شاخەوان رەوف بەگ: دروستکردنی یەکەی پاسەوانی تاڕادەیەکی زۆر بندیوار ناهێڵێت
04:16 - 10/06/2021
سازدانى: گه‌رمیان مه‌حمود
له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی،
حكومەتی هه‌رێمی كوردستان، پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی
ناوخۆ كردووە، بەپێی پەیڕەوەكە بەرپرسانی حكومی‌و پەرلەمانتاران دوای خانەنشین
بوونیان تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ پاسەوانیان ده‌بێت.
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ سه‌رۆكی لیژنەی ناوخۆ و
ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان له په‌رله‌مانی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكی "زه‌مه‌ن"دا، ورده‌كاری و كه‌موكورتییه‌كانی
ئه‌و په‌یڕه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی
بواری پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، هاوكات چه‌ند زانیارییه‌ك له‌سه‌ر
ئه‌نجامی سه‌ردانی لیژنه‌كه‌یان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌رێمی
كوردستان كه توركیا هێرشی كردونه‌ته سه‌ر، ئاشكرا ده‌كات.
*جه‌نابتان وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی
په‌رله‌مان تێبینی و سه‌رنجی جدیتان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی له ئه‌نجومه‌نی
وه‌زیران ده‌رچووه بۆ یه‌كه‌ی پاسه‌وانی چییه؟ پێتان وایه له‌په‌یره‌وه‌كه‌دا
چاكسازی راسته‌قینه‌ی تێدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، پێتان وایه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی كه
ده‌رچووه، بارگرانی زیاترە بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌رچه‌نده ئه‌وان جه‌ختیان له‌وه
ده‌كرده‌وه ئه‌وه ته‌نها له په‌یڕه‌وه‌كه‌دا هاتووه، تا ئێستا هیچ پاسه‌وانێكیان
بۆ وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و هیچ كه‌سێك زیاد نه‌كردووه، ئێمه تێبینی خۆمان به
رونی به وه‌زاره‌تی ناوخۆ وتووه كه تێبینیان له‌سه‌ر په‌یڕه‌وه‌كه هه‌یه و تێبینییه‌كانی
ئێمه‌یان لای خۆیان وه‌رگرتووه و به‌ڵێنیان داوه كه تێبینییه‌كانی لیژنه‌ی
ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان به هه‌ند وه‌ربگرن وده‌ستكاری په‌یڕه‌وه‌كه بكه‌ن و
له‌سه‌ر ئه‌ساسی پێشنیاره‌كه‌ی ئێمه بڕیاره ده‌ستكاری په‌یڕه‌وه‌كه بكه‌ن و
چاكسازی تێدا بكه‌ن.
*زیاده‌ڕه‌وه‌یه‌كانی چیه له په‌یره‌وه‌كه‌دا
بۆ نمونه ئێستا وه‌زیر 6 پاسه‌وانی هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی په‌یڕه‌وه‌كه بووه
به 10؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: ئه‌و زیاد كارییه‌ی كه
كراوه جگه له وه‌زیره‌كان، بریكاری وه‌زیریش كراوه به پێنج پاسه‌وان، وه هه‌ندێك
پۆستی تریش هه‌یه كه له فه‌ریقه‌وه ده‌ست پێده‌كات، هه‌تا عه‌قید و ئه‌وانه
پاسه‌وانی بۆ كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی ناوخۆ بۆچوونمان وایه،
له‌م قۆناغه پێویستی به زیادكردنی پاسه‌وان نه‌ده‌كرد، هه‌رچه‌نده به‌لای ئێمه‌وه
دروستكردنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانییه‌كه گرنگه، چونكه یه‌كه‌ی پاسه‌وانی
كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو پاسه‌وانه‌كانه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، كه ئه‌مه شتێكی
باشه و ده‌ستخۆشیمان لێكردوون.
*واته دروستكردنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانییه‌كه
جگه له لایه‌نی نه‌رێنیی، لایه‌نی ئه‌رێنیشی هه‌یه؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: بێگومان ئه‌مه دوو به‌شه،
به‌شێكیان شایه‌نی ده‌ستخۆشییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروستكردنی ئه‌م یه‌كه پاسه‌وانییه تا راده‌یه‌كی زۆر پاسه‌وانی
بندیوار ناهێڵێ و ده‌كرێت به سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی و هه‌موو پاسه‌وانێك ژماره
حسابی خۆی ده‌بێت و خۆی ده‌چێت بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌كه‌ی، ئه‌وه نامێنێ به‌رپرسه‌كه
به نامه‌یه‌ك مووچه‌ی هه‌موو پاسه‌وانه‌كانی وه‌ربگرێت و مووچه‌كان بچێته لای خۆی
كه ئه‌مه تا راده‌یه‌كی زۆر باش رێژه‌ی بندیوار ناهێڵێت.
*بواری پاسەوانی، كە پاسەوانی (بەرپرسان،
بارەگای فەرمی ده‌وڵه‌تی، باره‌گا حزبییەكان، بارەگای نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە)
دەگرێتەوە، یەكێكە لەو بوارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گومانی گەندەڵی گەورەی لەسەرە،
بەتایبەتی پاسەوانی بەرپرسان. ئێوه باشتر له‌هه‌مووكه‌س دركتان به‌مه كردووه،
قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كه چۆنه له‌م سلكه‌دا؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: دیاره له‌ناو په‌یڕه‌وه‌كه‌دا
باسی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مان و حكومه‌ت)نه‌كراوه،
ئێمه پێمان وتوون بۆچی باسی ئه‌و سی سه‌رۆكایه‌تییه نه‌كراوه، ئه‌وان
روونكردنه‌وه‌یان داوه كه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌وه،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه پۆستی باڵایه، ده‌بێت به گفتوگۆكردن
و دانیشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه، وه بۆ پاسه‌وانی
باره‌گا حیزبییه‌كانش قسه‌مان له‌گه‌ل كردون و ئه‌وان جه‌ختیان له‌وه كردوه‌ته‌وه
بڕیاره له داهاتودا له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه
دابنیشن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پاسه‌وانی باره‌گا حیزبییه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ش.
*ئێستا له پارتی و یه‌كێتی، ئه‌ندامانی
سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندام مه‌كته‌ب و كادیرانی باڵایان به‌هه‌زاران پاسه‌وانیان هه‌یه،
ئایا به‌پێی په‌یره‌وه‌كه به‌رپرسانی حیزب پاسه‌وانیان ده‌مێنێت؟ كامانه‌یان ده‌یمێنێ
و كامانه‌یان نایمێنێت؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: له په‌یڕه‌وه‌كه‌دا نه‌هاتووه
باس له به‌رپرسانی حزبی بكات، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێیان وتوین، له داهاتودا
له‌گه‌ڵ حزبه سیاسییه‌كان، كۆده‌بینه‌وه بۆ ئه‌وی پاسه‌وانی باره‌گا و پاسه‌وانی
حزبه سیاسییه‌كان، یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه. ئێمه به وه‌زاره‌تی ناوخۆمان وتووه
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌یه یه‌ك فه‌روج یان یه‌ك سریه پاسه‌وانی هه‌یه،
له كاتێكدا یه‌ك مێشوله دوژمنی نییه و پێویست به‌وه ناكات پاسه‌وانی هه‌بێت، پێمان
وتوون، كه‌سێك له مسته‌وای مه‌كته‌بی سیاسی لایه‌نی سیاسی بێت، هیچ پێویست ناكات
به سریه و به فه‌وج پاسه‌وانی هه‌بێت، پێمان وتوون ده‌بێت ئه‌مه رێكبخرێت و كۆتایی
به هه‌ندێك شتی قه‌به و گه‌وره له‌م وڵاته بێت كه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی
كوردستان نییه و ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خس و تاك و حزبێكی سیاسییه، ئه‌وانیش
بۆ چوونه‌كانیان له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئێمه بووه.
* به‌گشتی چه‌ند هه‌زار پاسه‌وان هه‌یه
له هه‌رێمی كوردستان؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: به ده‌قیقی ژماره‌یه‌كی
دیاری كرا‌و نییه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان، نزیكه‌ی 60 هه‌زار پاسه‌وان له
هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.
*له چه‌ند رۆژی رابردودا، وه‌زیری ناوخۆتان
میوانداری كرد بۆ لیژنه‌كه‌تان، وه‌ڵامی ئه‌و بۆ تێبینی و ره‌خنه‌كانتان له‌سه‌ر
په‌یره‌وه‌كه چی بوو؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: وه‌زیری ناوخۆ هه‌موو تێبینییه‌كانی
ئێمه‌ی به هه‌ند وه‌رگرتووه و پێی وابوو ده‌بێت ده‌ستوبرد بكرێت له دروستكردنی
یه‌كه‌ی پاسه‌وانی، ئێمه جه‌ختمان له‌وه كردوته‌وه كه ده‌بێت ده‌ستكاری په‌یڕه‌وه‌كه
بكرێت و تێبینییه‌كانی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش له په‌رله‌مان، له ناو په‌یڕه‌وه‌كه
جێگیر بكرێت.
*به‌پێی ئه‌و په‌یره‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه
باسی پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی (په‌رله‌مان و هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی)
تێدا نیه، سه‌رنجی به‌رێزتان؟ وه‌زیری ناوخۆ رای چی‌بوو؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: ئێمه له‌سه‌ر هه‌ر سێ
سه‌رۆكایه‌تییه‌كه بۆچوونی خۆمان پێوتون و وتومانه ده‌بێت دیاری بكه‌ن، ئه‌وانیشی
بۆچوونه‌كانی ئێمه‌یان وه‌رگرتووه و هه‌مان بۆچوونی لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌یان هه‌یه
كه ده‌بێت ژماره‌ی پاسه‌وانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه دیاری بكرێت.
*سه‌رنجی ئێوه له‌سه‌ر پرۆژه‌ی خانه‌نشینی
هێزه‌كانی ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان چیه؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: ئێمه باسی ئه‌وه‌شمان
كردووه، یه‌كێك له ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ كه به‌لامانه‌وه
گرنگ بوو، وتومانه گرنگه ده‌ستوبرد بكرێت له‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه له ئه‌نجومه‌نی
وه‌زیرانه، پڕۆژه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه
بێته په‌رله‌مانی كوردستان و ببێته به یاسا، ئه‌وه‌ی له دوو ساڵ رابردودا چاودێریمان
كردووه له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساكه، كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی
ناوخۆ به400هه‌زار دینار دیاری كراوه.
*خانه‌نشینی ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان كێ
ده‌گرێته‌وه؟ چاره‌نووسی خانه‌نشینی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان چی لێدێت؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: خانه‌نشینی ئه‌نجومه‌نی
پارێزگاكان به یاسا رێكخراوه و دیاری كراوه، ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی
خۆجییه‌وه هه‌یه دیاری كراوه، له‌ناو یاسای چاكسازی ئاماژه‌ی پێدراوه.
*له رۆژانی رابردودا، سه‌ردانی ئه‌و
ناوچانه‌تان كرد كه توركیا هێرشی ده‌كاته سه‌ر به تایبه‌ت لە ناوچه‌ی بادینان،
له نزیكه‌وه ئه‌و ناوچانه‌تان بینی، دۆخه‌كه چۆن بوو؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: ئێمه وه‌ك لیژنه‌كه‌مان
و لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی په‌رله‌مانی كوردسان و عێراق، چووینه سنوری پارێزگای دهۆك
و قه‌زای ئامێدی و ناحیه‌كانی دێره‌لوك و
شێلادزێ و باتیفا و ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌وله‌تی توركیا داگیركاری تێدا كردووه،
ده‌وڵه‌تی توركیا به درێژای 30 ساڵی رابردوو، خه‌ریكی داگیركردنی هه‌رێمی
كوردستان بووه، ئێمه به فه‌رمی به لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراقمان وتووه،
كه ئه‌مه شكاندنی شكۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه و پێشلكاریی سیادی خاكی عێراقییه
و نابێت حكومه‌تی عێراقی ئه‌مه قبوڵ بكات، ده‌بێت ئه‌م داگیركارییه رێگری لێبكرێت،
چونكه ده‌ركەوتووه كه پلانێك هه‌یه بۆ داگیركردنی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن
ده‌وڵه‌تی توركیاوه.
*هه‌ڵوێستی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق
له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا چی بوو؟
شاخه‌وان ره‌وف به‌گ: هه‌ڵوێستی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو
كه بۆچوونه‌كانی ئێمه و ئه‌وانه‌شی كه خۆیان له سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كه تۆماریان
كردبوو، ده‌یكه‌نه راپۆرتێك و ده‌یگه‌یه‌ننه په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی
وه‌زیران.