ئه‌ونامانه‌ی جیهانیان گۆڕی (نامەی غاندی بۆ هیتلەر)
11:01 - 25/01/2020
تایبەت بە زەمەن
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم
ئه‌م نامه‌یه به‌ریه‌ککه‌وتنی حیشمه‌ت و ئه‌ده‌بی فریشته‌ییانه‌یه به خولق و خووی شه‌یتانی. له کۆتایی ساڵی ١٩٤٠ دا، ئیمپراتۆریای نازی له ئه‌وپه‌ڕی هێزی خۆیدایه، ئه‌وروپا داگیرکراوه، ئه‌ڵمانیا وا ده‌رده‌که‌وێت که قه‌ت نابه‌زێت، هیتله‌ر نامه‌یه‌کی له هاوتا پێچه‌وانه‌که‌ی خۆیه‌وه پێده‌گات که مه‌هاتما گاندییه و چالاکانه له هه‌وڵی وه‌ده‌رنانی به‌ریتانیایه له هیندستان. گاندی هه‌ڵمه‌تی دژی به‌شداری هیندستانی له جه‌نگدا راگه‌یاندبوو، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که وڵاته‌که‌ی ناکرێت له جه‌نگی ئازادی‌دا به‌شداری بکات له کاتێکدا ئه‌و مافه له خۆی زه‌وت کراوه. (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو ملیۆن و نیو له پیاوانی وڵاته‌که‌ی ته‌ڤلی سوپای هاوپه‌یمانان بوون.)
هه‌ڵسوڕاوه حه‌فتاو یه‌ک ساڵییه هیندییه‌که ساڵی ١٩٣٩ هه‌وڵی دابوو راوێژ بداته هیتله‌ر و له جه‌نگ په‌شیمانی بکاته‌وه، ئێستاش روو له هیتله‌ر ده‌کات‌و خه‌باتی خۆی دژی ئیمپریالیزمی به‌ریتانی دێنێته‌وه بیر. نامه‌که‌ی له حه‌ره‌می خۆی له سیڤاگرام له مه‌هاراشترا نووسیوه، ئه‌و شوێنه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی‌و چوار منداڵه‌که‌یاندا لێی ده‌ژیان. نامه‌که‌ی چه‌نده نایاب بوو؛ هێنده‌ش بێ به‌رهه‌م بوو. هیتله‌ر هه‌رگیز وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، هۆڵۆکۆستی ئه‌نجامدا، رۆیشته ناو روسیاوه و له‌گه‌ڵ که‌وتنی به‌رلینیشدا خۆی کوشت. هه‌ڵمه‌تی گاندیش سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌ریتانیای وا لێکرد سه‌ربه‌خۆیی هیندستان(پاکستانیش) قبووڵ بکات. ماوه‌یه‌کی که‌میش دوای ئه‌وه، گاندی لەلایه‌ن چه‌کدارێکی هیندیی توندڕه‌و تیرۆرکرا.
هاوڕێی هێژا
ئه‌وه‌ی که به هاوڕێ ناوت ده‌به‌م، بابه‌تێکی فه‌رمی نییه. من هیچ دوژمنێکم نییه. کار‌و پیشه‌ی من له ٣٣ ساڵی رابردوودا خستنه‌گه‌ڕی هاوڕێیه‌تی هه‌موو مرۆڤ بووه به‌وه‌ی ببنه هاوڕێی مرۆڤه‌کانی دیکه، به چاوپۆشین له‌وه‌ی سه‌ر به چی ره‌گه‌ز، ره‌نگ یان باوه‌ڕێک بوون.
هیوادارم کات و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ت هه‌بێت که بزانیت ئه‌و بنه‌ما باوه‌ڕیانه‌ی هاوڕێیه‌تی گه‌ردوونی چۆن کرده‌وه‌کانی تۆ ده‌بینێت. ئێمه هیچ گومانمان له ئازایه‌تی و دڵسۆزیی تۆ نییه بۆ خاکی باوانت، پێشمان وانییه تۆ ده‌عه‌جانێک بیت وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌یارانت باست ده‌که‌ن. به‌ڵام نووسین و راگه‌یاندنه‌کانی خۆت و هاوڕێکانت و هه‌وادارانت هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ گومان ناهێڵنه‌وه که زۆر له کرداره‌کانت دڕندانه‌یەو شایانی که‌رامه‌تی مرۆڤ نییه، به‌تایبه‌تیش له لێکدانه‌وەو شه‌ن‌وکه‌وی مندا، که بڕوام به دۆستایه‌تی گه‌ردوونی هه‌یه. بۆ نمونه بێڕێزیکردنی تۆ به چیکۆسلۆڤاکیا، ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر پۆڵه‌ندا و قوتدانی دانیمارک. ئه‌وه‌ش ده‌زانم دیدی تۆ بۆ ژیان وایه که ئه‌و تاڵان و وێرانکارییه به کارێکی شکۆمه‌ندانه ده‌زانیت. به‌ڵام ئێمه له منداڵییه‌وه وا فێرکراوین که ئه‌و کارانه به سوکایەتیکردن به مرۆڤایه‌تی بزانین. بۆیه ناتوانین هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ سوپاکه‌ت بخوازین.
به‌ڵام شوێنگه‌ی ئێمه ته‌واو جیاوازه. ئێمه به‌ره‌وڕووی ئیمپریالیزمی به‌ریتانی ده‌بینه‌وه که له نازیزم که‌متر نییه. ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ک هه‌بێت له پله‌دایه. یه‌ک له پێنجی ره‌گه‌زی مرۆڤ خراوه‌ته ژێر پاژنه‌ی به‌ریتانی به ئامرازگه‌لێک که له تاقه‌ت به‌ده‌ره. به‌ربه‌ره‌کانی ئێمه مانای زیانگه‌یاندن نییه به خه‌ڵکی به‌ریتانی. ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین بیانگۆڕین نه‌ک بیانبه‌زێنین له مه‌یدانی جه‌نگدا. خه‌باتی ئێمه شۆڕشێکی بێچه‌که دژی حوکمی به‌ریتانی. به‌ڵام ئێمه بیانگۆڕین یان نا، ئێمه مکوڕین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حوکمی ئه‌وان کۆتایی پێ بهێنین به رێگه‌ی نا- توندوتیژی و به رێگه‌ی هاوکاری نه‌کردنیان. ئه‌وه شێوازێکه هه‌ر به سروشتی ناتوانرێت ره‌تبکرێته‌وه، له‌سه‌ر مه‌عریفه‌یه‌ک بنیادنراوه که هیچ خراپه‌کارێک ناتوانێت ئامانجه‌که‌ی به‌ده‌ست بهێنێت به‌بێ ئه‌ندازه‌یه‌ک له هاریکاری له لایه‌ن قوربانییه‌که‌یه‌وه؛ ئینجا هاریکارییه‌که به زۆره‌ملێ بێت یان دڵخوازانه. ئه‌وانه‌ی حوکمی ئێمه ده‌که‌ن ره‌نگه ببنه خاوه‌نی خاک و جه‌سته‌ی ئێمه، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن ببنه خاوه‌نی رۆحمان.
ئێمه ده‌زانین پاژنه‌ی به‌ریتانی بۆ ئێمه و بۆ ره‌گه‌زه نائه‌وروپییه‌کانی دنیا مانای چییه. به‌ڵام هه‌رگیز هیوای ئه‌وه ناخوازین به هاوکاری ئه‌ڵمانیا حوکمی به‌ریتانی کۆتایی پێ بێت. ئێمه له خه‌باتی ناتوندوتیژیدا هێزێکمان دۆزیوه‌ته‌وه که ئه‌گه‌ر رێکبخرێت ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تی هه‌ر هه‌موو توند‌وتیژترین هێزگه‌لی جیهان بێت. له ته‌کنیکی ناتوندوتیژیدا، وه‌ک وتوومه، هیچ جێگایه‌ک بۆ مه‌سه‌له‌ی به‌زین و دۆڕان نییه. مه‌سه‌له‌که مه‌سه‌له‌ی ‘بیکه یان بمره’ یه، به‌بێ کوشتن‌و ئازاردان. ئه‌م ته‌کنیکه ده‌کرێت بخرێته‌گه‌ڕ به‌بێ پاره‌و به‌بێ هاوکاری زانست و وێرانکاری که ئێوه گه‌یاندوتانه‌ته لوتکه. پێم سه‌یره تۆ ئه‌وه نا‌بینیت که ئه‌م ته‌کنیکه‌ی ئێمه مۆنۆپۆلی هیچ که‌سێک نییه. ئه‌گه‌ر به‌ریتانیاش نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه هێزێکی تر دێت و به‌سه‌ر شێوازه‌که‌ی تۆدا باڵاده‌ست ده‌بێت و به هه‌مان چه‌که‌کانی خۆت ده‌تبه‌زێنێت. هیچ میراتێک بۆ گه‌له‌که‌ت جێ ناهێڵیت که شانازیت پێوه بکه‌ن. ناتوانن به یادهێنانه‌وه‌ی کرداری دڵڕه‌قانه که به وردی پلانڕێژی کرابێت شانازی بکه‌ن. بۆیه من به ناوی مرۆڤایه‌تییه‌وه داوات لێده‌که‌م جه‌نگ رابگریت.
تۆ ده‌زانیت ماوه‌یه‌کی که‌م پێش ئێستا، داوام له به‌ریتانییه‌کان کرد میتۆدی من له خه‌باتی ناتوندوتیژی قبوڵ بکه‌ن. ئه‌وه‌م کرد چونکه به‌ریتانییه‌کان من وه‌ک هاوڕێیه‌کی هه‌ڵگه‌ڕاوه سه‌یر ده‌که‌ن. من بۆ تۆ و خه‌ڵکی تۆ بێگانه‌م. جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌م نییه چی شتێک داوا له به‌ریتانییه‌کان ده‌که‌م؛ هه‌مان داوا له تۆ و له خه‌ڵکه‌که‌ت بکه‌م. چونکه ئه‌و بابه‌ته هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به به‌ریتانیاشه‌وه هه‌بوو، هێنده په‌یوه‌ندی به تۆوه نییه. به‌ڵام پێشنیاره‌که‌ی من بۆ تۆ زۆر ساده‌تره، چونکه پێشنیارێکی زۆر ناسراوتر و کرده‌یی تره.
له‌م وه‌رزه‌دا که دڵی ئه‌وروپییه‌کان بۆ ئاشتی ناڵه‌ناڵیه‌تی، ئێمه ته‌نانه‌ت خه‌باتی ئاشتیانه‌ی خۆیشمان وه‌ستاندووه. ئایا بۆ تۆ زۆره داوات لێ بکرێت هه‌وڵێک بده‌یت بۆ ئاشتی؟ له سه‌رده‌مێکدا که ره‌نگه بۆ تۆ مانایه‌کی نه‌بێت، به‌ڵام بۆ ملیۆنان ئه‌وروپی که هاوار بۆ ئاشتی ده‌که‌ن و من ده‌یبیستم، مانای زۆره. تۆ بڵێی له‌به‌ر ئه‌وه بێت که گوێیه‌کانی من هاواری ملیۆنان ده‌بیستن؟ به‌ڵێ ده‌یبیستن.
هاوڕێی دڵسۆزت
مه‌هاتما گاندی