عهشق و چارهنوس...رۆمانێک لەبارەی ترس و ئازایەتییەوە
11:51 - 28/06/2020
حسێن لەتیف
تراجیدیای دیمتریو، رۆمانێکی تری حەنا مینە یە، لەم رۆمانەدا گێڕانەوە زۆر خێرایە، رستە زۆر سادەیە، بەڵام بە وردبینی دەرونناسێکەوە دەچێتە ناو زۆنە تاریکەکانی ناخی مرۆڤەوە.
مرۆڤ بەسەرچاوەی یەکەمی خۆشی و ناخوشێکانی خۆی دەزانێت، ئەوە رووداوەکان نین مرۆڤ ئاراستە دەکەن بەڵکو بیرکردنەوەی مرۆڤ خۆی بەرهەمهێنەری ئەو رووداوانەیە کە تیایدا دەژێت، لەرێگای دوو دەنگەوە، کە هەر دوو دەنگەکە لەناخی یەک کەسەوە کە دیمتری یە دەبیسترێت، هەردوو دەنگەکە لە ململانێدان، دەنگێک دەیەوێت دیمتری ئازا بێت و روو بەڕووی هەموو شتێک بێتەوە کەهەرخۆیشی سەرچاوەیانە، ئەو دەنگە پێی دەڵێت: ناتوانیت لەخوت هەڵبێیت!
بەڵام دەنگەکەی تر ترسنۆکە هەمیشە دەیەوێت دیمتری لەجێگای خۆیدا بمێنێتەوە و ریسک نەکات، دەنگە ترسنۆکەکە زاڵ دەبێت و دیمتری مۆسیقار دەکوژێت.
فەلسەفە وجیهانبینی رۆماننووسەکە ئەوەیە مرۆڤ هەڵگری دوالیزمی ترس و ئازایەتیە .بەڵام خۆی گرنگی بەهەرکامیان بدات ئەوەیان سەردەکەوێت.
دیمتری نموونەی ئەوکەسەیە بەردەوام گوێی لەدەنگە ترسنۆکەکەی خۆی گرت و دەنگەکە زاڵبوو بەسەریدا.هەرچەند دەنگە ئازاکە دەیووت شتێک نییە بەناوی چارەنووس، ویست و هێزم بدەرێ چارەنووست بۆ دەگۆڕم، ئەو دۆخەی تۆی تیا دەژیت چارەنووس نییە کۆمەڵێک یاساو رێسای کۆمەڵایەتین و پێویستە لێیان یاخی بیت، بەڵام دیمتری ئەم دەنگە فەرامۆش دەکات، دەنگە ترسنۆکەکە هێندە زاڵ دەبێت بەسەریدا هەتا لەقەراغی دەریایەک خۆی دەکوژێت .
کەواتە ژیان و چارەنووسی هەریەک لەئێمە رەنگدانەوەی بیرکردنەوەکانی خۆمانە، گۆڕینی ژیان لەگۆڕینی بیرکردنەوەمانەوە دەست پێدەکات.
من ئەمە پێنجەم کتێبی حەننا مینەیە خوێندومەتەوە، لەدوای دیستوفیسکییەوە بە یەکێک لە باشترین روماننوسەکانی ناوچەکەی دەزانم کە دەتوانێت وەک دەروونناسێک پەنا بۆ خوێندنەوەی رۆمانەکانی ببرێت.
بەگشتی رەخنەگرانی ئەدەبی عەرەبی گرنگی بە رەهەندی واقیعی کۆمەڵایەتی لەرۆمانەکانیدا دەدەن، ئەو هێندە گرنگی بەژیانی هەژاران دەدات کاتێ مرد یەکێک لەرۆژنامە ئینگلیزیەکان نووسی بووی (مێژوو نووسی هەژاران مرد) ئەو زۆر بەهوشیارییەوە گرنگی بەوە دەدا بۆ ئەوەی ئەدەبەکەی بەشداری بکات لە دروست بوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و رامیاری دا.
لای من رەهەندی دەروونی رۆمانەکانی جێگای بایەخی زیاتری منن.