کەلتور

چۆن بەرگی یەکەمی ڕۆمانی "حەمەدۆك"م نووسی؟

06:25 - 25/02/2021 84 جار خوێندراوەتەوە

یاشار کەمال
و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی


ساڵانی ١٩٤٦-١٩٤٧ دەستم کردبوو بە چەند تاقیکردنەوەیەکی نووسینی ڕۆمان. "حەمەدۆك - Ince Memed" یەکێك بوو لەوانە. هەروەها دەستم دابووە نووسینی ڕۆمانی "کاریتە" و بە نیوەناچڵی بەجێم هێشتبوو. کاتێك ساڵی ١٩٥١ گەیشتمە ئیستانبوڵ، تەنانەت یەك لاپەڕەی ڕۆمانی "حەمەدۆك"م پێ نەبوو. بەڵام بابەتەکە وەك خۆی لە سەرمدا بوو و دەمویست بینووسمەوە. پێویستم بە پارە بوو. ئەو ڕۆژانە دەرهێنەرێکی سینەماییم ناسیبوو و داوای سیناریۆیەکی لێم کرد. کەمێك ئاشنای سیناریۆ ببووم. لەگەڵ عابیدین دینۆ لە یەك دوو سیناریۆدا کارمان کردبوو. ناوەڕۆکی "حەمەدۆك“م بۆ یارۆی سینەماکار باس کرد. گوتی: "ئەوەم بۆ بنووسە سێ هەزار لیرەت دەدەمێ." منیش سیناریۆکەم لە ماوەی مانگێکدا نووسی و دام بە کابرا. دواتر لێم ون بوو. هەر کاتێك دەچووم، لە شوێنی خۆی نەبوو. هەر جارێك تەلەفۆنم دەکرد، کابرا هێشتا نەهاتبوو بۆ شوێنی کار. دوای چەند ڕۆژێك دەستم هەڵگرت لە گەڕان بەدوایدا. تا ئەو کاتە تووشی کەسی لەو جۆرە نەببووم. ئەگەر بە دڵی نەبووە، با ڕاشکاوانە بیگوتبایە. بەڵام کابرا بەجارێك ون بوو. دوای چەند ساڵێك و پاش ئەوەی "حەمەدۆك" دەنگی دایەوە، کابرا لە کۆبوونەوەیەکدا منی دی و بەدوای کۆنێکدا دەگەڕا خۆی تێدا بشارێتەوە.
دوای ئەوەی لە یارۆی سینەماکار بێ ئومێد بووم، مەسەلەکەم بۆ جەواد بەگ (یەکێك لە لێپرسراوانی ڕۆژنامەی جمهورییەت) گێڕایەوە. زۆر دڵتەنگ بوو. فرە بێ پارە بووین. تیلدا-یش (هاوسەری پێشووی نووسەر) بەهۆی منەوە لە کار دەرکرابوو. سەد و هەشتا لیرەی ڕۆژنامەی "جمهورییەت"مان بۆ مابووەوە. ڕۆژێك بە جەواد بەگم گوت: "من خۆم ئەو بابەتەم لە شێوەی ڕۆماندا ئامادە کردووە و چەند بەشێکم لێ نووسیوە. دەمەوێت ئەمساڵ تەواوی بکەم. بەڵام پێویستم بە پارە هەیە. ئەگەر پێشەکی هەزار لیرەم بدەنێ..." جەواد بەگ کاغەزێکی خستە بەردەمی خۆی، شتێکی لەسەر نووسی و گوتی: "بڕۆ هەزار لیرە لە زیا بەگ وەربگرە." چووم، هەزار لیرەم وەرگرت و خۆم بە خاوەنی دنیا دەزانی. لە سەرەنجەبەی بێشکتاش خانوویەکی نوێ بنیاتنراو و هێشتا تەواو نەکراومان گرت. دەستم بە نووسین کرد. چەند ساڵ بوو لە بیری خۆمدا هێنابووم و بردبووم و ڕۆمانەکەم لەبەر دەزانی. بۆچی ساڵی ١٩٥٣ ئەو زستانە سەخت و پێشتر نەبیندراوە دەست پێ نەکات؟! جگە لە سۆپایەکی بچکۆڵانە، هیچی ترمان نەبوو. خەڵووزمان لە سۆپاکەدا دەسووتاند. لوولەی سۆپای ماڵەکەی ژێرمان بەناو دیواری خانووەکەی ئێمەدا تێدەپەڕی. تیلدا لە ناو پێخەوەکەی خۆیدا دادەنیشت، پشتی دەنا بەو شوێنەی دیوارەکەوە کە لوولەی سۆپاکەی پێدا تێدەپەڕی و کتێبی دەخوێندەوە. منیش جووتێك دەستکێشی ئەستوور کە لە ئەرزەڕووم کڕیبووم، کردبووە دەستم و هەوڵم دەدا "حەمەدۆك" بنووسم. ئەگەر جاروبار کەمێك خەڵووزمان دەست بکەوتبایە، لە ماڵەوە دەبوو بە جەژن و ئاهەنگ.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی شوباتدا هەوا ساردتر بوو. شەختەی لە تووناوە هاتوو گەیشتە تەنگەی بۆسفۆر و زەوی و ئاسمان بەستی. دانیشتووانی ئیستانبوڵ دەچوونە سەر شەختەکانی ناو بۆسفۆر و وێنەیان دەگرت. لەو زستانە تۆفەدا و لە ماڵی شەختەبەستوودا من بە سێ مانگ "حەمەدۆك"م تەواو کرد و بردم بۆ جەواد فەهمی باشکوت. ئەگەر جەواد بەگ ڕۆمانەکەی بەدڵ بوایە، بڕیار بوو هەزار و هەشتسەد لیرەی تر وەربگرم. ئەگەر بەدڵیشی نەبوایە، قەرداری ڕۆژنامە دەبووم. ئەو سەردەمە ئۆرهان کەمال پەیوەندی لەگەڵ "یەشیلچام" دانابوو و بێوچان سیناریۆی دەنووسی. بڕیار بوو منیش دەست پێ بکەم و هێدی هێدی بکەومە سەرپێ. دوای پازدە ڕۆژ لە جەواد فەهمی بەگم پرسی: "ڕۆمانەکەتان خوێندەوە؟" گوتی: "تا نیوەیم خوێندەوە." نەچووە ئەقڵمەوە و لە وەڵامدا گوتم: "ڕاست نییە جەواد بەگ، نەتانخوێندووەتەوە." بە گاڵتەوە پرسی: "لەبەرچی ڕاست نییە؟" من گوتم: "بەڕێزم، ئەگەر دەستتان بە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە بکردایە، تا کۆتایی دەستتان لێ هەڵنەدەگرت." جەواد بەگ بۆمی ڕوانی و گوتی: "هەی لاسار، خۆت بەچی دەزانیت! جارێ ئەمە یەکەم ڕۆمانتە."
...پاش دەستکردن بە بڵاوکردنەوەی "حەمەدۆك" لە "جمهورییەت"دا، داواکاری گشتیی ترسناکی ئەو سەردەمە حیجابی دینچ هاتبوو و گوتبووی: "جەواد بەگ، لە ئەنقەرەوە فەرمان هاتووە، پێویستە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆمانە ڕابگرن." لەو کاتەدا بەدری ڕەحمی و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس لەوێ دەبن. جەواد بەگ بە تووڕەبوونەوە هەڵدەسێتە سەرپێ و هاوار دەکات: "حیجابی، حیجابی، ئەوانەی لە ئەنقەرەوە تەلەفۆنیان بۆت کردووە، با بۆ منی بکەن. تۆ لە ڕۆمان تێدەگەیت، یان من؟ ئەوان تێدەگەن، یان من؟ دە ئەگەر لە دەستتان دێت ئەو ڕۆمانە لە ڕۆژنامە ببڕن." لەبەرئەوە جەواد بەگ و من و ئۆرهان ئاپئایدنی پارێزەری ئەو سەردەمی "جمهورییەت" کون و کەلەبەری "حەمەدۆك" گەڕاین و تەنیا پارچەیەکی بچووکمان دیتەوە کە بۆی هەبوو بخرێتە خانەی تاوانەوە. کاتێك کتێبەکە دەرچوو، ئەو پارچەیەم خستەوە سەری. ڕۆمانی "حەمەدۆك" ساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٤ بە زنجیرە لە "جمهورییەت"دا بڵاو کرایەوە و ساڵی ١٩٥٦ خەڵاتی گۆڤاری "ڤارلك"ی وەرگرت. گۆڤارەکە ئەو ساڵە ئەو خەڵاتەی دانابوو و بە بەخشینی بە "حەمەدۆك"، قیامەت ڕابوو. لە هەر چوار لاوە گوشارێکی هێندە زۆر و بەتین هات تا یاشار نەبیی خاوەنی گۆڤارەکە ناچار بوو یەکسەر خەڵاتەکە پووچەڵ بکاتەوە لەو ڕۆژە بەدواوە خەڵاتی گۆڤاری ڤارلك بۆ ڕۆمان هەرگیز نەبەخشرا. ئەمە بەمەرجێك یاشار نەبی هیچ تاوانێکی نەبوو لەو کارەدا. دەستی ناوبژیکار لە بژاردەترین ئەدیبانی تورکیا پێکهاتبوو و کەسانی وەك یاقوب قەدری قەرەعوسمانئۆغڵو، نوروڵا ئاتاچ، ڕەشاد نوری گونتەکەن، ئەحمەد حەمدی تانپنار و سعوود یەتکینی تێدابوو. لە کۆی نۆ ناوبژیکار، حەوتیان دەنگیان بە „حەمەدۆك“ دابوو. هەر ئەو ساڵە فۆرمێکی ڕاپرسی لە "ڤارلك"دا بڵاو کرایەوە بۆ ئەوەی خوێنەران باشترین ڕۆمانی تورکیا هەڵبژێرن. بۆچی بەشی زۆری خوێنەرانیش نووسەری "حەمەدۆك" هەڵنەبژێرن! پێم وابێت یاشار نەبی ئەو ساڵە بەدژواری گیانی خۆی لە دەستی هەندێك نووسەر ڕزگار کرد. تا مردیش هەرگیز جارێکی تر فۆرمێکی لەو جۆرەی بڵاو نەکردەوە.
"حەمەدۆك" ساڵی ١٩٥٧ لە یەکیەتیی سۆڤیەت و بولگارستان بڵاو کرایەوە. نازم حیکمەت بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی لەو وڵاتانە مسۆگەر کردبوو. هەروەها نازم نامەیەکی سەبارەت بە "حەمەدۆك" بۆ برادەرێکی خۆی نووسیبوو و ئەویش نامەکەی بۆ من خوێندەوە. کاتێك زانیم پیاوێکی وەك نازم شتی وای سەبارەت بە کتیبەکەم گوتووە، ڕۆمانەکەم لەکن شیرینتر بوو. ئیدی پێویست بوو بەشەکانی تریشی بنووسم. "حەمەدۆك" ساڵی ١٩٦١ لە بەریتانیا چاپ و بڵاو کرایەوە و ماوەیەکی درێژ لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبدا مایەوە. یەکەمجاریش هەر ئەو کاتە وەك پێویست پارەم دەستکەوت. بەفرگرە و سۆپای گاز و کورسی و مێز و بڕێك قاپ و قاچاخم بۆ ناوماڵ کڕی. دوای ئەوە ڕێگە بەباشی کرایەوە و "حەمەدۆك" لە ئەسکەندناڤیایش زۆر ناوبانگی دەرکرد. دواتر لەفەرەنسا و ئەمریکا بڵاو کرایەوە. بەتەواوی نازانم تا ئێستا بە چەند زمان بڵاو کراوەتەوە. پێموابێت لە سەرووی ٣٠ زمانەوەیە...


سەرچاوە: یەشار کەمال سەبارەت بەخۆی دەدوێت: هەڤپەیڤین لەگەڵ ئالان باسکوێ.

و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement