837 کەلتور

چیرۆکەکانى خەیاڵ

03:25 - 18/03/2020

کامەران سوبحان 

(هەر جارەی چیرۆکی کەسایەتییەکی خەیاڵ دەنووسمەوە)

چەند ساڵێ پێش ئەوەی دڵڕەقانە کێلی گۆڕەکەی لە دامێنی سەیوانا بشکێنرێ، هەندێ لە ئێوارانی هاوین، لە کۆڕی شەرحی شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا بووم. پێشتر مودەڕیس، ورد ورد شەرحی بەیت و وشە و زاراوەکانی کردبوو، بەڵام تەمەن ڕێگەی بە تەواوکردنی نەدا، پاشتر بە شەکەتی و جەستەیەکی خەستەو ماندووەوە کاکە حەمەی کوڕی، سەرقاڵی تەواوکردنی بوو.


سەردەمی ناسینی عەبدوڕەحمان بەگی ساحێبقران -سالم و من، بۆ ساڵانی پێش ئەو ئێوارانەش دەگەڕێتەوە، بەڵام دانیپێدادەنێم ئەو ڕۆژانە، باشتر ناسیم و باشتر شیعرەکانیم خوێندەوەو بوویە یەکێ لەو کەسایەتییانەی کە هەمیشە خۆی‌و شیعرەکانی، لە خەیاڵدانمدا ئامادەبوون. 


عەبدوڕەحمان بەگی ساحێبقران و من، دوو هاوڕێ یەکترین لە دوو سەردەمی جیاوازدا ژیاوین، یەکتربینین و یەکتر ناسینمان، یەکلایەنە بووەو بەرهەمی خەیاڵی  منە و هیچی تر! 


شەرحی شیعرەکانی و بڵاوبوونەوەی دیوانەکەی بەو شیکارییە قوڵەوە، کۆڵێ دڵخۆشی کردم. پاش چەند ساڵێکی کەم بەسەر بڵاوبونەوەی ئەو دیوانە شیعرییەی سالم دا، دڵڕەقانە کێلی گۆرەکەی خۆی و مستەفا بەگی مەحموود بەگی ساحێبقڕان -کوردیی ئامۆزایان وردو خاشکرد. ئەو ڕۆژانە و پاش مردنی کاکە حەمەی مەلا کەریم، لەبری کۆڕی گوێگرتن لە شیعری ئەو شاعیرە، لەسەر گۆڕەکەی و لەبەرزاییەکانی گردی سەیوانەوە، بە دڵێکی غەمگینەوە لەو شارەم دەڕوانی کە ساڵانێکی زۆر، ئەم شاعیرە، فرمێسک و ئەسرینی بۆ ڕشت و جیا لە شاعیرانی سەردەمی خۆی، لەبری سەرهەڵگرتن و هەڵهاتن لێی، بە دیار ئازارەکانییەوە مایەوەو خەم و ماندووبونەکانی لەناو شیعرەکانیدا هۆنییەوە، بەتایبەتیش دوای ڕوخانی میرنشینی بابان، شیعری کردە مینبەری نووسینەوەی خەمەکانی و ئەو شکستە قوڵە، سەیری ئەو هەموو حوزنە: 

لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستە ئەژنۆ، کەف زەنان
گێژەڵووکەی بای نەدامەت تاری کرد صەفحەی جیهان
بەزمی صەیدی ئێمە (صیاد)ی فەلەک کارێکی کرد
رەنگە باڵای تیرقەدان بێتە تەرکیبی کەمان!


بەردەوام لەهەر کون و قوژبنێکدا، دێڕ و وشە و شیعری ئەم شاعیرە ببینم، هەوڵدەدەم چیرۆک و وێنەیان لە خەیاڵداندا بنووسمەوە. ئەم هەستەش لای خۆم ناوناوە: نووسینەوەی چیرۆکەکانی خەیاڵ!


بەدەر لەم شیعرەی کە بۆ ڕووخانی میرنشینی بابان نووسیووە، ئەو وەڵامە شیعرییەی خۆی و نالی دوو شوناسی شیعریی سالمی هاوڕێی چیرۆکەکانی خەیاڵمە. ئەو چامەیە کە بە چامەکەی سالم و نالی ناسراوە، شەرحی ڕۆژگار و ساتی جێهێشتنی سلێمانی و دوورکەوتنەوەی نالییە لە شارەزوور و سلێمانی و ژیانی غوربەت و مانەوەی سالمە لەناو ئازار و ستەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا. کە نالی لەناو غوربەتی شام، دەستپێکی نامەی چامە شیعرییەکەی، بەم جۆرە بۆ دەنووسێت:
 قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور
وەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور
سالم، دەبێ بەڕەوانبێژییەک وەڵامی بداتەوە، لەئاستی نامەکەی ئەودابێ، چ وەک وشەسازیی، چ وەک خەم و ئازاری ناخ:
جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە ھەموو ڕاھی پڕ خەتەر
ئەی میروەحەی جەمالی مەھاسایی دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر


سالمی هاوڕێم... ئەو ساڵەی ئەو مرد، پاش ١٠٨ ساڵ بەسەر مردنەکەیدا، من، نووسەری ئەم دێڕانە لەدایکبووم. هاوڕێیەتییەکەمان بەرهەمی خەیاڵێکی یەکلانەیە و بێ یەکتربینین و دیالۆگ. تەنیا بەرهەمی پاشماوەی وشە و شیعرو خەیاڵی هاوڕێ سالمە و هیچی تر. گەر ئەو بیردۆز و خەیاڵە زانستییە بگوازرێتەوە بۆ سەرزەمینی واقیعی ژیانی مرۆڤەکان، دەکرێ من و دەیان کەسی تری هاوسەردەم و هاوژیانم، بەدەر لە هاوڕێیەتی سالم، ببینە هاوڕێی دەیان شاعیرو غەزەلنووسی وەک مەلا خدری نالی و وەفایی و سەید عەبدولڕەحیمی تاوەگۆزی-مەولەوی و زۆری تریش.
(چ تاوانێکە ئێمە و ئەوان، لەدوو سەردەمی جیاوازدا ژیاین و نەمانتوانی ببینە هاوڕێ و هاودەمی یەکتر و تەنیا لەناو خەیاڵداندا نەبێ؟!)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن