هەڵوێستى حکومەتى عێراق و هەرێم لەسەر رووداوەكەی شیلادزێ پێچەوانەى یەکترە
08:20 - 27/01/2019
زەمەن پرێس:
بەیاننامەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم
لەسەر رووداوەكەی ناحیەی شیلادزێ جیاواز بوو، بەشێوەیەك حكومەتی عێراق تورکیا بەدەستپێشخەر دەزانێت و حكومەتی هەرێمیش ئاماژە
بەبوونى دەستی گێرەشێوێن دەكات.
رۆژى شەممە هاوڵاتیانى گوندى سیرێی سەر
بەناحیەى شیلادزێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تیایدا بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى
بەرامبەر شەهیدکردنى ژمارەیەک هاوڵاتى سنورەکە لەلایەن فڕۆکە جنگیەکانى تورکیاوە
چوونە سەر بارەگاى سەرەکى تورکیا، بەڵام دواتر پەلاماری سەربازگەکەیاندا و
ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و کەلوپەلى ناو بارەگاکەیان سوتاند.
دوابەدوای رووداوەكە نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیاوە كردو
بەڵێنی سزادانى ئەو کەسانەى کرد هێرشیان کردوەتە سەر بارەگاکەى تورکیا لە شیلادزێ.
هەر دواى رووداوەکە وەزارەتى دەرەوەى عێراق
ئیدانەى بۆردومانى سنورەکەو بریندارکردنى خۆپیشاندەرانى کرد لەلایەن سەربازەکانى
تورکیاوە بۆئەو مەبەستەش بانگهێشتى
باڵیۆزى تورکیاى لەعێراق کرد.
ئەوەی جێگەی سەرنجە جیاوازیی نێوان هەڵوێستى
حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقە لەسەر رووداوەكە کە حکومەتى عێراق وێڕاى
ئیدانەکردنى هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران سەربازانى تورکیاشى بە دەستپێشخەر زانیوە
لە رووداوەکەدا.
لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم
خۆپیشاندانەکەى بە گێرە شێوێن ناوبردو بەلێنى ئەوەشیدا سزاى ئەو کەسانە بدەن
دەستیان لە رووداوەکەدا هەبووەو بڕیاریانداوە لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکبهێنن.
هەروەها حكومەتی عێراق تەقەكردنی هێزەكانی
توركیا لە هاوڵاتیانی شیلادزێ و هەموو دەستدرێژییەك بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق ئیدانە کردوە، بەڵام حکومەتى هەرێم هاوڵاتیان و
پەکەکەیان تۆمەتبار کرد بەوەى کە ئەو رووداوەى لێکەوتەوە.
لە ئێستادا نزیكەی 20 بنكەی سەربازی لە
سنوری بادینان دا هەیە و بە قوڵای 25 كیلۆمەتر هاتونەتە نێو خاكی هەرێمی كوردستانەوە،
ناوبەناو بە بیانوی بونی بنكەوبارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ەوە بۆردوومانی
ناوچە سنورییەكانی هەرێم دەكات.
بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق تەقەكردنی هێزەكانی
توركیا لە هاوڵاتیانمان لە ناحیەی شیلادزێ و كۆمەڵكەی سیرێ لە قەزای ئامێدی سەر
بە پارێزگای دهۆك ئیدانەدەكات، كە كەسێك تێیدا بووە قوربانی و ژمارەیەك برینداریشی
لێكەوتەوە و دواتر فڕۆكەكانی توركیا بە ئاستێكی زۆر نزم بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕانەوە
و بووەنە مایەی ترساندنی هاوڵاتیان.
نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەكان و زیانەكان
دەردەبڕین، و وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكات و یاداشتێكی
ناڕەزایەتی دەربارەی رووداوەكە رادەست دەكات و داواش دەكات جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە.
سەروەری عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییەكانی
بە پلەی یەكەم لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی عێراقدایە و جەختدەكەینەوە
كە عێراق بەردەوام هەموو دەستدرێژییەك بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و بەكارهێنانی
خاكەكەی بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ئاسایش و سەلامەتی هەر وڵاتێكەی دراوسێ ئیدانە دەكات.
نوسینگەی راگەیاندنی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
بەیاننامەی حكومەتی هەرێم
نیگەرانی و دڵگرانیمان بۆ كەوتنەوەی زیانی
گیانی و بریندار لە ڕووداوەكانی ئەمڕۆی ناوچەی شێلادزێ دەردەبڕین و وێڕای سەرەخۆشی،
هاوسۆزی لەگەڵ كەسوكار و خانەوادەی قوربانیان دەردەبڕین
دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە
هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان
سزا دەدەرێن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان