هەواڵ

چۆن رۆمانێک بە ١٠٠ رۆژ یان کەمتر دەنووسی؟

10:58 - 02/12/2019 100 جار خوێندراوەتەوە

ڤینۆس فایەق

کردوویەتی بە کوردی
(بەشی سێیەم)

رۆژی 5
بەدەر لە جۆری ئەو کتێبەی کە بڕیارتداوە بینووسیت، لە یەک رێسا زیاتر نییە کە گرنگ بێت، ئەویش ئەوەیە چیرۆکەکەت دەبێت زۆر سەرنجڕاکێش interesting، یان ترسناک، یان گاڵتەجاڕ، یان غەمگین بێت، بەڵام نابێت خوێنەر تووشی بێزاری بکات.

رۆژی 6
شیکردنەوە بکەو فێربە. رۆمانێک لەو جۆرەی کە ئارەزووی نووسینی دەکەیت هەڵبژێرەو جارێکیتر بیخوێنەرەوە، وەک ئەوەی نامیلکەیەک بخوێنیتەوە لەبارەی چۆن دەبیتە ملیۆنێر. جارێکیتریش بیخوێنەرەوە، کتێبەکە بکە بە چەند بەشێکی بچووکەوە، نەخشەیەک بە رووداوەکە لەسەر لاپەڕەیەکی گەورە دروستبکەو لەسەر دیواری ژوورەکەت هەڵیواسە.  

رۆژی 7
هەرچەندە رێسا لەبارەی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانەوە بوونی نییە، ئاگادارییەکی بچووکتان پێشکەش دەکەم. خراپترین هەڵە کە رۆماننووسێک لە نووسینی رۆمانێکدا تێبکەوێت ئەوەیە، پەنا بۆ بیرۆکە گەورەکان بەرێت بۆ ئەوەی چیرۆکێک بنووسێت هەموو جیهان لە خۆیدا کۆبکاتەوە، بەو پێیە گوایە هەتا بیرۆکەکە گەورەبوو باشترە. بەڵام ئەمە راست نییە، با بیرۆکەی چیرۆکەکەت بچووک و چڕ بێت. بەناو رۆحی داهێنانتا بگەڕێ بۆ چیرۆکێکی بچووک کە ناوەرۆک و مانایەکی قووڵی هەبێت، هەموومان کوڕی یەک خێزانین و ئەگەر چیرۆکێک کە بەلای خۆتەوە پڕ مانا و قووڵ بێت بنووسیت، بێگومان بەلای خوێنەریشەوە هەر وا دەبێت. 

رۆژی 8
شوبهاندن هەندێجار دەگاتە رەسەنایەتی، مەشق بکە لەسەر نووسینی کورت کە لە شێوازی جیاواز بچێت. دە دەنگی جیاواز تاقیبکەرەوە هەتا دەگەیتە دەنگی گونجاو. لاسایی دەستێکی تووندوتۆڵی مامۆستایەکی گەورە بکەرەوە، بەڵام لە بیرت بێت: بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆت بنووسە. جۆرج براینی نووسەری رۆمانی (ژورێک لە سەربانەکە) بە: “خۆ ئەگەر دەنگت لەناو هەزاران دەنگدا بیسرا، ئەگەر ناوت لەناو هەزاران ناودا ماناداربوو، ئەوە تەنها هۆ ئەوە دەبێت کە ئەزموونی تایبەتیی خۆتت پێشکەشکردووە.” 

رۆژی 9
لە نووسینی ئەو دیمەن و بەشانەی کە ناگەن بە هیچ جێگەیەک مەترسە، دووریان مەخەرەوە، ئامۆژگاریەکەی “جوان دیدیون”ی ژنە نووسەر پەیڕەو بکە، کە نووسیبووی و لەسەر تابلۆیەک بە دەرزی هەڵیواسیبوو، بۆ ئەوەی دوایی سوودی لێ ببینێت. دەڵێ لە کاتی نووسینی رۆمانی “کتێبی نوێژی هاوبەش”دا دیمەنێکی کاراکتەری (شارلۆت دوگلاس)م نوسیبوو کە دەڕوات بۆ فڕۆکەخانە. دەڵێ دیمەنەکم بە دڵ بوو، کە لە چەند لاپەڕەیەکی پەخشانئاسا زیاتر نەبوو،  بەڵام جێگەی گونجاوی بۆ نەدۆزیبۆوە. دەڵێ: “هەرچی جێگەیەکم بۆ دەستنیشان دەکرد، رێگری دەکرد لە گێڕانەوەکە، لە هەڵەیەک دەچوو لە جێگەیەکدا، بەڵام سووربووم لەسەر بەکارهێنانی.” هەتا لە کۆتاییدا جێگەیەکی گونجاوم لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا بۆ دۆزیەوە. “هەندێجار لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا لە تەنگاوییەک رزگارت دەبێت.” 

رۆژی 10
پێش ئەوەی لەدۆزینەوەی چیرۆکەکەت بینەوە، کێشەیەکی تر سەبارەت بەنووسینی رۆمانت بۆ پشتڕاست بکەمەوە: تەنها لەبارەی شتێکەوە بنووسە کە دەیزانی.  
بێگومان پێشتر گوێت لەمە بووە، قسەیەکی بۆشیشە، بۆ نموونە تۆم کلانسی هەرگیز ئەفسەر نەبووە لەسەر کەشتی ژێردەریا نەبووە، پێش ئەوەی رۆمانی (گەڕان بەدوای ئۆکتۆبەر سوودا) بنووسێت.  ریتشارد باش (باڵندەی نەورەس) نەبووە بۆ ئەوەی (جۆناسان لیڤینجسنونی) نەورەس بنووسێت. خۆ لەجیاتی ئەوەی لەبارەی ئەوەی دەیزانی بنووسیت، دەتوانی لەبارەی ئەوەی حەزت لێیە بنووسیت. گرنگ نییە ئەو شتە چییە، گرنگ ئەوەیە حەزت لێیبێت. بۆ نموونە، ئارتەر گۆلدن، نووسەری رۆمانی (یادەوەرییەکانی کچێکی جیشا) لە یابان دەژیان، بۆ گۆڤارێک ئیشیدەکرد بە ئینگلیزی  لە تۆکیۆ دەردەچوو، ساڵی 1982 بیرۆکەی کتێبەکەی بۆ هات و ساڵی 1986 دوای ئەوەی خەڵاتی نووسینی داهێنەرانەی لە زانکۆی بۆستن پێبەخشرا، دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی کچانی جیشا و لە ناویاندا “کولتوورێکی لاوەکی دۆزیەوە کە یاسای سەیروسەمەرەی تیابوو” پێوستی بە دە ساڵ و چەندین رەشنووس بوو، پێش ئەوەی کتێبەکەی بە دەزگای ئالفرید ا. نوبف بە بڕی250هەزار  دۆلاری ئەمەریکی بفرۆشێتەوە.

رۆژی 11
ئەگەر هەموو شتێکت لەبارەی رۆمانەکەوە نەزانی، باشتر وایە لەو شتانەوە دەستپێبکەیت کە دەیانزانیت. شتێک لەبارەی جێگە یان کەسایەتییەکانی کتێبەکە. ئاسانترە، بۆ بە نووسینی کەسەکان کە پێشتر دەیانناسیت و جێگەکانەوە کە دەیانزانیت دەستبکەیت. 

رۆژی 12
یەکەمجار کارەکتەرەکانت هەڵبژێرە، چونکە هەڵبژاردنیان لە هەڵبژاردنی چیرۆکەکە سەختترە. لە کاتی نووسیندا هەندێجار گێڕانەوەکە دەگۆڕدرێت و هەندێجاریش نا. بەڵام کارەکتەرەکان پەرەدەسەنن و ژیانی خۆیان بەدەست دەهێنن. کە کارەکتەرەکانت پەرەدەسەنن خەسڵەت و سروشتی جیاواز وەردەگرن. هەروەک چۆن هاوڕێ نزیکەکانت دەناسیت، دەشزانیت یەک لە کارەکتەرەکانت لە حاڵەتێکی تایبەتدا دەبێت و چیبکەن و چی نەکەن.  نووسەری رۆمانە مەتەڵئامێزەکان، ئۆکلای هال دەڵێت:(پێویستە لەسەر هەر نووسەرێک گوێ لە پێداویستیی کارەکتەرەکانی بگرێت، دوای ئەوەی کە دەچنە ژیانەوە، پێداگری لەسەر چارەنووسێک بکەن)

رۆژی 13
دەستەیەک لە کارتی مقەبای پێوانەی 5 × 7 ئامادەبکەو لەسەر هەر یەکە لە کارەکتەرەکانت لەسەرەوەی کارتەکە بنووسە، ئینجا بیر لە رۆڵی هەریەک لە کارەکتەرەکان لە چیرۆکەکەتا دەیگێڕن، سروشتی ئەو کەسە: تەمەن، خوێندن، جێگەی لەدایکبوونی، هەروەها ئەگەر تووڕە، رووخۆش، قەڵەو یان ناشرینە. خەسڵەتە سەیروسەمەرەکانی چین؟ ئایا رۆژانە 500 جار دەستەکانی دەشوات؟ گوێی لە دەنگەدەنگە لەسەریدا؟ ئایا لە جۆری ئەو منداڵانە بوو کە حەزی بە ئەشکەنجەدانی پشیلەکان هەیە؟ هەموو ئەمانە بنووسە، زۆر بنووسە، هەتا لە کۆتاییدا دەگەیتە ناسینی ئەو کارەکتەرانە بە شیوەیەکی باش.  ئەلفرێد هیتشکۆک دیمەنی فلیمەکانی لەسەر کارتی مقەبا دەنووسیەوە، هەموو دیمەنێک لەسەر کارتێک، دەیگوت بەم شێوەیە هەتا کاتی وێنەگرتنی فلیمەکە دێت، ئەو پێشتر دیمەنەکانی وێنەگرتوە. 
هەندێ لە کارەکتەرەکان سەرەکین، چیرۆکەکە لە دەوریان دەخولێتەوە، ئەوانیتر بە پلەی دوو دێن، بەڵام گرنگیی خۆیان هەیە، بەو پێیەی هەموو یاریکەرێک لە یاریدا هۆیەک هەیە بۆ بوونی لە یارییەکەدا. خۆ ئەگەر بوونیان لە رۆمانەکەتا بێ هۆ و زیادە بوو، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی چیرۆکەکە بە خاوی بەرەوپێشەوە بڕوات، خاوییش خوێنەر تووشی بێزاری دەکات.

رۆژی 14
زۆربەی رۆمانەکان بەپێی کڵێشەیەکی (صیغة) پێشتر ئامادەکراو دەنووسرێنەوە. بەتایبەت ئەوانەی زۆرترین فرۆشیان هەیە، بۆ نموونە، جۆن بالدوین، نووسەری بەشدار لە رۆمانی (تاعونی یازدەهەم) رۆمانێکی ترس و تۆقاندنی خاوە، کڵێشەیەکی (صیغة) سادەی بەکارهێناوە بۆ بیناکردنی رۆمانەکەی. 
کڵێشەکەی لە دە 10 هەنگاو پێکهاتووە ئەمانەن: 
1 پاڵەوانەکە پسپۆڕە (تایبەتمەندە لە بوارێکدا.)
2 پیاوخراپەکە پسپۆڕە (تایبەتمەندە لە بوارێکدا.) 
3 دەبێ هەرچی بێئەدەبی و بێناموسی هەیە بەسەر شانی پیاوخراپەکەوە ببینین.
4 لە پشت پاڵەوانەکەوە تیمێک لە پسپۆڕەکان لە هەموو بوارەکاندا دەوەستن. 
5 دوو یان زیاتر لەو تیمە دەبێت لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیدا بن. 
6 دوان یان زیاتر لەو تیمە دەبێت بمرن. 
7 پیاوخراپەکە دەبێت لە گرنگیدانی بە ئامانجە سەرکییەکەی بۆ لای تیمەکە لابدات. 
8 دەبێت هەردوو پاڵەوانی چاک و خراپ بمێننەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بەرانبەر یەکتر شەڕبکەن. 
9 دەبێت حاڵەتەکانی مردن لە گۆشەنیگایەکی تاکە کەسییەوە پێشکەش بکرێت، ئینجا بەرەو لای کۆمەڵ: واتا هەرگیز نەکەی بڵێیت بۆمبێک تەقییەوە و پازدەهەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بەمە دەستپێبکە: “جیمی و سوزی لە باخێکی گشتیدا لەگەڵ نەنکیان پیاسەیان دەکرد، کاتێک زەوی قڵیشایەوە. 
10 ئەگەر نشوستیت هێنا لەوە، لە چیرۆکەکەتا بەرەو پێشەوە بڕۆیت، ئەوەی پێویست دەکات بیکەیت ئەوەیە کەسێک بکوژیت.
زۆرن کڵێشە ئامادەکراوەکان. کاتێک ئێرنست هەمنگوای وەکو رۆژنامەنووسێکی گەنج، بوو بە پەیامنێری رۆژنامەی کەنساس سیتی ستار، لاپەڕەیەکیان دایە، لەگەڵ کۆمەڵێک رێنمایی کە چوار رێسای دیاریکراوی تیابوو، ئەمانەن: 
• رستەی کورت بەکاربهێنە.
• پەرەگرافی کورت بەکاربهێنە.
• زمانێکی زیندوو بەکاربهێنە.
• شێوازی سەلماندن بەکاربهێنە نەک نەفیکردن. 
دوای چەندین ساڵ کە پرسیار لەبارەی ئەو رێسایانەوە لە هەمنگوای کرا، گوتی: “ئەوانە باشترین رێسا بوون فێریان بووم لە ژیانمدا لە بواری نووسیندا و هەرگیز بیرم نەچوونەتەوە. کەس نییە ئەگەر کەمترین بەهرەی هەبێت و هەست بکات بە راستگۆیی دەنووسێت، نشوستی بهێنێت، ئەگەر پابەندی ئەو رێسایانە بێت.”

* ئەم کتێبەی(جۆن کوین) ئەزموونێکە لەسەر شێوازی رۆماننووسین، هاوکارمان خاتوو ڤینۆس فایەق کردوویەتی بە کوردیی و بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە.

ئەم بابەتە لە پاشکۆی کولتوری ژمارە ٤٤ی ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن