کورد و ئەبوسەعیدی ئەبولخەیر
05:58 - 17/01/2021
ناسر حیسامی
حیکایەتێک لە کتێبی "اسرار التوحید"
"اسرارالتوحید" باسی ژیانی ئەبوو سەعیدی ئەبولخەیرە. دەوروبەری ساڵی ٥٧٠ی کۆچی (١١٧٤ی زایین) نزیکەی ١٣٠ ساڵ دوای مەرگی ئەبوو سەعید نووسراوە. نووسەری کتێبەکە "محمد منور" لە نەوەکانی ئەبووسەعیدە. من زۆرتر بۆ فێربوونی زمان خوێندوومەتەوە، بەڵام کتێبەکە لە باری مێژوییشەوە جێگای سەرنجە. بۆ ناسینی ژیانی کۆمەڵاتیی خوراسانی ئەوکات بەکەڵکە و بە تایبەت، ناوی گەلێک شوێنی تێدایە کە ناوەکان کوردین. بەشێک لە ڕووداوەکانی کتێبەکە لە ناوچەی "خبوشان" ڕوویان داوە، هەر ئەو شوێنەی ئێستا پێی دەگوترێ "قووچان" و زۆر لە دانیشتوانی کوردن.
لە کتێبەکەدا لەهەر جێگایەک نووسەر قسەی ئەبوو سەعید دەگێڕێتەوە، چۆنی بە زمانی ئەبوو سەعیددا هاتووە، هەر ئاوای نووسیوە. لە زۆر جێگا، ئەوەی ئەبوو سەعید گوتوویەتی لە کوردی نزیکترە تا لە فارسی. بۆ نموونە دەڵێ "نت وا" بە مانای "نەتهەوێ" کە ئەوە لە فارسیدا نییە. هەروەها لە باسی جلوبەرگی ئەبوو سەعید دا "رانین" (ڕانک) و "فرجی" (فەرەنجی) نووسراوە. پشتریش لە ژیاننامەی بابەتاهیری هەمەدانیدا باسم کردووە کە هێندێک سەرچاوە ڕەچەڵەکی بابەتاهیر بە نێوی "بووتاهیری کورد" دەبەنەوە سەر ئەبوو سەعیدی ئەبولخەیر. بە پێی کتێبەکە، بابی ئەبوو سەعید و خەزووریشی، هەرتکیان بە "بابۆ" بانگیان دەکرێ. دیار نییە ئەبوو سەعید کورد بووە یان نا، یان لە دایکوباب و ڕەچەڵەکی کەسیان کورد بوون یان نا، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە زمانی لە کوردی نزیکترە تا لە فارسی.
ئەبوو سەعید ساڵی ٣٧٠ی کۆچی لە خوراسان لە دایک بووە و ٨٣ ساڵ ژیا. چوارینەکانی بەناوبانگن و لە شیعردا بە هاوتای حافز و خەیام دادەنرێ. ئەوە یەکێکە لە حیکایەتەکانی ناو "اسرارالیوحید" کە تێیدا باسی کوردێک دەکرێ:
حیکایەت
هەر حەسەنی مامۆستا گێرایەوە ڕەحمەتی خودای لێ بێ، چەند ڕۆژ بوو هیچ گۆشتم بۆ خانەقا نەهێنابووەوە، پارەم پێ نەبوو و سۆفییان داوای گۆشتیان دەکرد. ڕۆژێک شێخمان ئەبووسەعید قدس اللە روحە العزیز لە خانەقا گوتاری دەدا. پێی گوتم: "هەستە حەسەن بچۆ لای ئەو گەنجە". پەنجەی بۆ گەنجێک ڕاداشت. هەستام چوومە لای گەنجەکە. شێخ گوتی: "ئەی جوامێر! ئەو کیسەیەی لە نێوقەدت بەستووە، دینارێک و حەببەیەکی تێدایە، بیدەیە!". گەنجەکە، کیسەکەی لە نێوقەدی کردەوە و دایمێ. کیسەکەم وەرگرت و بردمە لای شێخ. شێخ گوتی: " بچۆ سەری ئەسپەرێس، گەنجێکی قەساب بەرخێکی مەستەشیری بە دەستەوەیە، جوان پاکی کردووە. بە دینارێک لێی بکڕە. گەنجەکەش لەگەڵ خۆت بەرە و بچنە شوولە و بەرخەکە لە قووڵکەکە بهاوێ با چوارپێی ئەو ناوە بیخۆن و دەمێک چەور کەن!". چووم و هەتا گەیشتمێ، بەڕێگاوە هەر بیرم لەوە دەکردەوە ئەوە چەند ڕۆژە لە خانەقا گۆشتمان نەدیوە و شێخ بەرخی پەرواری مەستەشیر بۆ سەگان دەنێرێ. گەیشتمە ئەسپەرێس و هەر ئەوەم دیت کە شێخ گوتبووی. بەرخەکەم سەودا کرد. گەنجەکە گوتی: "کڕیارم هەیە پێنج دانگ و نیوم دەداتێ، لە دینارێک کەمتری نافرۆشم". ئەو کیسەیەی پێم بوو و دینارێکی تێدابوو، دامێ و بەرخەکەم لێ کرێ و گەنجەکەشم لەگەڵ خۆم برد و بەرخەکەم هاویشتە بەردەمی سەگان. خەڵک کۆببوونەوە و چاویان لەو کارەی ئێمە دەکرد.
گەنجەکە دەستی کرد بە گریان و گوتی: "بمبە لای شێخی". گەنجەکەم لەگەڵ خۆم هێنایە لای شێخ. بەسەر دەست و پێی شێخدا کەوت و دەیگوت: "ئەی شێخ! تۆبەم کرد!" منیش لای شێخ ڕاوەستابووم. شێخ بە منی گوت: "حەسەن! چوار مانگە ئەم گەنجە ئەو بەرخە بەخێو دەکا و پێوەی ماندوو دەبێ. بەرخەکە دوێشەو مردار بووەوە. ئەو کوڕە پێی حەیف بوو فڕێی دا. بردبووی بیفرۆشێ. ئێمە بە ڕەوامان نەزانی ئەو پیاوە لەبەر موحتاجی ئەو بەرخە بفرۆشی و ئەو مردارە بە گەرووی موسوڵمانێکدا بچێ. ئەوە ئەم پیاوە بە ئارەزووی خۆی گەیشت و سەگەلیش دەمێکیان چەور کرد. تۆ بۆ لە ڕێگا دەتگوت لە کاری شێخ ناگەم و بەرخ بۆ سەگان دەنێرێ. سۆفی پاکن و ئەوەی پاک نەبێ نایخۆن. بەشی ئەوانیش دەگا."
ئەو جوامێرەی کیسە زێڕەکەی دابوومێ هێشتا لەوێ دانیشتبوو. کورد بوو و مەڕدار. هەستایە سەر پێ و گوتی: "ئەی شێخ! من مەڕی حەڵاڵم هەیە. ئەوە بیست بەختەم دایەی بۆ سۆفییان". شێخ گوتی" دەبوو هەموو ئەوانە ڕووبدەن، تا سەرەتا سەگەل دەمیان چەور بێ و ئەم پیاوەش بە ئارەزووی خۆی بگا و بەرخەکەی بفرۆشێ، تا ئێوە بە گۆشتی حەڵاڵ بگەن".
حەسەنی مامۆستا:
حەسەنی مودب، مامۆستای منداڵەکانی ئەبووسەعید بوو. کاروباری خانەقا، ئەو دەیکرد. ئازووقەی دەکڕی و بەسەر خۆراک و جلوبەرگی سۆفییان ڕادەگەیشت.
بەختە: شەک
ئەسپەرێس: ناوی شوێنێکە لە نەیشابوور. سەری ئەسپەرێس، گۆڕستانی ئەسپەرێس و بازاڕی ئەسپەرێس هەبوون.
وێنەکە مەزاری ئەبووسەعیدە لە گوندی "میهەنە"ی دەشتی خاوەران کە ئێستا کەوتووەتە ناو سنووری تورکمەنستان.