934 کەلتور

حەقیقی و حافز

10:50 - 11/01/2021

ناسری حیسامی

مەبە بۆ تاعەت و پەیمانێ بە هیوای منی مەست
کە بە مەیخۆرەوە ناسراوم ئەمن ڕۆژی ئەلەست
من لەسەر کانیی ئەوین ئەو دەمی دەسنوێژم شوت
لە هەموو بوون و نەبوونێکی جیهان شوشتم دەست
بدە مەی تاکوو لە ئەسراری قەزا تێتگەیەنم
کە ئەمن عاشقی کێ بووم و لە بۆنی کێ مەست
کێو وەکوو نێوقەدی مێرولە زەعیفن لێرە
ناهومێدی کەرەمی خوا مەبە ئەی بادەپەرەست
غەیری ئەو چاوە خومارانە کە دوور بن لە بەڵا
لەبن ئەو گومبەزە نەیکردووە کەس خۆشی هەست
گیان فیدای ئەو دەمە بێ وا لە گوڵستانی وجوود
خاوەنی باغی جیهان جوانتری لەو خونچە نەبەست
وەک سولەیمان بوو بەهۆی دەوڵەتی عیشقت (حافز)
چونکە وەسڵی نەبوو لەو دەوڵەتە، بای ماوە بە دەست


ئەمە شیعری حافزە و مامۆستا حەقیقی کردوویە بە کوردی. وەرگێڕانەکەی مامۆستا حەقیقی یەکجار جوانە. ئەم وەرگێرانە، ئەگەر نەڵێم بێوێنەیە، بە دڵنیایی دەتوانین بڵێین وێنەی دەگمەنە. چەند ئاماژەی تێدان کە جێگای ئەوەن زیاتریان لەسەر بوەستین.

.
دەسنوێژ و دەستشوشتن
من همان دم که وضو ساختم از چشمهٔ عشق
چار تکبیر زدم یک سره بر هر چه که هست

.
بۆ ئەوەی باشتر لە مانای شیعرەکە بگەین پێویستە بزانین "چارتکبیر زدن" یانی چی. "چارتکبیر" مەبەست ئەو نوێژەیە کە موسوڵمانانی ئەهلی سوننەت لەسەر مردووی دەکەن. "چارتکبیر" لێدان لە بابەت هەرشتێک مانای ئەوەیە ئیدی بە تەمای ئەو شتە نەبی، بە نەبووی دابنێی و چاوپۆشیی لێ بکەی. حافز دەڵێ: من هەر ئەو ڕۆژەی لە سەرچاوەی عیشق دەسنوێژم هەڵگرت، نوێژی مردووم لەسەر هەموو شتێکی ئەم دنیایە کرد و بێجگە لە عیشق هەموو شتێکی ئەم دنیایەم بە نەبوو دانا. لە نێوان "دەسنوێژهەڵگرتن" و "نوێژکردن"دا پەیوەندێک هەیە. ئەگەر وەرگێڕی ئەو شیعرە لە جیاتی "چارتکبیر" یان "نوێژی مردوو" هەر شتێکی دیکە دابنێ کە ئەو پەیوەندەی لەگەڵ "دەسنوێژ" نەبێ، ئەو جوانییە لە شیعرەکەدا نامێنێ.


مامۆستا حەقیقی، ئاوای کردووەتە کوردی:
من لەسەر کانیی ئەوین ئەو دەمی دەسنوێژم شوت
لە هەموو بوون و نەبوونێکی جیهان شوشتم دەست

واتە لە جیاتی "چارتکبیر" یان "نوێژی مردوو"، "دەست شوشتنی"داناوە. دەڵێ: هەر ئەو ڕۆژەی لە سەر کانیی ئەوین دەسنوێژم هەڵگرت، دەستم لە هەموو شتێکی ئەم دنیایە شوشت. لێرەدا پەیوەندەکە بووەتە پەیوەندی "دەسنوێژهەڵگرتن" (کە تێیدا دەست دەشۆن) و "دەست شوشتن" لە دنیا. پڕاوپڕ هەموو مانای شیعرەکە دەگەیەنێ بە هەموو وردەکارییەکانی لە باری ڕەوانبێژییەوە. لەوە جوانتر نەدەکرا ئەو شیعرە بکرێتە کوردی.

چاو و چاوەزار
بجز آن نرگسِ مستانه که چشمش مرساد
زیر این طارمِ فیروزه کسی خوش ننشست

واتە جگە لەو جووتە نێرگزەی تۆ (چاوت) کە لە چاوەزار بەدوور بن، لە بن تاقی پیرۆزەیی ئاسمان کەس بە خۆشی دانەنیشت. لە نێوان دێڕەکاندا وێکچوونی "تاقی پیرۆزەیی ئاسمان" و "نێرگزی چاو" لە بن "تاقی برۆ" هەیە: نێرگز لە بن تاقی ئاسمان و چاوی تۆ لە بن تاقی برۆت. هەروەها" کە چشمش مرساد" بە مانای "کە چاوی نەگاتێ" بە دوو مانا هاتووە:

یەکەم: کە هیچ چاوێک بۆ جوانی نایگاتێ،
دووهەم: نزایەکە کە ئەو چاوانە ئازاری هیچ چاوێکیان نەگاتێ و دووربن لە چاوەزار. ئەو چاوانە کە بێچاوێنی بن.
مامۆستا حەقیقی ئەو دیمەنەشی یەکجار جوان بە کوردی داڕشتووەتەوە:
غەیری ئەو چاوە خومارانە کە دوور بن لە بەڵا
لەبن ئەو گومبەزە نەیکردووە کەس خۆشی هەست.


سولەیمان و با
حافظ از دولتِ عشق تو سلیمانی شد
یعنی از وصل تواش نیست بجز باد به دست

بۆ تێگەیشتن لە مانای شیعرەکە پێویستە بزانین پەیوەندی "سولەیمان" و "با" چییە. لە گێڕانەوە دینییەکاندا دەڵێن سولەیمان پێغەمبەر کە زمانی ئاژەڵ و باڵندەی دەزانی، فەرمانی با و بۆرانیشی بەدەست بوو. بە فەرمانی ئەو با هەڵیدەکرد یان دەوەستا. یانی "با" بە دەستی ئەو بوو.
مەولەوی، (مەولانای ڕۆمی) لە دەفتەری چوارەمی مەسنەویدا بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە لە وتووێژی سولەیمان و با:


باد بر تخت سلیمان رفت کژ
پس سلیمان گفت بادا کژ مغژ
باد هم گفت ای سیلمان کژ مرو
ور روی کژ از کژم خشمین مشو

 
هەر ئەو "با"یەی جڵەوی بەدەست سولەیمان بوو، هەڕەشەی ئەوەشی لە سولەیمان دەکرد لار ببزووی، منیش لار لێت هەڵدەکەم. حافز لە شیعرێکی دیکەشدا ئاماژەیەک بەوە دەکا:


در معرضی که تخت سلیمان رود به باد
که آگە است که کاوس و کی کجا رفتند

 
واتە لەو جێیەی تەختی دەسەڵاتی سولەیمان بەبا چوو. ئیدی کێ دەزانێ کەیکاووس و کەیخوسرەو چییان لێهات؟
"تخت سلیمان رود بە باد" دوو مانای هاوکاتی هەیە:
یەکەم: تەختی سولەیمان (قالیچەکەی سولەیمان) کە سواری با دەبێ و بەسەر پشتی باوە دەڕوا.
دووهەم: تەختی دەسەڵاتی سولەیمان، کە بەبا چوو و لەو دەسەڵاتە هیچی نەما و کۆتایی پێهات.
سولەیمان کە تەختی بەسەر باوە دەچوو، دەسەڵاتی بەبا چوو، ئیدی کێ لەوە دەپرسێ دەسەڵاتی فڵان و فیسار چی لێهات.
بێینەوە سەر وەرگێرانەکە. مامۆستا حەقیقی ئاگادار و شارەزای هەرتک باری مانای "با بەدەست" بوونە. وەک سولەیمان "با"م بەدەستە. سولەیمان بای بەدەست بوو بە مانای ئەوە کە فەرمانی با بەدەستی ئەو بوو، منیش بام بەدەستە، بە مانای ئەوە کە تەنیا "با"م بەدەستەوە ماوە و بە وەسڵی تۆ نەگەیشتم و دەستم بەتاڵە و هیچم بەدەستەوە نییە:

وەک سولەیمان بوو بەهۆی دەوڵەتی عیشقت (حافز)
چونکە وەسڵی نەبوو لەو دەوڵەتە، بای ماوە بە دەست


بە چەند وشە، گەیاندنی ئەم هەموو مانایە، دەسەڵاتێکی دەوێ لە چەشنی دەسەڵاتی حافز و حەقیقی.
یادی مامۆستا حەقیقی بەخێر

..................................................................................

هێژا کاک ناسری حەقیقی ئەو ڕوونکردنەوەیەی لە بابەت وەرگێرانی سەد غەزەلی حافز ناردووە کە مامۆستا حەقیقی باسی ئەوە دەکا چۆن بوو دەستی دایە وەرگێرانی ئەو غەزەلانە:
.
سپاسی بێ بڕانەوە کاک ناسری خۆشەویست ! بۆ هەڵبژاردن وهەڵسەنگاندن ولێکدانەوەی ئەم داڕشتنە کوردییە ڕەوان ودەقاودەقەی حەقیقی بۆکانی لە یەک لە غەزەلە نایابەکانی حافزی شیرازی. بەچاوخشاندنێک بە ناو کۆمێنتەکاندا ڕادەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی ئەو بەڕێزانە بۆ زمان و ئەدەبی نەتەوەکەمان ڕوون و ئاشکرا دەبێ. هەر بۆیە پێمخۆش بوو لێرەدا بۆڕێزلێنان لەم گشتە کۆمێنتە جوانە، بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەو سەدغەزەلەی حافز بەکورتی بخەمە بەردید ونەزەری بەڕێزیان.

.
ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی واتە ١٩٨٦ی زایینی ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێرانی لەتاران هەوڵی دۆزینەوە و چاپی هەڵبژاردەیەک لە وەرگێڕاوەکانی حافز بە زمانانی بێگانەدەدا. بۆ ئەم مەبەستە سەردانی کۆمەڵەی کوردانی دانیشتووی تاران دەکەن تا شاعیرێکیان پێ بناسێنن کە توانای وەرگێڕانی دەغەزەلی هەبێ بۆ چاپ لە نێو کتێىێک بە ناوی حافزی سی زمانە. کۆمەلەی کوردی، مامۆستا هەژار پێشنیار دەکەن کە ئەوکات ماڵی لە کەرەج بوو. مامۆستا هەژار پێیان دەفەرموێ گونجاوترین کەس بۆ ئەم کارە مامۆستاحەقیقی یە وئێوە دەتوانن لە ڕێگەی ناوەندی چاپ وبڵاوکردنەوەی سەلاحەدین لەورمێ کە مامۆستا خۆشی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرێتی، پێوەندی پێوە بکەن. ئەوە کەنگێ؟ کاتێک مامۆستا حەقیقی تەمەنی لە ژوور ٨٦ ساڵە. تەمەنێک کە شاعیر زۆربەی لەنووسین دەکەون و لە شیعر دەچنەوە. مامۆستا وەک بۆخۆی باس دەکا، دەفەرموێ ئەگەرچێ ئەوکارە زۆرلام گرنگ وچەتوون بوو بەڵام دڵی ئەندامانی سروە ودنەی دۆستان وئەوینی حافز دەستیان دایە دەستی یەک و بەو پیرییە لەبەرابەر حافزدا ڕایانگرتم وبە پشتگەرمی ئەوان ملم لەبەرملی نا ودەغەزەلەکەی ویستی ئەوانم لە ماوەیەکی کەمدا وەرگیرا و ڕەگەڵ زمانانی دی کەوت. ئیدی من پاڵم لێداوە و بەتەما نەبووم درێژە بەوکارە بدەم کەچی دیم مەسەلی کورد وەدی هات کە دەڵێ :
بەکورد بدەی پیازێ دوان دوانت لێ دەخوازێ.
دۆست وناسیاو وکەسانی وەرگێڕاوەکانیان دیبوو هەڵەسوونیان هێناوە وداوایان کرد درێژەی پێ بدەم. منیش کە زاتم شکابوو و ڕەواڵی کارەکەم هاتبووە دەستی دیسانیش تێهەڵچوومەوە وتا ئێستە ئەو سەد غەزەلەم وەرگێڕاوەتەوە. دەڵێم جارێ هەتا کۆچی دواییم نەکردووە چاپی بکەم وپێشکەشی ئەویندارانی کوردی حافزی نەمری بکەم."
مامۆستا حەقیقی لە درێژەدا دەفەرموێ:

وەرگێڕانەکە زۆر بەرپرسانەیە، واتە بەوپەڕی ئەمانەتەوە ئەوکارەم کردووە. لەخۆمەوە شتم لێ کەم وزیاد نەکردووە وشەرحم نەکردووە. ڕواڵەتی شیعرەکەم هەر لەسەر کێشی عەرووزیی خۆی کردووە بەکوردی ودەستم لە ناوەرۆک نەداوە. بەومانایە کە مەبەستی حافز، بێ کەم و کووڕی لە کوردییەکەیدا بەدی دەکرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن