا ناچار بین پیاوێكی ئەكتیڤ كە قەناعەتی بە قەزیەی ژنان هەبێت هەڵبژێرین،
هەرچەندە قەناعەتی خۆمان ئەوەیە بۆ پۆستە باڵا و ئیدارییەكان ژن هەبێت، بەڵام ئەو
ژنەش تەنها لەسەر مانای ژنبوونی نەبێت، بەڵكو بڕوای بە مافەكانی ژنان هەبێت.