پوشکین و یەسەنین دوو مەرگی جیاواز!
11:50 - 29/07/2020
یاسین بانیخێڵانی
لە ناو ئەدەبی
ڕووسیدا هیچ ناوێک هێندەی ناوی پوشکین 1799 – 1837 لەسەر زاران و لەبەرچاو نییە، ناوی
پوشکین نەک هەر لە سەر ئاستی ڕووسیا بە گشتی و شاری سانت پێتەرسبۆرگ بەتایبەتی لە زۆرێک
لە وڵاتانیش شەقام و شوێن بەناوییەوە کراوە.
ڕەنگە یەکێک لە
هۆکارەکانی ناوبانگ و گرنگی پێدانی پوشکین بگەڕێتەوە بۆ مەرگی پوشکین، چوون هەندێک
نووسەر نیتشە گوتەنی: " لەدوای مردنەوە لە دایک دەبن".
ژۆرژ دانتێس فەرماندەی
سەربازی و سیاسەتمەداری فەرەنسی ساڵی 1836 لەسەر داوای خۆی فەرەنسا بە جێ دەهێڵێت و بۆ خزمەت ڕوو لە ڕووسیا دەکات، دوای
ئەوەی بە پوشکین و ناتالیای خێزانی ئاشنا دەبێت،
یەکسەر چاوی دەچێتە سەر ئەو کچە گەنجە جوانە و داوای پەیوەندی لێ دەکات، بەڵام ناتالیا
ڕەتی دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات کاتارینای خوشکی ناتالیای خێزانی پوشکین مارە بکات،
بەڵام ئیتر هەر بەمەوە ناوەستێت و بە ناوی نهێنییەوە نامەی سوکایەتی و تانەو توانج
ئاراستەی پوشکین دەکات.
دوای مارەکردنی
کاتارینا دانتێس دەست لەکاری جاڕسکارانە و بێزارکردنی پوشکین و خێزانەکەی هەڵناگرێت
دوای مانگێک لە ململانێ لە ڕووبەڕووبونەوەیەکی زۆرانبازیدا (duel) نووسەرە گەنجەکە بێ خەبەر لە نیاز و فێڵی ژەنەراڵێکی
سەربازی ئامادە دەبێت، بەڵام دانتێس فیشەکێکی پێوە دەنێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت
و دواتر بە شێوەیەکی ناچاری و جاڕسکەرانە (provocatively) و زۆرەملێ ناتالیا مارە دەکات.
بەڵام هەرچی یەسەنینە
1895-1925 بە پێچەوانەوە دوای چەند مانگێک بەر لە خۆ کوشتنی 1925 کچە سەماکاری ئەمەریکی
دۆنکان وازی لێ دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا، کە 18 ساڵ لە یەسەنین گەورەتر بوو،
یەسەنین نەوەیەکی نووسەری ناوداری ڕووسیا تۆڵستۆی
بە ناوی سۆفیا مارە دەکات و پاش چەند ڕۆژێک لە میوانخانەی ئێنگلتەرە لە شاری سانت پێتەرس
بۆرگ خۆی دەکوژێت، بەڵام لە پێش خۆکوشتنەکەیدا ئەم شیعرە بە خوێنی خۆی دەنووسێت:
ماڵئاوا هاوڕێی
ئازیز، ماڵئاوا
تۆ بۆ هەتا هەتایە
لەناو دڵمدا دەمێنیت
چارەنووسی ئەم
مەرگە پێشوەختە
بەڵێن بێت بەم
نزیکانە بتبینمەوە
بەبێ وشەیەک و
تەوقەکردنێک، ماڵئاوا هاوڕێ،
حەز ناکەم هیچ
غەمگین و دڵتەنگ بیت،
چونکە مردن لەم
ژیانەدا شتێکی نوێ نییە
هەروەکو چۆن ژیانیش
هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە،
وێنەکە: پەیکەری
پوشکین لە باخچەی تەنیشت ماڵەکەی سەردەمی مناڵی لە شاری پوشکین، کە ٢٥ کیلۆمەتر لە شاری سانت پێتەرسبۆرگەوە دوورە.