پهڕلهمانتار جەمال کۆچەر: مهرجنییه ناردنی 320 ملیارهكهی بهغدا بهردهوام بێت
01:40 - 02/09/2020
سازدانی: زهمهن
جەمال کۆچەر،
پەرلەمانتارى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوو، بە دوورى دەزانێت هەرێم و بەغدا لەسەر تەواوى
کێشەکانى نێوانیان رێکبکەون، پێیوایە لەسەر بودجە رێککەوتن دەکرێت، بەڵام پرسى
نەوت دوادەخرێت.
جەمال کۆچەر، لەم
چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ "زەمەن" حکومەتى عێراق سوورە لەسەر ئەوەى حساباتى خیتامى بودجە لەگەڵ لەگەڵ هەرێم
بکات لە ساڵى ٢٠٠٦ەوە تائێستا، کۆچەر ئەمە بە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم رێککەوتنى
هەردوولادا دەزانێت.
زەمەن: بۆچى عێراق پرۆژە
یاساى بودجە بۆ سێ ساڵ ئامادە دەکات؟
جەمال کۆچەر: یەکێک لە
مادەکانى یاساى نوێى ئیدارەى دارایى، داوا دەکات وەزارەتەکانى دارایى و پلاندانان،
پرۆژە یاساى بودجەى سێ ساڵ وەک پێشنیار ئامادەبکەن و حکومەت پەسەندیان بکات، بەڵام
حکومەت پابەندە بە بودجەى ٢٠٢١، بۆ ساڵانى دواتر ئەگەر پرۆژەکە کێشەى هەبوو ئەو
کاتە گۆڕانکارى تێدا دەکرێت.
زەمەن: پشکى هەرێم بە چ
شێوازێک ئیشى لەسەر کراوە؟
جەمال کۆچەر: جارێ
نازانین چۆنە، لەسەر دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە.
زەمەن: ناردنى ٣٢٠ ملیار
دینارەکە لە پرۆژە یاساى بودجەى ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت؟
جەمال کۆچەر: ئەوەش مەرج
نیە بەردەوام بێت، لەسەر پابەندبوونى هەرێم وەستاوە بە مەرجەکانى بەغداوە.
زەمەن: هۆکارى رێکنەکەوتنى
هەرێم و بەغدا چیە، خەتاى کامیانە؟
جەمال کۆچەر: خەتاى
هەردووکیانە، هەر لایەکیان لە شتێکدا پابەند نەبووە و پرسەکە بە سیاسى کراوە،
ململانێى ئیرادە هەیە لەنێوان هەردوو حکومەت و هەندێک شەخسدا.
زەمەن: مەسەلەن خەتاکەى
هەرێم لە کوێدایە؟
جەمال کۆچەر: پێشتر
رێککەوتن هەبوو لە نێوان هەردووکیان کە یەکەمجار ٥٥٠ بەرمیل نەوت بوو دواتر بوو بە
٢٥٠ هەزار بەرمیل، ئەگەر هەرێم رادەستى بکردایە ئەو کاتە حکومەتى عێراق نەیدەتوانى
بڵێت پارە نانێرم.
زەمەن: زۆر قسە لەسەر
نەوت دەکرێت، دەوترێت نەوت لە دەستى هەرێمدا نیە؟
جەمال کۆچەر: هەرێم
نەوتى بە دەستەوە ماوە، بەڵام چەندى بە دەستەوە ماوە ئەوەیان نازانرێت، هەرێم
شەریکى هەیە و بە قەت بەشى خۆى دەتوانێت قسە بکات، لەگەڵ تورکیا و روسیا شەریکە،
من نازانم گرێبەستەکان چۆنن بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا نەکراون.
زەمەن: ئێوە و
پەرلەمانتارانى کوردستانیش ئاگادار مەلەفى نەوت نین، ئەى کێ ئاگادارە؟
جەمال کۆچەر: بەس خوا
دەزانێت کێ ئاگادارە، هەندێک کەسى دیاریکراویش ئاگادارن، پەرلەمانتارانیش ئاگادار
نین، ئەمە پرسیارێکى زۆر قورسە کە رووبەڕووى ئێمە دەکرێتەوە.
زەمەن: ئێوە داواى
زانیاریتان کردووە لەسەر مەلەفى نەوتى هەرێم؟
جەمال کۆچەر: داوامان
کردووە دەڵێن زانیارى هەیە و بەسەرچاو دەتاندەینێ، بەڵام هیچمان نادەنێ.
زەمەن: لە عێراقیش بە
هەمانشێوە مەلەفى نەوت ناشەفافە؟
جەمال کۆچەر: بەڵێ،
ئەوێش شەفاف نیە و دزى هەیە.
زەمەن: پشت بەستنى عێراق
بە داهاتى نەوت هەر بەردەوام دەبێت یاخود کەرتەکانى دیکە زیندوودەکرێنەوە؟
جەمال کۆچەر: هیچ
پرۆژەیەک لە عێراقدا سەرناگرێت، ئەم دۆخە نالەبارە هاوکار نیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و
زیندووکردنەوەى کەرتەکانى دیکە.
زەمەن: بەڵام
جموجوڵەکانى مستەفا کازمى ئاماژەن بۆ ئەوەى کە عێراق بەرەو سەقامگیرى دەچێت؟
جەمال کۆچەر: ئەگەر سەد
خاڵ دیاریبکەین، دەتوانین بڵێین مستەفا کازمى لە خاڵى یەکەمدایە و زۆرى ماوە.
زەمەن: ئایا دەروازە
سنوورییەکان بە تەواوەتى کەوتنە ژێر دەستى حکومەت؟
جەمال کۆچەر: نەخیر
وانیە، حکومەت چووەتە حەوت خاڵى سنوورى ئەمە ماناى ئەوە نیە بە تەواوى
کۆنترۆڵکرابن، ٢٢ دەروازە لە عێراق هەن.
زەمەن: بەو حاڵەشەوە
عێراق توانیویەتى موچەى فەرمانبەران بدات، بەڵام هەرێم ئەوەشى نەکردووە؟
جەمال کۆچەر: عێراق
دەوڵەتە، راستە دەوڵەتێکى لاوازە، دەتوانێت قەرز بکات و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە
نێودەوڵەتییەکان بکات، هەموو کاتێک دەتوانێت قەرز بکات، چونکە سەروەت و سامان و
هەیکەلى دەوڵەتى هەیە، بەڵام هەرێم هەیکەلێکى دوو ئیدارەى هەیە و دەوڵەت نیە و
شەفافیش نیە، ناتوانێت قەرز دەرەکى بکات.
بۆ نمونە سندوقى
خانەنشینى لە هەرێم هێشتا دروستنەکراوە، بەڵام لە عێراق هەیە و ئەمساڵ حکومەت
چەندین ملیار دینارى لەو سندوقە قەرز کرد، لە هەرێمى کوردستان لە ٩٢ەوە سەدا ١٤ بۆ
١٧ لە موچەى فەرمانبەر دەبڕدرێت، بەڵام ئێستا کە فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت
مەعاشى پێنادەن دەڵێن پارە نیە.
زەمەن: بڕیارە
بەمنزیکانە شاندنى هەرێم بۆ دوا رێککەوتن بچێتە بەغدا، ئێوە ئاگادارن؟
جەمال کۆچەر: بڕواناکەم
بۆ دوا رێککەوتن بێت، چونکە کێشەکانى نێوانیان زۆرن، ئەگەرى زۆر ئەوەیە تەنیا
لەسەر پشکى هەرێم لە بودجەى ٢٠٢١دا رێکبکەون.
حکومەتى عێراق دەیەوێت
حساباتى خیتامى لەگەڵ هەرێم لە ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا بکرێت، بۆ ئەوەى بزانن چۆن ئەو
بودجەیە خەرجکراوە، تائێستا حساباتى خیتامى لەنێوانیاندا نەکراوە، زۆرجار لە عێراق
بودجەمان بە ١٢١ ملیار دۆلار، بەڵام کە سەیرى خەرجییەکان دەکەین لەوانەیە ٧٥ ملیار
دۆلار خەرجکرابێت، ئەو پارەیەى تر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.
لەگەڵ ئەوەشدا کێشە هەیە
لەسەر داهاتى نەوت و خاڵە سنوورییەکان و داهاتى ناوخۆ.
زەمەن: واتە پێشبینى
دەکەیت رێککەوتن ئەستەم بێت؟
جەمال کۆچەر: بەبڕواى من
ئەم ئەو رێککەوتنەى لە نێوان کازمى و حکومەتى هەرێم هەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنى
دەروازە سنوورییەکان لەبەرامبەر ناردنى ٣٢٠ ملیار دیناردا ئەوە رێککەوتنى لەسەر
دەکرێت، مەسەلەى نەوت رەنگە دوابخرێت چونکە عێراق ئێستا پێویستى بە نەوتى هەرێم
نیە، بەهۆى رێککەوتنى ئۆپیکەوە دەبێت هەناردە کەمبکاتەوە.