858 کوردستان

لە دایكبوونی عێراقی نوێ....

12:39 - 10/06/2020

شیكاری: د.سه‌نگه‌ر سه‌یدقادر*

لەمێژووی عێراق و ئەمەریكادا سێ جار دانوستاندنی ستراتیژی كراوە:
١- لە ساڵی ١٩٥٢ كە لەنێوان هاری ترومانی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا ومەلیك فەیسەڵەی دووەم (خاڵی مەلیك) دا ئەنجامدرا كە دواتر ئەنجامەكەی پێكهینانی هاوپەیمانی بەغداد بوو لەساڵی ١٩٥٥ دا.

٢- دووەم دانوستاندنی ستراتیژی لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بوو لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی عێراق و ئەمەریكادا كە دواتر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن سەرۆكی كۆچكردوی عێراقی بەدوادا هات.

٣- دانوستاندنی سێهەم ساڵی ٢٠٠٨ لە نێوان حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری كامل مالیكی و ئەمەریكادا بوو كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دواتر سەرهەڵدانی داعشی بەدوادا هات.

دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمەریكا:
 بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/١٠ دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمەریكا لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفراسەوە دەست پێبكات بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكەوتنامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمەریكای ساڵی ٢٠٠٨.

پێكهاتەی وەفدەكە:
وەفدی  ئەمەریكا بۆ دانوستانەكانی عێراق و ئەمەریكا بریتین لە:
١- جێگری وەزیری دەرەوە دەیڤد هێڵ
٢- یاریدەدەری وەزیری دەرەوە دەیڤد شینكەر
٣-فرانس ڤانۆن یاریدەدەری وەزیری دەرەوە
٤-جۆی هود جێگری شینكەر
٥- دەیڤد كۆبلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە
٦- ماسیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق.
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەڕشتی پرۆسەكە دەكات.


وەفدی عێڕاق بۆ دانوستاندنەكە پێكهاتووە لە :
١-عبدالكریم هاشم وەكیل وەزیری دەرەوە و جیگرەكەی حارس حەسەب
٢-فەرید یاسین باڵوێزی ئٔێستای عێراق لە واشنتن
٣-  لوقمان فەیلی باڵوێزی پێشووی عێراق لە واشنتن
٤- فەوزی هەریری سەرۆكێ دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك نوێنەری كورد لەگەڵ وەفدی عێراق بەشداری پێدەكرێت.

تیمی عێراق ڕاستەوخۆ لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

هۆكاری گۆڕانی ستراتێژی ئەمەریكا:
دانوستاندنەكان بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكەوتنامەی ئەمنیدا لەسەر داوای  ئەمەریكا بووە لە چوارچێوەی گۆڕانی ستراتیژی ئەمەریكا دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانی ململانێكان بەئاڕاستەی چین و ڕۆژهەڵاتی دوور.

چونكە لە ڕابردوودا ستراتیژی ئەمەریكا لە سەر سێ پایە وەستابوون كە بریتین لە ( ئاسایشی ئیسرائیل و شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ووزە لە ناوچەكەدا) بەڵام ئێستا ئەمەریكا چاو بەم ستراتیژەدا دەخشێنێتەوە.
چونكە ڕوسیا و چین لە سایەی ئەم. پارێزگاریەدا دەستیان. بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووزەی ناوچەكەدا گرتووە و ئەمەش مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریكا وهەیمەنەی ئەمەریكا دروست كردووە.

لەلایەكی ترەوە ئێستا ئەمەریكا پێویستی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە چونكە ڕۆژانە خۆی ١٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و زیادە لە پێویستی ناوخۆی ڕەوانەی دەرەوەی دەكات.

هەربۆیە ئەوەی لە سێ پایەكەی ڕابردوو بۆ ئەمەریكا گرنگ بوو ئێستا تەنها (پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل) لە پلەی یەكەمی ستراتیژی ئەمەریكادایە و پرسی ئاسایشی ووزە و شەڕی دژی تیرۆر پرسی لاوەكین و كاری سەرەكی ئەمەریكا سنور دانانە بۆ پەلكێشی و فراوانخوازیەكانی چین و ڕوسیا لەناوچەكەدا. لەم چوارچێوەشدا عێراق گرنگیەكی زۆری لەم ستراتیژە نوێیەدا دەبێت.

پرۆژەكەی ئەمەریكا بۆ ڕێككەوتن:
 لە ئێستادا ڕوسیا دەستی بەسەر سەدا ٦٧% كەرتی ووزەی ( عێراق+ كوردستان)دا گرتووە و لە كۆتای ساڵی ڕابردووشدا چین ڕێكەوتنامەیەكی ٧٠ ساڵەی لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كرد بۆ كڕینی نەوتی عێراق لە بەرامبەر قەرزی درێژ خایەندا كە پێشكەشی عێراقی دەكات.

لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی ناوچەی ئێران و توركیا دەستیان بەسەر كایەی سیاسی و ئابوری عێراقدا گرتووە لە كاتێكدا بە پێی بڕیاری 1446 و 1483 ئەنجومەنی ئاسایش عێراق وەك وڵاتێكی داگیركراو لە لەلایەن. ئەمەریكاوە ناساندووە.

لە ڕووی ئەمنیەوە ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەرپڕسیار بوون لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و لە ماوەی ١٧ ساڵدا ئەمەریكا نزیكەی ٧ ترلیۆن دۆلاری لە عێراقدا خەرجكردووە بەڵام ئیستا ئاسایشی هێزەكانیشی لە عێراق كەوتووەتە مەترسیەوە
هەربۆیە ئەمەریكا دەیەوێت جارێكی تر دەست بەسەر عێراقدا بگرێتەوە نەك بەتەنها پاسەوان بێت بەڵكو دەیەوێت كارەكتەری سەرەكی بێت لە كایەی سیاسی و سەربازی و ئابوری و ووزەی عێراقدا.

بۆیە پرۆژەكەی ئەمجارەی ئەمەریكا بۆ ڕێككەوتن كە بەهاوكاری چەند ناوەندێكی  توێژینەوە ئامادەكراوە و لە ٣٣ بەند پێك دێت جیاوازە لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی ٢٠٠٨ و كەرتەكانی ( سەربازی و ئەمنی ئابوری و سیاسی و پەڕوەروەردە و گەشتیاری و ووزە و خوێندی باڵا و تەندروست و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان دەگرێتەوە).

ئامانجی پرۆژەكە قوڵكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و عێراق و بەهێزكردنی هاوبەشی نێوانیانە كە ئەمە دەبێتە هۆی دەرهێنانی عێراق لە ژێر سایەی هەیمەنەی وڵاتانی ناو جیهانی ناوچەی.

ئەگەڕەكانی بەردەم دانوستاندنەكان:
- یەكەم لە گەری ڕێككەوتندا: ئەگەر عێراق ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەكەی ئەمەریكا بدات و بگەنە ڕێككەوتن ئەوا ئەمەریكا بەپێی پلانێكی ٥ ساڵی بە بڕی ٨٠ ملیار دۆلار هاوكاری عێراق دەكات لە سەر پێخستنەوەی تەواوی كەرتەكاندا و پارێزبەندی ئەمنی و سەربازی دەبەخشێتە عێراق لە هەر دەستدرێژیەكی دەرەكی و فشار ناوچەی و جیهانی هەروەها ئاسانكاری بۆ عێراق دەكات كە هاوكاری دارای لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان و وڵاتانی كۆمەك بەخش وەربگرێت
ئەمەریكا لە ڕووی ژمارەوە هیزەكانی كەم دەكاتەوە و سوپای عێراق بەهێز دەكات و لە ڕووی هەیمەنە و لۆجستیەوە بوونی خۆی لە عێراق بەهێز دەكات كە ئەمە دەرفەت بۆ بەهێز بوون و دروستبوونی حكومەتێكی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار لە بەغداد دەستبەر دەكات، چونكە ئەمەریكا بەرنامەیەكی مەشق و ڕاهینان و پڕچەك كردنی سوپای عێراقی ئامادەكردووە و ساڵانە هاوشێوەی ئیسرائیل و پاكستان و میسر بە بڕی ٢ ملیار دۆلار هاوكاری سەربازی سوپای عێراق دەكات.

- ئەگەری دووەم: لە ئەگەر شكست هێنانی دانوستانەكاندا ئەمەریكا هیزەكانی دەكیشێتەوە بۆ كوردستان و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات وەك چەقی ستراتیژی ئەمەریكا و لەكوردستانی باشورە چالاكیەكانی لەشەڕی تیرۆر لە سوریا و عێراق بەڕدەوامی پێدەدات و ئەگەری دروستكردنی دیفاكتۆیەكی سەربەخۆی لە هەرێم دەبێتە ئەگەرێكی كراوە.

لەهەمانكاتدا سزای ئابوری توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و پارەی نەوتی عێراق كە لە بانكی TBI هەڵگیراوە بلۆك دەكات و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی عێراق دەكات هەڕوەها ڕێگەنادات دامەزراوە نێودەوڵەتیەكانی وەك بانگی نێودەوڵەتی و بانكی دراو هاوكاری عێراق بكەن هاوشێوەی یاسای قەیسەر كە سوریای كردووە  بە جەستەیەكی مردوو بەدەست ڕووسیاوە بە هەمان شێوە عێراق مایە پوچ دەكات 
لە ڕووی دیبلۆماسیشەوە عێراق لە جیهان دادەبڕێت و لە ئەگەر ڕێكنەكەوتندا دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆز دەبێت و نێردە دبلۆماسیەكان و باڵوێزخانەكان بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا لە عێراق دەكشێننەوە و هاوشێوەی ڕژێمی سەدامی دوای داگیركردنی كوەیت عێراق لە  جووڵە دەكەوێت

لە ڕووی ئەمنیشەوە لە ئەگەر كشانەوەی ئەمەریكادا داعش بەهێز دەبێت و لە ماوەیەكی كورتدا دەست بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراقدا دەگرێت و ڕێكخراوی جیهادی نوێ سەرهەڵدەدەن لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا چوونكە مایە پوچ بوونی كەرتی ئابوری عێراق و لاوازی سوپا و دەستبەسراوی ئێران وادەكات دۆخی ئەمنی لە عێراق بتەقێتەوە.

قۆناغەكانی ڕێككەوتن:
 دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمەریكا بە چەند قۆناغێك و چەند خولێكی گفتووگۆ دەبێت كە سەرەتا لەسەر ئاستی لایەنی تەكنیكی و وردەكاریەكان ڕێكدەكەون و دواتر پرۆژەی ڕێككەوتنەكە بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران. ڕێكەوتننەكە ئاراستەی پەرلەمان دەكرێت
چونكە بەپێی یاسای  ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠١٥ كە تایبەتە بە ئیمزاكردنی ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتیەكان و مۆركردنی پەیمانە نێودەوڵەتیەكان پەرلەمان. دەسەڵاتی پەسەند كردنی ڕێكەوتنامە و پەیمانامەكانی هەیە  نەك ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕوان دەكرێت ڕێككەوتنەكە ئەگەر ئەنجامدرێت لە ماوەی سێ مانگدا كۆتای بێت

- هەڵوێستی عێراق لەسەر دانوستاندنەكان:
 لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی وڵاتانی بەشداری شەڕی داگیركردنی عێراق بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئوسترالیا پشتیوانی ڕاستەوخۆی پرۆژەكەی ئەمەریكا دەكەن بە ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە دانوستاندنەكاندا و ڕاوێژیان پێدەكرێت
لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق تا ئێستا میلیشیاكانی( نوجەبا و حیزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق) تەنها بەمەرجێك لەگەڵ دانوستانەكاندان كە ڕێككەوتن بكرێت بۆ دەركردنی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق وەك لە بەیانامەی ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/٢ هاتووە، بەڵام ئەم ملیشیایانە دەربڕی سیاسەتی ئێرانن و هەڵوێستەكەیان تەنها لە چوارچێوەی فشاردایە( لە بڕگەی ئێران و ڕێككەوتنامەكەدا ڕوون دەكرێتەوە)
 لەسەر ئاستی سیاسی ئەوەی تا ئێستا هەڵوێستی ڕوونی هەبووە موقتەدا سەدرە كەلە بەیانامەی ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/٦ مەرجی سەربەخۆی و پاراستنی سەروەری خاكی عێراقی وەك تاكە مەرج دیاری كردووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەركردنی  هێزەكانی ئەمەریكا بكات لە عێراق.

بەڵام دەسەتەی سیاسی عێراق كەلە ساڵی ٢٠٠٣ حوكمی عێراق دەكەن لەو ڕاستیە تێدەگەن كە ڕێككەوتن و ڕێكنەكەوتنیش زیان لەبەرژەوەندیەكان دەدات بەڵام زیانی ڕێككەوتن كەمترە چونكە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بڕیارێكی خۆكوژیە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگە و دەسەڵاتیان و دووریش نیە كە بەتەواوی لەدەسەڵات دووربخرینەوە چونكە شەقامی عێراقی دژیان دەجوڵێت كاتێك ئەمەریكا سزا ئابوری بەسەر عێراقدا دەسەپەێنێت
لە لایەكی تریشەوە ئەمەریكا سزا بەسەر ئەو بەرپرسە عێراقیانەدا دەسەپێنێت، بەڵام لە ئەگەر ڕێككەوتندا ئەگەرچی  دەسەڵات و پێگەیان لاواز دەبێت بەڵام دەرفەتی مانەوەیان دەبێت لە گۆڕەپانی سیاسی دا بۆیە خۆیان لە پێكادان و ڕەتكردنەوەی ڕێكەوتنامەكە دەپارێزین و بێدەنگی هەڵدەبژێرن 

- هەوڵوێستی حكومەتی عێراق:
 گەڕانەوەت هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمی حكومەتی عێراق بووە لە ساڵی ٢٠١٤ لە دوای هێرشی داعش واتە بوونی ئەم. هێزانە تا ٢٠٢٠/١/٥  شەرعی بوو، بەڵام لە  كوژرانی قاسم سولەیمانی لە كۆتای ساڵی ٢٠١٩  لە ٢٠٢٠/١/٥ پەرلەمانی عێراق بڕی دەركردنی هێزە بیانیەكانی لە عێراق پەسەند كرد
ئەگەر چی لەناوەڕۆكی بڕیارەكەدا ئاماژە بەدەركردن و نایاسای بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەكراوە و تەنها حكومەتی  پابەند كردووە بە دانوستاندن بۆ دەركردنی ئەو هێزانە بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیارەكە  گومانی لە شەرعی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دروست كردووە
كە ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی داواكاری بۆ دانوستاندن و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ  بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لەسەر ئاستی حكومەتی ئێستای عێراقیش مستەفا كازمی پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق
چونكە چارەنوسی كازمی و حكومەتەكەی پەیوەستە بە سەركەوتنی دانوستاندنەكان. و گەشتەنە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكادا، بۆئەمەش كازمی كازمی تاكتیكی comprise  و هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندی ئەمەریكا و ئێراندا بەكار دەهێنێت و لە ڕابردووشدا كازمی لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ ئەڵقەی پەیوەندی نیوان ئەمەریكا و ئێران بووە 

- دانوستاندنەكان و چارەنوسی حەشدی شەعبی:
 بڕیاری ئەمەریكا بۆ سنورداركردنی نفوزی ئێران. لە عێراق بە بێ سنورداركردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی مەحاڵە، بۆیە  ئەمەریكا بەپێی ڕێككەوتنەكە یەكێك لە مەڕجەكانی توانەوەی حەشدی شەعبی دەبێت ئەمەش لە ڕێگای بەهێز كردنی حكومەت و سوپای عێراقەوە
حەشدی شەعبیش لەو ڕاستیە  تێدەگات كە لە ئەگەری ڕێككەوتن یان ڕێككنەكەوتندا چارەنوسیان لەقاڵبدان و توانەوە دەبێت بۆیە دەیانەوێت بە كەمترین زیان لەو پێشهاتە نوێیە ڕزگاریان بێت و لایەنی كەمی دەسەڵاتیان بپارێزن
چونكە لەئەگەری ڕێككنەكەوتندا ئیسرائیل دەستكراوە دەكرێت بۆ لێدان لە حەشدی شەعبی و هاوكات سزا بەسەر سەركردەكانیاندا دەسەپێنێت و مایە پوچ بوونی ئابوری عێراق لە ئەگەر سەپاندنی سزای ئەمەریكا بەسەر عێراقدا دەكەوێتە ئەستۆی ئەو هێزانە و شەقام دژی حەشد و دەستەی سیاسی دەجوڵێت.

 ڕۆڵی ئێران لە دانوستانەكاندا:
 پرۆژە نوێیەكەی ئەمەریكا بۆ عێراق لە ئێران گەورەتر و فراوانترە و ئێران ناتوانێت پرۆژەكە ڕابگرێت چوونكە لە ئەگەری ڕێكنەكەوتندا ئێران  كۆمەڵێك زیانی گەورە و كوشندەی بەڕدەكەوێت لەوانە:
١- ئەگەر ڕێككەوتن شكست بینێت بەرژەوەندیە ئابوریەكانی ئێران لە عێراق دەكەوێتە مەترسیەوە چونكە سەپاندنی سزای ئابوری ئەمەریكا بەسەر عێراقدا بەواتای  بەتاڵبونی كاسەی  پڕی ئێران دێت لە عێراق
٢-  لە ئەگەر ڕێكنەكەوتندا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كۆتاییان پێدێت و دەپوكێنەوە بە هۆی توڕەی شەقام و سزاكانی ئەمەریكاوە
٣- لەسەر ئاستی سیاسی لەئەگەری ڕێكنەكەوتندا ئەو دەستە سیاسیەی كە ئێران ١٧ ساڵە بۆ سەپاندنی هەیمەنەی خۆی بەكاریان. دەهێنێت لاواز دەبن و كۆتای هاتنیان ئەگەرێكی كراوەیە
٤- لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەی ئێرانەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و سەپاندنی سزا دۆخی عێراق ئاڵۆز دەكات و ئاڵۆزبوونی باردۆخی ناوخۆی عێراق مەترسی گواستنەوەی ئەو ئاڵۆزیانە بۆ ناوخۆی ئێران بەهێزتر دەكات
٥- لە ئەگەری ڕێكنەكەوتندا عێراق دەبێت بە جەستەیەكی مردوو بێ كاریگەر و دەبێت بە بار بەسەر شانی ئێرانەوە كەلەم. دۆخەی ئێستادا ئێران بۆخۆی كێشە و قەیرانی دارای و ئابوری هەیە
لەبەر ئەو هۆكارانە و چەند هۆكارێكی تر(لە شیكاریەكە سراوەتەوە)  ئێران ناچارە ئەو پێشهاتە نوێیە قبوڵ بكات و لایەنی كەمی بەرژەوەندیەكانی بپارێزێت و فشار لەسەر ملیشیاكانی هاوپەیمانی بكات كەنەبنە ڕێگر لەبەڕدەم ڕێكەوتنەكەدا، چونكە ئێران یەكێك بووە لە سودمەنترین هێزەكانی بوونی ئەمەریكا لە عێراق و بەرهەمی  قوربانیدانی ئەمەریكا لە عێراق چنیوەتەوە 
هەر بۆیە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئێرانە ئەرچی لەسایەی  ئەگەری ڕێككەوتندا ئەم بەرژەوەندیانە سنوردار دەبێت 
بەڵام هاوسەنگی كردن لە نێوان بەرژەوەندیەكانی و بەرژوەندی ئەمەریكادا دەرفەتی لێكتێگەیشتنی ئەمەریكا و ئێران زیاد دەكات ڕەنگە ڕێكەوتنەكە ببێتە خاڵی دەستپێكی ڕێكەوتنێكی گشتگیری ئێران و ئەمەریكا چونكە ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆی لاوازبووە و لەگەڵ ڕوسیادا لە سوریا كێشەی گەورەی هەیە و لەو ڕاستیە تێگەشتووە كە دەبێت بچێتە سەر مێزی گفتووگۆ بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دەكات
بۆیە ئێران لە ئێستادا ڕەنگە لە قۆناغی ناردنە دەرەوەی شۆڕشەوە بگۆڕێت بۆ قۆناغی هاوسەنگكردن و هاوتەریب كردنی بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ ئەمەریكادا و سەرەتا لە عێراقەوە دەستپێبكات و كازمیش كارتەرێكی بە ئەزمونی پێكەوە گرێدانی بەرژەوەندیەكانی ئێران و ئەمەریكا بووە لە كاتی شەڕی داعشدا و دەتوانێت ڕۆڵی نێوەند گیر بگێڕێت.

كوردستان لە دانوستاندنەكانی ئەمەریكا و عێراقدا...
 دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمەریكا پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە چەند پرسێكی ستراتیژی پەیوەست بە كوردستانەوە لەوانە پرسی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد و پرسی نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان و هێزەكانی پێشمەرگە و ئایندەی كوردستان.

كە بەگشتی لە چەند خاڵێكدا ئەگەرەكانی سود و زیانەكانی كوردستان لە ئەگەری ڕێككەوتندا دەخەینە ڕوو، كە ڕێكنەكەوتن زیاتر لە بەرژەوەندی كوردە نەك ڕێككەوتن:
١- لە پرسی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدادا ئەگەر ئەمەریكا و عێراق ڕێكنەكەون ئەوا ئەمەریكا هێزەكانی بۆ كوردستان پاشەكشە پێدەكات و كوردستان دەبێت بەچەقی ستراتیژی ئەمەریكا و پارێزبەندی بۆ هەرێم دروست دەكات.

٢- لەپرسی ناوچە جێناكۆكەكاندا ئەگەر عێراق و ئەمەریكا نەگەنە ڕێككەوتن ئەوا  ڕێگە نادرێت  ئەوناوچانە بكەوێتە ژێر هەیمەنەی ئێران و بە بیانوی شەڕی داعشەوە ئەمەریكا جارێكی تر ئەو ناوچانە دەخاتەوە ژیر كۆنتڕۆڵی خۆی.

٣- لەسەر ئاستی ناوچەیی پێگەی هەرێم ئەگەر ئەمەریكا و عێراق ڕێكنەكەون بە هۆی چڕكردنەوەی ستراتیژی ئەمەریكا لە هەرێم كورد پێگەی بەهێز دەبێت لە هەمانكاتدا بەغداد پێگەی نیودەوڵەتی لاواز دەبێت بەهۆی سزا چاوەڕوانكراوەكانەوە.

٤- لە ئەگەری ڕێكنەكەوتندا ئەمەریكا نفوز و دەستیوەردانی وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت ئێران لە كاروباری هەرێم سنوردار دەكات.

٥- لەڕووی داراییەوە هاوكاری هەرێم دەكات بۆ ئەوەی ئاسایشی هەرێم و هێزەكانی بەهۆی  جوڵاندنی شەقامەوە نەكەوێتە مەترسیەوە.

- لەئەگەری ڕێكەوتندا:
١- ئەگەر ئەمەریكا و عێراق بگەنە ڕێككەوتن ئەوا پرۆژەی ئەمەریكا دروستكردنی عێراقێكی بەهێز و دەسەڵاتێكی ناوەندیە كە ئەمە پێگەی هەرێم لاواز دەكات.
٢- لە ئەگەری ڕێكەوتندا كوردستان ڕۆڵی ستراتیژی خۆی لە دەستدەدات و سەرنجی ئەمەریكا لەسەر بەغداد دەبێت.
٣-پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لەژێر دەسەڵاتی بەغدادا دەهێڵدرێتەوە.

٤- پرسی بەڕێوبردنی ووزە و خاڵە گومرگیەكان دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی.
بەڵام لە ئەگەری ڕێكەوتن و ڕێكنەكەوتنیشدا چەند گۆڕانكاریەك ڕوودەدات لەوانە نفوزی توركیا و ڕوسیا بەسەر كەرتی ووزەی هەرێمدا سنوردار دەكرێت و هاوكاری و مەشق ڕاهێنانی زیاتر بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت، ئەمەریكا هێزەكانی لە عێراق كەمدەكاتەوە.

دەر ئەنجامەكان:
١- ئەگەری گەشتن بە ڕێككەوتنی ئەمەریكا و عێراق بۆ كۆشكی سپی گرنگە بەڵام عێراقیەكان دەستكراوە دەكەن.
٢- ئەمەریكا بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە بۆ دروستكردنی عێراقی نوێ و دووبارە نەكردنەوەی هەڵەی ڕابردوو.
٣- دەسەڵات و نفوزی ئێران لە عێراق سنوردار دەكرێت و هاوسەنگیەكی پارسەنگ بەلای ئەمەریكادا دروست دەبێت لە نێوان بەرژەوەندی ئەمەریكا و ئێراندا.
٤-دەسەڵات و هەیمەنەی ڕوسیا و چین بەسەر كەرتی ووزەی عێراقدا سنوردار دەكرێت.
٥- ملیشیاكانی حەشدی شەعبی كۆنترۆڵی عێراق لە دەست دەدەن.
٦-ئامادەكاری دەكرێت بۆ هاتنەسەر دەسەڵاتی نەوەیەكی نوێی سیاسی و نەوەی دوای ڕووخانی سەدام دەسەڵاتیان سنوردار دەكرێت.
٧- هەوڵدەدرێت مەرجەعیەتی شیعە بگەڕێنرێتەوە بۆ نەجەف و كەربەلا. و ئەمەریكا زیاتر پشتیوانی مەرجەعیەتە شیعەكانی عێراق دەكات.
٨- سوپای عێراق بەهێز دەكرێت و وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بەكار دەهێنرێت.
٩-لە قۆناغی دووەمدا هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی عێراق و ئیسرائیل دەدرێت.
١٠- گۆڕانكاری گرنگ لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕوودەدات و دەسەڵاتی سیاسی و حكومەتی خۆجێی ڕێكدەخرێتەوە.

ئەوەی گرنگە لە كۆتایدا پشبینیە بۆ داهاتووی عێراق كە زۆر جیاواز تر دەبێت لە عیراقی دوای ٢٠٢٠/٥/٨ و بە ئاڵۆز بوون یاخود سەقامگیری عێراقی نوێ لە دایك دەبێت كە دەبێتە هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمەریكا ئەگەر ڕێككەوتن بكرێت.

*بەرپرسی دیسكی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن