615 ئابوری

پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق دیارى کرا

12:21 - 19/04/2021

زەمەن_عێراق


وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند کە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە و پشکى هەرێمیش دیارى کراوە.

 

 ھاوکات وەزارەتی دارایی، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی گشتیی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد.

لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقائیعی عێراق، ھەیفا شوکر ئاماژەی بەوەداوە کە لە نوێترین ژمارەی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١، بڵاوکراوەتەوە.

 

بەپێى یاساکە، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە ١١ تریلیۆن و ٤٨٢ ملیار دینار دیاریکراوە.

دوای ئەو بڵاوکردنەوەیەش راستەوخۆ، یاسای بوودجە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و خەرجییەکان بە یاسایی ئەنجام دەدرێن.

پڕۆژە یاساکە دوای دەنگدان لەسەری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن