723 کەلتور

یادەوەریی بووکەڵەکان

06:55 - 23/01/2021

ئاراس وەهاب

 

(یادەوەریی بووکەڵەکان) ناوی ڕۆمانێکی نوێی (کاروان کاکەسوور)ە، ڕۆمانەکە (624) لاپەڕەیە و لە سیویەک بەش پێکهاتووە. هەروەها بە دەروازەیەک دەستپێدەکات و بە پاشکۆیەک تەواو دەبێت. لە ڕووی کاتەوە ڕۆمانەکە مێژوویەکی درێژ لە خۆی دەگرێت. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە بۆ دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکەم درێژ دەبێتەوە، بەڵام کاتەکان بە شێوەی زنجیرەیی بە دوای یەکدا نەهاتوون، بەڵکوو بە شێوەی ڕەمەکییانە خۆیان دەردەخەن، تا ئەو شێوازە سواوەی گێڕانەوە تێک بشکێنن. لەو زەمەنەدا کارەکتەری جۆراوجۆر دەردەکەون و ژیاننامەی خۆیان دەگێڕنەوە. شوێن لەم ڕۆمانەدا هەولێرە، بەڵام پەل بۆ کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی دیکەیش دەهاوێت، تەنانەت ئەوروپایش دەگرێتەوە. ئەوانە وایان کردووە هەم ژمارەی کارەکتەر و هەم ڕووداویش زۆر بن. بە مەبەستی دەرخستنی ئەو مێژووە درێژ و ئەو هەموو شوێنە جیاوازە، نووسەر پەنای بۆ کۆمەڵێک تەکنیکی نوێی گێڕانەوە بردووە. یەکێک لەوانە تەکنیکی (چیرۆک لەناو چیرۆکدا)یە. هەر چیرۆکێک زیاتر لە چیرۆکێکی تری لێ دەبێتەوە و بە شێوەی سەربەخۆ گەشە دەکەن، بێ ئەوەی تەواو پێوەندییان لەگەڵ یەکدا بپچڕێت. زۆریی چیرۆکەکانیش بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆمانەکە لەناو بابەتێکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت، بەڵکوو دەیان بابەتی جیاواز لە خۆی دەگرێت، بۆیە وەک هەموو بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر ناکرێت کورتی بکەیتەوە و بڵێیت باسی شتێکی دیاریکراو دەکات. هێندە هەیە هەردوو چەمکی (یادەوەری) و (بووکەڵە) خاڵی هاوبەشی هەموو بابەتەکانن. نووسەر دەڵێت: (دامودەستگەکان هەوڵ دەدەن یادەوەریی تاک بشێوێنن و وەک بووکەڵەی لێ بکەن، کە هەندێکیان بەوە ڕازی دەبن و هەندێکیان نا. لێرەدا ئەوانەی ڕازی نابن، هەوڵی دامەزراندنەوەی یادەوەریی خۆیان دەدەن، کە ئەمە خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تاکە لەگەڵ کۆدا، هیی مرۆڤە بە گشتی لەگەڵ دامودەستگەی کۆمەڵایەتیدا، هیی خودە لەگەڵ بابەتدا، هیی پەراوێزخراوەکانە لەگەڵ دەستەڵاتەکاندا). ڕوانینی فەلسەفییانەی نووسەر لە تێکڕای بابەتەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، بێ ئەوەی بە زەقی دەربکەوێت و ببێتە هۆی شاردنەوەی دەنگی کارەکتەرەکان، کە دەنگی هەر یەکەیان لەوەی تریان جیاوازە.

ڕۆمانەکە پێشکەشی (مامۆستا عومەر ساقی) کراوە. کەسەیاتییەکی جیاوازە. سیمبۆلێکی یاخیبوونی سەردەمەکەیەتی. جێدەستی بە ڕوونی لە بواری پەروەردەدا دیارە. (کاروان) نووسیویەتی: (ئەی شارەکە، من و تۆ چیمان لە یەک دەچێت؟ نازانم! تۆ بەوە ناسراویت، داهێنەرەکانت بشاریتەوە، بەڵام من بە دوای شاراوەکانتدا دەگەڕێم. هێشتا منداڵ بووم، (مامۆستا عومەر ساقی)م دۆزییەوە، لە کاتێکدا وات شاردبووەوە، کەس ڕێی پێ نەبات. ڕاستییەکەی لە کتێبی (ئەلفوبێ)ی (باڵدار)دا بۆ (ئازاد) دەگەڕام و ئەوم لە بەردەرگەی ماڵی (نازێ)دا بینی، چیرۆکی بۆ (نەسرین) دەگێڕایەوە. ئەم بەرهەمەم بەو مرۆڤە پێشکەشە).

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن